شیلان ئیجۆ: لەلایەن دایکمەوە ئیلهامی وێنەکێشانم وەرگرت

شیلان ئیجۆ کە لە تەمەنی منداڵیدا فێری وێنەکێشان بوو، وتی: من لە دایکمەوە ئیلهامم وەرگرت و دەستم کرد بە وێنەکێشان.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- هەموو کەسێک لە ژیاندا خەیاڵێکی جیاوازی هەیە، شیلان ئیجۆ یەکێکە لە منداڵەکانی عەفرین، کۆچ دەکات بۆ کانتۆنی شەهبا لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، شیلان ئیجۆ لەگەڵ خێزانەکەی لە ناوچەی ئەحداسی سەربە شەهبا دەژی، تەمەنی ١٢ ساڵە و لە تەمەنی ٨ ساڵیدا فێری وێنەکێشان بووە، ئێستاش ئەندامی لیژنەی فۆتۆگرافی هەرێمی عەفرینە، شیلان بەو تەمەنە بچووکەوە بەشداری چەندین پێشەنگا و فێستیڤاڵی کردووە.

 

لە تەمەنی ٨ ساڵیدا دەستیکرد بە وێنەکێشان

لە سەرەتای قسەکانیدا شیلان ئیجۆ باسی لە هەنگاوی یەکەمی وێنەکێشانی کرد و وتی: من لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە وێنە دەکێشم، من ئیلهامی وێنەکێشانم لە دایکم وەرگرت چونکە ئەو وێنەکێشە، دوای ئەوەی لە عەفرین کۆچمان کرد و لە شەهبا نیشتەجێ بووین، لیژنەی فۆتۆگرافیمان دامەزراند و شوێنی خۆمان گرت، من سەرەتا ڕاهێنانی فێرکاریم تێپەڕاند، هەتا گەیشتمە ئاستی وێنەکێشانی گەورە و تابلۆکان، من گەنجترین ئەندامی لێژنەی وێنەکێشانم و بە وێنەکانم بەشداریم لەو پێشەنگایانە کرد کە لە شەهبا کرایەوە، ناوەڕۆکی ئەو پێشەنگایانەی کە بەڕێوەچوون سەبارەت بە بەرخۆدانی خەڵکی عەفرین و کۆچکردن بوو، تیشکخمان خستەسەر ئازارەکانی ئەو منداڵانەی کە خوێندنگەکانیان و خەونەکانیان جێهێشتووە.

 

بەشداری لە پێشەنگا و فێستیڤاڵەکاندا کردووە

شیلان ئیجۆ باسی لە ناوەڕۆکی ئەو تابلۆیانە کرد، کە کێشابووی و بەردەوام و وتی: ناوەڕۆکی ئەو تابلۆیانەی کە دەیانکێشم تایبەتە بە مافەکانی خەڵکی چەوساوە، لە هەمانکاتدا وێنەیەکی تری من نیوەی ڕووی ئەو ژنەیە و نیوەکەی تر ڕۆژەکەیە، مانای ئەم تابلۆیە ئەمەیە: ژن هەمیشە ڕووناکی دەبەخشێتە ژیان، من لە چوار پێشەنگا و فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم کە لە حەلەب بەڕێوەچوو بەشداریم کرد، هەروەها وێنەکانم لە پێشەنگای قامیشلۆ پێشکەشکران و ناوەڕۆکیش سەبارەت بە ئازاری خەڵکی عەفرین بوو، لە ڕێگەی ئەو وێنانەی کە دەیانکێشم، هەوڵدەدەین دەنگ و ڕەنگی کۆمەڵگەی عەفرین و ئازارەکانیان بگەیەنین بە جیهان.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شیلان ئیجۆ باسی لە دۆخی کۆچکردن و ئەو دژوارییە کرد کە دەیبینن و ئاماژەی بەوەکرد کە سەرەڕای هەموو شتێک دەستبەرداری بەرژەوەندی خۆیان نابن و وتی: ئێمە ئێستا لە شەهبا لەناو دۆخی گەمارۆدان و کۆچکردن دەژین، دیسان ئەمە ڕێگر نییە لە پێکهێنانی خەیاڵ، ئێمە ڕاهێنانی وێنەکێشانمان لەبەردەم سەرمادا دەبینین، بەڵام ئێمە خۆبەدەستەوەدان قبوڵ ناکەین، ئێمە بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانی خۆمان بەرامبەر ئەو گەمارۆیەی بەسەرماندا سەپێنراوە.