شێوە بە وێنەکانی جوانی سروشتی ڕاپەڕین دەردەخات

لە دەڤەری ڕاپەڕین ژنانی گەنج دەیانەوێت کار بکەن و جێ دەستیان دیاربێت، شێوە ڕەسوڵ فۆتۆگرافەرێکە و بە وێنەی سروشت جوانی دەڤەرەکە دەردەخات.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- شێوە ڕەسوڵ ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری ڕانیەیە، لە ساڵی ٢٠١٠ەوە دەستکردووە بە کاری فۆتۆگرافی سروشت و وەک خۆی دەڵێت لەو ساڵانەی ئەو دەستیپێکردووە هێندە بواری فۆتۆگرافی لە ناوچەکەدا بەرفراوان نەبوو.

 

شێوە باسی لە حەز و خولیاکانی خۆی کرد بۆ کارەکەی، کە لە سروشتەوە سەرچاوەی گرتووە و لە کاتی گەشتەکانی بۆ چیا و ناوچە جیاوازەکان ویستوویەتی ئەوەی بە چاوی دەیبینێت، بمێنێتەوە و نیشانی خەڵکیشی بدات، ئەو فۆتۆگرافەرە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە کامێرەیەکی دیجیتاڵی کڕی و زیاتر پەرەی بە تواناکانیدا و هاوڕێکانیشی هاوکاری بوون.

 

شیوە دەرچووی کۆلیژی ئەندازیارییە لە زانکۆی سلێمانی، لەو کاتەی خوێندکار بووە، لە ناو بازاڕی شاری سلێمانی و شوێنە گشتییەکان وێنەی خەڵکی گرتووە، بەڵام بەهۆی خوێندنەوە نزیکەی دوو ساڵ لە وێنەگرتن دابڕاوە، دەشڵێت: دوای تەواوکردنی خوێندن دووبارە دەستم کردەوە بە وێنەگرتن و هەوڵمدا بە شێوەیەکی ئەکادیمی فێرببم، بۆیە بەشداری چەندین خولی ڕاستەوخۆ و ئۆنلاینم لە سلێمانی و هەولێر کرد.

 

بەشداریکردن لە خولەکاندا، دیدگای شێوەی زیاتر فراوان کرد، لەوبارەیەوە دەڵێت: "ڕاستە چاو بەشێکی سەرەکییە بۆ فۆتۆگرافەر، چاو بینینێکی جیاوازی هەیە، بەڵام بە یاساکانی فۆتۆگرافی دەتوانین وێنەیەکی باشتر بگرین، ئەگەر یاساکان جێبەجێ بکرێت، وێنەکە جوانتر دەبێت و سەرنجی خەڵک زیاتر ڕادەکێشێت"، شێوە بە وێنەکانی بەشداری ١٤ پێشانگای گشتیی لە هەرێمی کوردستان کردووە و پێشەنگایەکی تایبەتیشی کردووەتەوە.

 

شێوە وێنەی سروشتی کوردستان نیشان دەدات

شێوە دەگەڕێت و وێنەی سروشتی کوردستان دەگرێت، دەڵێت: من شاخەوانم گەشت دەکەم بۆ زۆر شوێن کە ڕێی سەیارەی نییە، هەندێک شوێن هەیە کە تەنها ئەو کەسانە دەیبینن کە شاخەوانن یان کە حەزی ئەوەیان هەبێ زۆر بەپێ بڕۆن و بگەن بە شوێنێکی تایبەت و جیاواز، پێم خۆشبوە ئەو وێنانە دانێم لەو پێشانگایانەدا، زۆر کات وێنەم داناوە هەر شوێنی ناسراوی کوردستان بووە، بەڵام پێیان سەیر بووە، وتوویانە لە کوێوە ئەو وێنەیەت گرتووە ئێمە ئەوێمان بینیوە بەڵام بەو جۆرە نەمان بینیوە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا شێوە باسی لەوەکرد، هەندێک کات قسەی کۆمەڵگە ڕووخێنەرە، بەوە کە دەڵێن کچ نابێت بڕوانە شوێنی دوور بۆ وێنە گرتن، وتیشی: ئەوانە هیچیان کاریان تێنەکردووم، زۆرکات هەبووە پێی بێتاقەت بووم، ڕەنگە هەندێکجار واملێهاتبێ کە لەبەر قسەی کۆمەڵگە وازبهێنم، بەڵام هێزم داوەتە خۆم و وتوومە کە ئامانجێکم هەیە دەبێت پێی بکەم، دەبێت من وەکو کچێک لە ڕانیە لە بوارەکەی خۆمدا بەردەوام بم، بۆیە هیچ گوێم نەیاوەتە ئەو ڕێگریانە.