"دۆینە و کەشک" دوو خواردنی هەمیشە زیندووی ناو کولتووری کوردەواری

هەرچەندە خواردنە کوردەوارییەکان بەرەو نەمان دەڕۆن، بەڵام ژنانی گوند هەوڵیانداوە لە ڕێگەی دەستڕەنگینی خۆیانەوە ئەو خواردنانە وەکو کولتوورێک بپارێزن.

شیرین ساڵح

 

گەرمیان- دۆینە و کەشک، دوو خواردنن لەگەڵ مێژووی گەلی کوردا هەن و دروستکردنیان بووە بە کولتوورێکی کوردی، ئەم دوو خواردنە لە وەرزی هاویندا دروست دەکرێن و لە وەرزی زستاندا دەخورێن، جگە لەوەی خواردنێکی کوردەواری بەتامن، چەندین سوودی تەندروستیان هەیە و کۆئەندامی بەرگری بەهێز دەکەن، یارمەتی کۆنترۆڵکردنی بەرزی فشاری خوێن دەدەن و چەندین سوودی تریشیان هەیە.

 

هەر لە کۆنەوە تا ئێستا ژنانی کورد ڕەنجیان کێشاوە و بە ماندوبوونی خۆیان هەوڵیان داوە کاروبارەکانی ژیان بەڕێوە ببەن، هەمیشە دەست ڕەنگین بوون و خواردنە کوردەوارییەکانیان بە لەزەتێکی جیاوازەوە دروستکردووە و تا ئێستاش هەوڵی پاراستنی دەدەن.

 

دۆینە زیاتر لە مانگی حوزەیران تا ئەلول لە گوندەکاندا دروستدەکرێت، کە بەیانییەکی زوو ژنانی گوند هەڵدەستن و خەریکی شۆردنەوەی ئەو گەنمە دەبن کە لە مانگی ئایاردا دوراوەتەوە، هەر ماڵێک بە پێی ویستی خۆیەتی کە چەنێک گەنم دەشۆرێتەوە و دەیکوڵێنێت بۆ دۆینە.

 

دوای شۆردنەوەی گەنمەکە، مەنجەڵێکی گەورە دەهێنن و ئاو و گەنمەکە لەسەر ئاگر دادەنێن، تا دەکوڵێت، دواتر ئاگرەکەی دەکوژێننەوە و گەنمەکە دەبەن لە شوێنێک هەڵیدەخەن تا تیشکی خۆری بەرکەوێت، بۆ ئەوەی وشک ببێتەوە، لە دوای وشکبوونەوە گەنمەکە دەبرێت بۆ ئاش و دەهاڕدرێت.

 

لە گوند بە هەرەوەزی دۆینە دەنێنەوە

بۆ کۆکردنەوەی دۆ بۆ دروستکردنی دۆینە ژنانی گوند ئاژەڵەکان دەدۆشن و شیرەکەی دەکەن بە ماست و دواتریش بە دۆ، بەشێک لە دۆکە کۆدەکرێتەوە و خەستی دەکەنەوە بۆ دۆینە، دوای ئەوەی دۆینەکە دروستکرا بۆ ماوەی دوو ڕۆژ لە چاڵدا دەمێنێتەوە تا ترش دەبێت، بۆ سێیەم شەو ژنان لە گوند کۆ دەبنەوە تا دۆینەکە بە شێوەی تۆپەڵ بنێنەوە، چونکە کەشوهەوا لە شەواندا فێنکترە، دوای تەواو بوونیان گیای پونگەڵە لە چەم دەهێنن و لەسەر دۆینەکە دایدەنێن، بۆ ئەوەی تام و بۆنی دۆینەکە خۆشتر بێت.

 

لە پاش تێپەڕبوونی ڕۆژێک و بەرکەوتنی تیشکی خۆر، دۆینەکان هەڵدەدرێتەوە بۆ ئەوەی دیوی پشتەوەشی وشک بێتەوە، بەم شێوەیە دوو ڕۆژیش لەبەر خۆر دەبێت تا بە تەواوی وشک دەبێتەوە و دواتر هەڵدەگیرێت و زیاتریش لە زستاندا دەخورێت.

 

کەشک لە دۆ دروست دەکرێت

ئەو دۆیەی بەشێکی کرا بە دۆینە بەشەکەی تری دەکرێت بە کەشک، بۆ دروستکردنی کەشکیش دۆکە دەخرێتە سەر ئاگر تا دەکوڵێت و وەکو توێژێک دەکەوێتە سەر مەنجەڵەکە، دوای کوژاندنەوەی ئاگرەکە دادەنرێت تا سارد دەبێتەوە، دواتر دەکرێتە ناو تورەکەیەکی سپی کە تایبەتە بە خۆی، بۆ ئەوەی ئاوەکەی بڕوات و ئەوەی دەمێنێتەوە پێی دەڵێن دۆ وشکە.

 

لە هەنگاوی دواتردا دۆ وشکە خوێی تێدەکرێت و هاوشێوەی دۆینە دەخرێتە بەر خۆر تا وشک دەبێتەوە، بەم شێوەیە کەشکەکەش ئامادە دەبێت بۆ زستان، و بەیانیان لە کەشێکی ساردا لێ دەنرێت و دەخورێت و زیاتریش لە لایەن ئەو کەسانەوە دەخورێت کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە.