مەیدانی نەخشی جیهان، خاوەن جوانییەکی بێوێنە

مەیدانی نەخشی جیهان، یەکێکە لە جوانترین شوێنەوارەکانی شاری ئەسفەهان لە وڵاتی ئێران، شوێنی کۆبوونەوەی بەشێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئەو شارەیە لەسەر ڕووبەری ٨٥ هەزار مەتر چوارگۆشە.

بێریڤان کەمال

مەیدانی نەخشی جیهان، یەکێکە لە جوانترین شوێنەوارەکانی شاری ئەسفەهان لە وڵاتی ئێران، لە ڕاستیدا شوێنی کۆبوونەوەی بەشێک لە شوێنەوارە دێرینەکانی ئەو شارەیە وەک بازاڕی قەیسەری.

 

ئەم گۆڕەپانە ناوازەیە لە جوانیدا، لەسەردەمی حوکمڕانییە جیاوازەکاندا چەندین هەڵچوون و داکشانی ئەزموون کردووە و لە کاتی جیاوازدا لەلایەن فەرمانڕەواکانەوە پەراوێزخراوە، بەڵام ئەمڕۆ لە هەموو جیهاندا هەوادارێکی زۆری هەیە و ساڵانە گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوە لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە سەردانی دەکەن.

درێژی مەیدانی نەخشی جیهان زیاتر لە ٥٠٠ مەترە و پانییەکەی دەگاتە ١٦٠ مەتر لەسەر ڕووبەری ٨٥ هەزار مەتر چوارگۆشەیە، لەدەوروبەری گۆڕەپانەکەدا ٢٠٠ ژوور لەسەر دوو نهۆم دروستکراوە و چوار شوێنەواری مێژوویی بەنرخیش لە بەشی جیاجیادا نمایش دەکرێن.

مێژووی دێرینی مەیدانی نەخشی جیهان بۆ سەردەمی مێژوویی سەفەوییەکان دەگەڕێتەوە، لە ساڵی ١٩٧٩دا بە یەکەم مۆنۆمێنتی ئێرانی ژمارە ١١٥ لە لیستی کەلەپووری جیهانیی یوونسکۆ تۆمارکراوە کە گرنگی ئەم شارەی نیشانداوە.

 

مێژووی ناونانی مەیدانی نەخشی جیهان

مەیدانی نەخشی جیهان پێش شۆڕشی ئێران لە ساڵی ١٩٧٩ بە مەیدانی شا ناسراوە و دواتر ناوی گۆڕدراوە بۆ مەیدانی ئیمام، بەدرێژای مێژوو چەندین ناوی دیکەی هەبووە وەک: گۆڕەپانی گراند، مەیدانی سەرەکی، چوارگۆشەی نوێ، مەیدانی کۆشک و مەیدانی شاهانە، دەوترێت ناوەکەی لە شارێکی ئازەربایجان وەرگرتووە کە ناوی "نەخچیڤانە" .

ئەم مەیدانە دەکەوێتە باکوری ئەسفەهان، لە دڵی ئەو ئاڵۆزییە مێژووییەی شارەکەدایە کە شوێنی حکومەتی پاشاکانی سەفەوییەکان بووە، سەردەمی مێژوویی ئەم مەیدانە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شا عەباسی سەفەوی چونکە لەگەڵ گواستنەوەی پایتەخت لە قەزوینەوە بۆ ئەسفەهان، شا عەباسی یەکەم شوێنەوارە مێژووییەکانی ئەم مەیدانەی دروستکرد و بووە هۆی گەشەسەندنی ئابووری و فراوانبوونی بازاڕ تێیدا، بەڵام دوای گواستنەوەی پایتەختی وڵات لە ئەسفەهانەوە بۆ شیراز، گرنگی مەیدانی نەخشی جیهان کەمتر بوەوە.

 

لە سەردەمی شاه عەباسی یەکدا، پێش ئەوەی بیناکانی ئێستا دروست بکرێت، شوێنی چەند مەراسیمێکی فەرمی وەک ئاهەنگی کۆنی نەورۆز و لەسێدارەدانی ئەو کەسانەی کە سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنرابوو لەو مەیدانە بەڕێوەدەچوو.

هەروەها نمایشی سوپا و یاری پۆلۆ و رێوڕەسم و ئاهەنگ و نمایشە جۆراوجۆرەکانی تێدا بەڕێوەدەچوو، مۆنۆمێنتێک لەو کاتەوە لە دوو دەروازەی پۆڵۆی بەردینی ئەو سەردەمە ماونەتەوە، گۆڕەپانەکە و بیناکانی دەوروبەری بە زۆری لە سەردەمی قاجاردا ڕووخێنران، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی حکومەتی پەهلەوی هەموو بیناکانی دەوروبەری گۆڕەپانەکە بە تەواوی چاککرانەوە و ئاوەدانکرانەوە، تا ئێستا بەردەوام کاری نۆژەنکردنەوە و چاککردنەوەی ئەو بینایانە ئەنجامدەدرێت.

ت.پ