زمان شوناسی نەتەوەیە، بەڵام زمانی کوردی هەوڵی پاراستنی نادرێت
زمان بەشێکە لە شوناسی نەتەوە و کۆمەڵگە، زمانی كوردیش یەکێکە لە زمانە دێرینەکان و بنچینەی چەندین زمانی جیهانە کە له كۆتایی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی زمانی مادده‌كانه‌وه ده‌ستیپێكردووه.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- زمان ئامڕازێکە کە مرۆڤ چ وەکو تاکەکەس و چ وەکو نەتەوەش بوونی خۆیی پێدەردەبڕێت و گوزارشتی پێدەکات، یەکێکە لەو پێکهاتە گرنگانەی کە هەر نەتەوە و گەلێکی پێدەناسرێتەوە و بەشێکە لە شووناسی نەتەوە و کۆمەڵگە.
زمان بەهۆی فاکتەرە كۆمه‌ڵایه‌تییەکان به‌پێی ڕێسا دیاریكراوه‌كانی خۆی ده‌گۆڕدرێت، په‌ره‌ده‌ستێنێت و له ڕه‌وتی پهرهسەندنیدا كاریگەری دەکاتە سەر زمانه‌كانی دیکە و زمانه‌كانی تریش كاریگه‌رییان له‌سه‌ر ئه‌و ده‌بێت، زمانی دایكیش له‌م ڕێسایه به‌ده‌ر نییه و كارتێكه‌ری لەسەر بووە له گشت ئه‌و زمانانه‌ی كه به هۆی پشتگیرییه‌ك له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتێكی سیاسیه‌وه بوونەتە فەرمی.
زمانی کوردی، ئەو زمانەیە کە خەڵکانی نەتەوەی کورد لەسەر جوگرافیای کوردستان وەک زمانێکی ڕەسمی قسەی پێدەکەن، ئەم زمانە چەندین شێوەزاری جیاوازی هەیە و بەسەر کرمانجی ژوور‌و، کرمانجی خواروو، کرمانجی ناوەڕاست دابەشبوون.
تا ساڵانی پێش ١٩٣٠ ئەلفوبێی عەرەبی بەکاردەهێندرا و لە باشوری کوردستان، جەلادەت عەلی بەدرخان لە ساڵی ١٩٣٢ ئەلفوبێی لاتینی بۆ زمانی کوردی لە باکوری کوردستان داهێنا کە ئێستا بە ئەلفوبێی " بەدرخان " دەناسرێت.
زمانی کوردی لەژێر مەترسی لەناوچووندایە، زمانی کوردی لە باکور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ژێر سایەی دەوڵەتانی دەسەڵاتداردا قەدەغەیە لە خوێندندا و کوردان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی دەبنەوە لە فێربوونیدا لە باشوری کوردستانیش زمانی کوردی پشتگوێخراوە.
مێژووی سەرهەڵدانی زمانی کوردی
شارەزایانی زمان کۆکن لەسەر ئەوەی چەندین هۆکار کاریگەری لەسەر سەرهەڵدانی زمانی کوردی هەیە، لە ڕووداوە کۆمەڵایەتییەکان و مێژووی و سیاسییەکان و دەسەڵاتداری و حوکمڕانی، لە ناوچەکانی کوردستانیش ئاسەواری مرۆڤی ٦٠ هه‌زار ساڵ له‌مه‌وبه‌ری تیادۆزراوەتەوە کە کردوویانەته شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان، زمانی هه‌ر هه‌رێمێك ئه‌گه‌ر ڕووداوه مێژووییه‌كان نه‌یان گۆڕیبێت زمانی دانیشتوانی كۆنی هه‌مان هەرێمە.
مادده‌كان له ماوه‌ی ٢٠٠ ساڵدا و له ساڵی ٦١٢ پێش له‌دایكبوونی مه‌سیح ئمپڕاتۆریەتی گه‌وره‌ی مادددیان بنیات نا و زمانی دایك بوو به زمانی فەرمی، له‌وكاته‌وه تا بڵاوبوونه‌وه‌ی ئاینی ئیسلام له كوردستان، سێزده سه‌ده تێپه‌ڕی له‌م ماوه دوور و درێژه‌دا دەوڵەتی مادد گه‌وره و بچوك بووه و دەوڵەتەکانی تر پێوەی په‌یوه‌ست بوون، له بابه‌تی سیاسی و سه‌ربازییه‌وه ئاڵوگۆڕی زۆركراوه له‌و هه‌رێمانه‌دا و ده‌سه‌ڵاتی سیاسی كه‌وتووەته ده‌ستی كه‌سانی جۆراوجۆر كه زمانه‌كه‌یان جیاواز بووه له‌گه‌ڵ زمانی مادده‌كان، هه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارییه‌ك كه حوکمڕانی کردووە زمانی خۆی وه‌ك زمانی فەرمی سه‌پاندووه به‌سه‌ر ئه‌م ناوچه‌دا.
له بارودۆخی ئه‌و سه‌روده‌مه‌دا كه گشت بوونه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان لاواز ببوون و ڕوو له نێو چوون بوون، ئاڵوگۆڕه سیاسیەکان نه‌یانده‌توانی له‌سه‌ر بوونه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان كاریگەرییان نه‌بێت، مێژوو هه‌ندێک له ڕووداوه‌كانی تۆمار كردووه كه ده‌سه‌ڵاتی سیاسی به‌سه‌ر هه‌رێمێكدا بووەته هۆی گۆڕانی بنچینه‌یی نه‌ژادی و چه‌ق به‌ستنی زمانه‌وانی، ئه‌مڕۆ كه شوێنپێی كاریگه‌ری ئاڵوگۆڕی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له به‌شی ڕۆژهه‌ڵاتی ئیمپڕاتۆری ماد‌دا به ڕوونی ده‌بیندرێت به‌پێچه‌وانه له به‌شی ڕۆژئاوای هه‌رێمی ماد‌دا بنیاته‌كان هه‌روا وه‌ك خۆی ماونه‌ته‌وه.
حوكمڕانی مادده‌كان هاوسه‌نگی ڕه‌چه‌ڵه‌كی و زمانه‌وانی هه‌ندێ له‌و هه‌رێمانه‌ی كه په‌یوه‌ست بوون به ئیمپڕاتۆری مادده‌كانه‌وه، گۆڕیوه و په‌لكێشی گه‌شه‌ی بابه‌تی مادده‌كانی كردوون و هاوکات له‌گه‌ڵ به‌شی ڕۆژئاوای ده‌سه‌ڵاتدارێتی خۆیان بووەته هۆی گه‌شه‌كردنی ئه‌وانیش.
دەوترێت کوردەکان نەوەی ماددەکانن
زۆربه‌ی مێژووناسانی به‌ناوبانگ له‌سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه كورده‌كانی ئه‌مڕۆ نه‌وه‌ی مادده‌كان بن، دانیشتوانی ئه‌م ناوچه واته مادستانی كۆن، كورده‌كانن، كه به نه‌وه‌ی میدیه‌كان ده‌ژمێردرێن، ده‌توانین بڵێین زمانی كوردی زمانێكه كه له كۆتایی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندنی زمانی مادده‌كانه‌وه ده‌ستی پێكردووه و جگه له‌مه ڕاستیه‌كی تر نییه، چونكه هه‌موو به‌ڵگه مێژوویه‌كان كه زانایان به مه‌به‌ستی خزمه‌تی زانستی توێژینەوەیان لەسەرکردووە، ئەو ڕاستیەیان بۆ دەرکەوتووە كه زمانی كوردی ئاسه‌وار و هێماكانی په‌ره‌سه‌ندووی زمانی ماددی تیادایه.
پاراستنی زمانی کوردی
نەبوونی پلان و بەرنامەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندە ئەکادیمییەکان بۆ پاراستی زمان و فەرهەنگی کوردیی، لە کۆمەڵگەی كوردەوارییدا لە سەرجەم بوارەکاندا گیروگرفتی یەكجار گەورەیە کە پێویستە کاری لەسەربکرێت.
ڕۆژانە گۆڕانکاری لە زمانی کوردی‌دا دەکرێت و وشە و دەستەواژە و زاراوەی نوێی تەكنیكی دەردەکەون، بەهۆی نەبوونی ناوەندێکی تایبەتمەندی چالاک، هەركەس بە ئارەزووی خۆی وشەیەك دادەتاشێت و زۆرجاریش ئەو گۆڕانکارییانە لەسەر بنەمایەکی زانستی نەکراوە و هەڵسەنگاندنی بۆ نەکراوە و دەبێتە هەڵەیەكی باو و زاڵ.
لە هەموو وڵاتێكدا دەزگای تایبەتی ئاکادیمی هەیە بۆ دیارییکردن و دانانی وشە و دەستەواژەیی نوێ، بۆئەوەی هەر كەسێك بۆی نییە سەربەخۆ لەلای خۆیەوە بە ئارەزووی خۆی بێت بڕیار بدات و وشە دابتاشێت و گۆڕانکاری لە وشەدا بکات، چونکە بەو شێوازە دەبێتە هۆی شێواندنی زمانی فەرمی وڵات و لەسەر ڕەوتی زانستی لادەدات توشی کێشە و گرفتی دەکات.