شارێکی ونبووی پاکستان کە ٤٠ هەزار کەسی تێدابووە، دەدۆزرێتەوە

لە دەشتە تۆزاوییەکانی سندیی ئێستا لە باشووری پاکستان پاشماوەی یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین شارە کۆنەکانی جیهان هەڵکەوتووە، کە زۆربەی خەڵک هەرگیز ناوییان نەبیستووە.

بێریڤان کەمال

 

سلێمانی- سند یەکێکە لە چوار پارێزگای پاکستان، دەکەوێتە ناوچەی باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە، سێیەم گەورەترین پارێزگای پاکستانە لە ڕووی ڕووبەری زەوی و دووەم گەورەترین پارێزگای پاکستانە لە ڕووی ژمارەی دانیشتووانەوە لە دوای پەنجاب.

 

ملیۆنان خشتی سوور ڕێڕەوی ڕۆشتن و بیرەکانیان پێکهێناوە، تەواوی گەڕەکەکان بە شێوەیەکی تۆڕیی بڵاوبوونەتەوە، پەرستگای کۆنی بوداییەکان بەسەر شەقامە کۆنەکاندا بەرزبووەتەوە، لەگەڵ مەلەوانگەیەکی گەورە کە تەواو بووە لەگەڵ پلیکانە فراوانەکانی بۆ خوارەوە.

 

نزیکەی کاتژمێرێک لە دەرەوەی شارۆچکە تۆزاوییەکەی لارکانا لە باشووری پاکستان لە شوێنی مێژوویی موهێنجۆ -دارۆ، نزیکەی ٤٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر دروستبووە، ئەمە تەنها یەکێک نەبووە لە شارە سەرەتاییەکانی جیهان، بەڵکو شارێکی گەورە و گەشەسەندوو بووە، کە ژێرخانی زۆر پێشکەوتووی تێدابووە، لەکاتێکدا ئەمڕۆ تەنها وێرانەیەک لە شارەکە ماوەتەوە.

 

مۆهینجۆ-دارۆ، کە بە زمانی سندی بە واتای "کۆمەڵگەی مردووەکان" دێت، گەورەترین شاری شارستانیەتی دۆڵی ئیندوس بووە، بە "هاراپانیش" ناسراوە، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستانەوە تا باکووری ڕۆژئاوای هیندستان لە سەردەمی برۆنزیدا حوکمڕانی دەکرد، پێدەچێت زیاتر لە ٤٠ هەزار کەسی تێدا نیشتەجێ بووبێت، مۆهینجۆ دارۆ لە ساڵی ٢٥٠٠ تا ١٧٠٠ پێش زایین ئاوەدان بووە.

 

سەردەمی برۆنزی قۆناغێکی مێژووییە، بە نزیکەیی لە ٣٣٠٠ پێش زایین تا ١٢٠٠ پێش زایین بەردەوام بووە، تایبەتمەندی سەردەمەکە بریتیبووە لە بەکارهێنانی برۆنزی و بوونی نووسین لە هەندێک ناوچە و تایبەتمەندییە سەرەتاییەکانی تری شارستانیەتی شارەکان.

 

لە مێژوودا بە کەمی باسی مۆهینجۆ-دارۆ کراوە، کەم کەسیش ناوی بیستووە

بە بەراورد بە شارەکانی میسری کۆن و میزۆپۆتامیا کە لە دەوروبەری هەمان سەردەمدا گەشەیان کردووە، کەم کەس ناوی مۆهینجۆ-دارۆیان بیستووە، تا ساڵی ١٧٠٠ پێش زایین وازی لێهێنراوە و تا ئەمڕۆش کەس بە تەواوی دڵنیا نییە کە بۆچی دانیشتووانەکەی ڕۆیشتوون و بۆ کوێ چوون.

 

شوێنەوارناسەکان بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩١١دا هاتوونەتە شارەکە، دوای بیستنی ڕاپۆرتەکانی خشتکاری لە ناوچەکە، بەڵام دامەزراوەی شوێنەوارناسی هیندستان-ASI ئاماژەی بەوەداوە کە خشتەکانی کەلەپووری نییە، بەڵام شوێنەکە بۆ چەندین ساڵ بەبێ تێکچوون ماوەتەوە.

 

لە ساڵی ١٩٨٠ وەک شوێنێکی میراتی جیهانی یونسکۆ ناسێندراوە، ئەو پاشماوەیانەی کە دۆزییانەوە ئاستێکی شارنشینییان ئاشکرا کرد، کە پێشتر لە مێژوودا نەبینراوە، یونسکۆ ستایشی مۆهینجۆ-دارۆی کردووە وەک "باشترین ناوچەی پارێزراو" لە دۆڵی ئیندوس.

 

ڕەنگە سەرسوڕهێنەرترین تایبەتمەندی شارەکە سیستەمێکی پاکوخاوێنی بووبێت. کە زۆر لە هاوچەرخەکانی زیاتر بووە، لە کاتێکدا ئاوەڕۆکانی تایبەت لە میسر و میزۆپۆتامیا بینراوە، تایبەتمەندی دەوڵەمەندەکان بووە.

 

شوێنەوارناسەکان دەستیان بە دۆزینەوەکانیان کردووە

لەوەتەی هەڵکەندنەکان دەستیپێکردووە، زیاتر لە ٧٠٠ بیر دۆزراونەتەوە، ئەمە جگە لە سیستەمێکی حەمامە تایبەتەکان، لەنێویاندا "حەمامێکی گەورە" بە قەبارەی ١٢ بە ٧ مەتر هەبووە کە گشتی بووە و لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە بەکارهێندراوە، دانیشتوانی شاری مۆهینجۆ دارۆش لە کەشوهەوا و ژینگەی خۆیان تێگەیشتوون، سەکۆی بەرگری لافاو و سیستەمی ئاوەڕۆی سەرنجڕاکێشیان دروستکردووە، بۆ ئەوەی خۆیان لە لافاوەکانی ساڵانە بپارێزن.

 

توانای شارەزایی مۆهینجۆ-دارۆ لە هونەرەکانی پاکوخاوێنی و فڕێدانی ئاوەڕۆ تاکە تایبەتمەندی پێشکەوتوو نەبووە کە دانیشتووانەکەی لە شارستانییەتە سەرەتاییەکانی دیکە جیاکردەوە، شوێنەوارناسان ئاماژەیان بە بەکارهێنانی کەرەستەی بیناسازی ستاندارد کردووە، سەرەڕای کەمی ئامێرەکان.

 

سیمایەکی ئەندازیاری ورد لەو شارەدا هەست پێدەکرێت

هەموو خشتەکان ڕێژەیان ٤:٢:١ یە، تەنانەت ئەگەر شێوەیان وەک یەک نەبێت، بەڵام هەموو ئەم خشتانە پەیڕەوی ئەوەدەکەن کە هەست دەکەیت شارەکە لەسەر بنەمای ڕێژە دروستکراوە و هەموو شتەکان بە ئەندازەی تایبەت کراوە هەر بۆیە بەڕوونی تێگەیشتنێک لە بیرکاری و ئەندازە هەیە.

 

خشتەکان، لە قوڕ دروستکراون، دوای وشککبوونەوەی بەر خۆر کراونەتە ناو کورەوە، بۆیە تەلارسازی باڵا وەک کۆشک و پەرستگا و نیشاندەرەکانی تری بە شێوەیەکی بەرچاو لە دیزاینی موهێنجۆ-دارۆدا نەبوون.

 

دەیان شەقامی تاڕادەیەک تەسک لە تۆڕێکی پلان بۆ داڕێژراودا بڵاوبوونەتەوە، کە گۆشەی ٩٠ پلەی تەواویان هەیە، دەرگای ماڵەکان شوێنی داخستن و کلیلیان بۆ بەکارهێناوە کە جیاواز نەبوون لەوەی کە ئەمڕۆ لە هەر خانوویەک یان بینایەک دەیدۆزیتەوە، لەناو ئەو شوێنەوارانەدا دوو پەیکەر هەبوون: یەکێکیان ژنێکی گەنج بوو، کە خشڵی پێوەبوو و شێوازێکی قژی ئاڵۆز بوو.

 

زۆرجار نووسینە کۆنەکان نهێنی شارستانییەتەکان ئاشکرا دەکەن، بەڵام ئەمە لە مۆهینجۆ-دارۆدا نەبووە، چونکە دانیشتووانەکەی ڕێنووسی دۆڵی ئیندوسیان بەکارهێناوە، زمانێکی وێنەیی بووە و زیاتر لە ٤٠٠ نیشانەی تێدابووە و تا ئێستاش کۆد نەکراوەتەوە.

 

پێشبینی دەکرێت بەهۆی کەشوهەواوە شارەکە چۆڵکرابێت

بە کۆی گشتی توێژەران دڵنیا نین کە بۆچی بەڕاستی شارەکە لە دەوروبەری ساڵی ١٧٠٠ پێش زایین جێهێڵراوە، هەرچەندە بە شێوەیەکی بەرفراوان پێیانوایە کە هۆکارەکانی کەشوهەوا کاریگەری هەبووە.

 

لە دەوروبەری ساڵی ١٩٠٠ پێش زاین گۆڕانکارییەک دەبیندرێت، شوێنەواری کەمتری ئەو کەسانەی لە شارەکەدا دەژین لە تۆماری ماددیدا دەستدەکەن بە دەرکەوتن، ئەوە نییە کە هەمووان نەمابێتن، بەڵام هەمان چڕی دانیشتووانیان نییە وەک ماوەکانی پێشووتر.

 

ئێستا دوای چەند هەزار ساڵێک، شارەکە جارێکی دیکە مەترسی لەسەرە، دوای ئەوەی لە مانگی ئابی ٢٠٢٢دا لافاوێکی وێرانکەر لە پاکستان ڕوویدا، پلانێکی درێژخایەن بۆ ناوچەکە نەک تەنها سوودی بۆ شوێنەوارەکە دەبێت، بەڵکو بۆ ئەو خەڵکە زۆرەی ناوچەکە کە لە دەوروبەری دەژین.