خەنە یەکێکە لە کلتوورە کۆنەکانی کورد و ژنێک زیندووی دەکاتەوە

خەنە یەکێکە لە کلتوورە کۆنەکانی نەتەوەی کورد، کە ژنان لە کۆندا بەکاریانهێناوە، کردویانە بە نەخش و لەسەر دەستیان نەخشاندوویانە، کاڵێ وەک ژنێکی گەنج هەوڵیداوە ئەم کلتوورە کۆنەی کورد زیندوو بکاتەوە.

شنیار بایز

 

سلێمانی- کاڵێ کەمال، خوێندکاری کۆتا قۆناغی بەشی پارێزەرییە، لە ئێستادا وەک ژنێکی دەست ڕەنگین ناسراوە و کاری دیزاینکردنی خەنە دەکات لەسەر دەست، بۆ ئەم کارە بە شێوەیەکی ئەکادیمی خوێندوویەتی لە وڵاتی ئیمارات.

 

خەنە پێکهاتەیەکی ڕەنگداری سروشتییە، لە کۆنەوە لەناو کورددا هەبووە و بە مەبەستی ڕەنگدارکردنی ژن، نەخشکردن لەسەر دەست و قاچ، چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانی هەوکردن و وشکبوونەوەی پێستی قاچ و دەست بەکارهاتووە، کاڵێ کەمال لە یەکێک لە شوێنە دیارەکانی شاری سلێمانی کاری دیزاینکردنی خەنە دەکات، خولیا و حەزی بۆ خەنە وایکردووە دەستبکات بە فێربوونی دیزاینکردنی خەنە و بەشێوەیەکی ئەکادیمی بۆی بخوێنێت لە وڵاتی ئیمارات.

 

"زۆرترین داوا لەسەر خەنەی کوردییە"

وەک خۆی باسی دەکات ئەو خەنەیەی بەکاریدەهێنێت سروشتییە و زیانی نییە، سەرەتای دەستکردنی بە نەخشکردن لە خەنەی کوردییەوە بووە، چونکە زۆر حەزی لێی بووە، پێشی وایە خەنەی کوردی کلتوورێکی کوردیەوە و خەڵکی وەک فۆلکلۆرێک لێی دەڕوانن، دەشڵێت: "پێویستە وەک بەشێک لە کلتووری کوردی پارێزگاری لە خەنەی کوردی بکرێت".

 

کاڵێی دەستڕەنگین، چەندین خەنەی جۆراوجۆر بەکاردەهێنێت بۆ نەخشکردن، بەڵام ئەوەی زۆرترین داوای لەسەرە خەنە کوردییەکەیە، "مەرجی سەرەکی بۆ ئەم کارە هەبوونی دەستی کێشانی وێنەیە بۆ ئەوەی بتوانی نەخشەکان بە باشترین شێوە دەربکەیتەوە"، ئەو خەنەیەی نەخشەکانی پێدەکێشێت تەنها خەنە نییە، بەڵکو تێکەڵەیەکە لە خەنە و چەن ماددەیەکی دیکەی وەک زەیت و گەڵای سروشتی، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بۆ دوو هەفتە لەسەر جەستە دەمێنێتەوە بە پێی جۆری پێستەکە، کە ئەگەر چەور بێت کەمتر دەمێنێتەوە.

 

"خوێندنەکەم و ئەو حەزەی هەمە بۆ هونەر جیاوازن"

ئەو ژنە دەستڕەنگینە ڕوونیکردەوە، خوێندن لە بەشی پارێزەری زۆر جیاوازە لە خولیاکانی کە هەیەتی، بەڵام پێی وایە شتە جیاوازەکان دەبنە تەواوکەر لە مرۆڤێکدا، هەرچەندە پارێزەری کارێکی زەحمەتە و پێویستی بە هەوڵدانی زۆرە، بەڵام کاری دەستڕەنگینی خەنە هونەرێکە کە دەروونی مرۆڤ ئارام دەکاتەوە، دەڵێت "هەوڵمداوە مافی تەواوەتی بدەم بە پارێزەرایەتی و کارە هونەرییەکەشم، چونکە پێویستم بە هەردوو لایەن هەیە لە ژیانمدا"

 

"بە دڵبوونی کارەکانم لە لایەن کڕیارەکانمەوە هۆکاری بەردەوامی منە"

کاڵی کەمال ماوەی سێ ساڵە وەک پیشەیەک دەستی بە نەخشکردنی خەنە کردووە، لە پلانیدایە درێژە بە پڕۆژەکەی بدات و شوێنی تایبەت بە خۆی هەبێت، چونکە تا ئێستا لە فێستیڤاڵ و شوێنە گشتییەکاندا کاری نەخشکێشان بە خەنەی کردووە، وتیشی "هیچکات ترسم لەوە نەبووە کە هونەرەکەم جێگای خۆی نەگرێت، چونکە دەمزانی خەڵکی حەز بە نوێبوونەوەی کلتووری کوردی دەکەن بە تایبەت ژنانی گەنج".

 

"دەبێت هەوڵی نوێبوونەوەی کلتووری کوردی بدەین"

کاڵێ کەمال دەڵێت: "تێبینیم دەکرد بەکارهێنانی خەنە لە کۆنەوە هەبووە، کاتێک لە دایکم و نەنکمم دەپرسی چۆن بەکارتان دەهێنا، پێیان دەوتم مێژووی خەنە یەکجار کۆنە و بۆ جوانکاری و هەندێک کاتیش وەک چارەسەرییەک بۆ پاراستنی پێستەکە بەکارمان دەهێنا".

 

لە ساڵانی ڕابردوو خەنە زیاتر بۆ سەرپەنجەکان بەکاردەهێنرا، یاخود وەک خاڵێک لەسەر ڕووخسار شوێنی خۆی دەگرت، بەڵام ئێستا کاڵێ نەخشی جیاوازی پێدەکات و دەشڵێت: "لەبەرئەوەی ئەم هونەرە بەرەو لەناوچوون دەچوو، هەوڵمدا دەستبکەم بە نەخش بۆ دووبارە زیندووکردنەوە و ئاشتکردنەوەی خەڵکی بە فۆلکلۆری کوردی".

 

پێشی وایە، کلتوور بەشی سەرەکی هەموو نەتەوەیەکە بۆیە ئەگەر کلتوور نەمێنێت نەتەوە نامێنێت "بۆیە پێویستە هەموو تاکی کۆمەڵگا هەوڵی زیندووکردنەوەی کلتوور بدەن و ڕێگە نەدەن بەرەوپێشچوونی ژیان ببێتە هۆی ونبوونیان".