پێشەنگا و فێستیڤاڵەکان دەرفەتی بە بازاڕکردن بۆ کاری دەستی ژنان دەڕەخسێنن

لە شارۆچکەی سەیدسادق فێستیڤاڵێک بۆ بە بازاڕکردنی بەرهەمە خۆماڵی و کارە دەستیەکانی ژنان دەستیپێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- دوێنێ، ٢١ی شوبات ڕێکخراوی کوردیۆ لە شارۆچکەی سەیدسادق فێستیڤاڵی دەستڕەنگینی بۆ ژنانی خاوەن بەهرە و دەستڕەنگینی سنوری شارەزوور و دەوروبەری کردەوە.

 

ئامانجی فێستیڤاڵەکە ڕەخساندنی دەرفەت و بە بازاڕکردنی بەرهەمی خۆماڵی و بەرهەمە دەستییەکانی ژنانی سنورەکەیە، تا لە ڕێیەوە ئابووری سەربەخۆی ژنان دابمەزرێت.

 

عائیشە بەهادین، ژنێکی دەستڕەنگینە و لە سلێمانیەوە هاتووە، بەرهەمەکانی بریتین لە کەلانە، کوبەی گۆشت و مریشک، سنگی مریشک و چای سەماوەریشی داناوە، کە سیمایەکی کولتووری جوانی بە فێستیڤاڵەکە بەخشیوە، وەک خۆی دەڵێت ماوەی پێنج ساڵە ئەو کارە دەکات و جگە لە بەشداریکردنی فێستیڤاڵەکان لە ڕێگەی ئۆنڵاینەوە بەرهەمەکانی دەفرۆشێت.

 

کارکردن ئاسودەی دەبەخشێتە دەروون

ئەڵوەن مەحمود ژنێکی دیکەی دەستڕەنگینە و لە شاری هەڵەبجەوە بەشدارە، کارە دەستییەکانی مۆرکی کوردیان پێوە دیارە، کە پێکدێن لە حێل و مێخەک، شمڵی و کڵاو وکۆڵوانە و ئێکسسواراتی جلی کوردی دیکە، کە هەموو بەرهەمەکانی دەستین، ئەڵوەن دەڵێت: بەرهەمەکانم لە ڕێگەی پێشەنگا و فێستیڤاڵەکان، یان لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە دەفرۆشم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.

 

ئەڵوەن دەڵێت کارکردن بۆ ژنان هەم لە باری مادییەوە بەسودە، هەم دەرونییە، چونکە مادییەکە واتلێدەکات پشت بە خۆت ببەستیت و هاوکاری خێزانەکەت بیت، هەروەها دەشبێتە هۆی ئاسودەیی دەروون.

 

سۆزان شەعبان ژنێکی دیکەی دەستڕەنگینە و لە شاری هەڵەبجەوە بە کارە دەستییە تایبەتەکانیەوە بەشدارە، ماوەی سیانزە ساڵە کاری بەرگدرووی دەکات و هەشت ساڵە کاری چنین و کاری دەستی دەکات، بەشداری چەندین پێشەنگا و فێستیڤاڵی لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان کردووە، دەڵێت: پێشوازی خەڵک لە بەرهەمەکانمان زۆر باشبووە، ئەویش بەهۆی نزیکبوونەوەی بەهارەوەیە، لە ئێستاشدا ژنان زیاتر ئارەزووی بەرهەمە کولتووری و شێوازە کۆنەکان دەکەن و بەکاریدەهێنن.

 

ساڵانە لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی بەهار کردنەوەی پێشەنگا و فێستیڤاڵ بۆ بەرهەمی خۆماڵی و کاری دەستی ژنان دەکرێتەوە، ئەم فێستیڤاڵەش دوێنێ دەستیپێکرد و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.