"لایلایە گرنگترین فاکتەرە لە ئەدەبدا کە زمان و بیری ژنان تیایدا دەردەکەون"

پ.یارى، نووسەر و چالاکوانى مافەکانى ژنان، دەڵێت: لایلایە لە کۆمەڵگە نەریتی و پیاوسالارەکاندا یەکێک بووە لەو ڕێبازانەی دەرفەتی بۆ ژنان ڕەخساندووە کە دژی وتاری باڵادەستی کۆمەڵگە هەنگاو بنێن.

ئاگرین حسێنی

 

دیواندەرە- لایلایە، دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شارستانییەتە ئەشکەوتنشینەکان و یەکەم دەنگی ژنان بووە لە مێژوودا کە بۆ هێورکردنەوە و خەوتنی منداڵەکانیان وتوویانە، ئەم دەنگانە شێوازێکی گۆرانی خەوتنی ڕەسەنن کە بە تێپەڕبوونی کات شێوازی ئاوازدارتر و نەرمتری وەرگرت و بوو بە لایلایە.

 

لایلایە ئەدەبیاتی زارەکی هەر خاکێکە و هیچ تۆمارێکی نووسراویان نییە بۆ خوێندنەوە، لە ناوەڕۆکیدا ئەم هۆنراوانە پڕن لە بیرۆکەی کۆمەڵایەتی کە سەبارەت بە ژنان لە کۆمەڵگە و کولتوورەکەیاندا بوونیان هەبووە و ڕەنگدانەوەی تێگەیشتنی ژنان بوون بۆ پێگەی خۆیان، هەروەها ئەم هۆنراوانە پەیوەستن بە تەوەری وەک ژینگە و کێشەکانی ژیان و گوزارشت لە خەم و دڵخۆشی و هیواکانی ژیان دەکەن، بەڵام مەبەستی هێورکردنەوە و خەوتنی منداڵە لە تەختێکی ئاوات و خەونەکاندا کە دایکان بیریان لێکردووەتەوە بۆ داهاتووی منداڵەکانیان.

 

پ.یاری نووسەر و چالاکوانى مافەکانى ژنان، سەبارەت بە ڕۆڵی لایلایە لە ئەدەبی زارەکیدا و وتنی لەلایەن ژنانەوە دەڵێت: لایلایە بە گرنگترین فاکتەری ئەدەبی بەیتەکانی باو ناسراوە، کە تیایدا زمان و هزری ژنان دەردەکەون، ئەمەش بەو مانایەیە کە ژنان یەکەم هۆنەر و گۆرانیبێژان بوون لە مێژوودا،چونکە لاواندنەوە بۆ ئازار مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر و ژنان بەبێ ئەوەی خوێندەوار بن و دەقی نووسراویان هەبێت لایلایەیان وتووە.

 

ناوبراو بە ئاماژە بە شێوازەکانی لایلایە دەکات و وتی: پیاهەڵدان بەشێک لە کولتووری فۆلکلۆری نەتەوەی کوردە، کە دایکان بە لایلایە بە گوێی منداڵەکانیاندا دەیچرپێنن، تۆنی لایلایە ئاوازدارە، زۆر نەرم و ئارامە و بە دەنگێکی خەمناک پێشکەش دەکرێت. لە ناخی ئەم وشانەدا زۆر شتی نەگوتراو و نەنووسراوی مێژووی ناوچەکە هەیە، کە لە سەردەمێکدا بەهۆی نەبوونی نەخوێندەواری و مۆڵەتەوە نەنووسراونەتەوە. ژنان بە شێوازی جیاواز لایلایەیان وتووە، ئەوانیش، "هۆرە، لۆر، گۆرانی، لایلایە، بەرەکارانە و بەرتونانە"، لە زۆرێک لە ناوچە گوندنشینەکانی دیواندەرەش هێشتا ژنان بێشکە بەکاردەهێنن بۆ خەوتنی منداڵەکانیان و لایلایەیان بۆ دەڵێنەوە.

 

پ.یارى لە درێژەدا دەڵێت: ڕەنگە لە ڕووی زمان و فۆرم و بونیادی هۆنراوەییەوە لایلایە جیاواز بێت، بەڵام لە ڕووی ناوەڕۆکەوە، بێ گومان بۆ هێورکردنەوەی منداڵەکە و خەوتنیەتی، هەندێکجاریش بۆ ڕزگاربوون لە ناڕەحەتی سۆزداری دایکان دەیچڕن، ژنانی بە تەمەن ڕۆڵێکی ئەوتۆیان لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا نەبووە و زۆرتر لە ماڵەوە دوور لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵیان هەبووە، بۆیە ئەوەی لە لایلایەکاندا ڕەنگ دەداتەوە لە دەوری ماڵ و ئەندامانی خێزان و هەست و پرس و نیگەرانییەکانی ژنان دەسوڕێتەوە، ئەمڕۆش بەهەمان تەوەر لایلایە دەوترێتەوە، بەڵام تەوەری سەرەکی تووڕەیی ژنانە لە کۆمەڵگای پیاوسالاری و ئەو زوڵمانەی کە لە ماڵەوە و لە کۆمەڵگەدا بەرامبەریان دەکرێت.
 

لە کۆتاییدا وتی: لایلایە لە کۆمەڵگە نەریتیی و پیاوسالارەکاندا یەکێک بووە لەو ڕێبازانەی دەرفەتی بۆ ژنان ڕەخساندووە کە دژی وتاری باڵادەستی کۆمەڵگە بجوڵێت، کە ژن وەک پاسیڤ پیشان دەدات. هەندێ لایلایەی ژنان ناوەڕۆکی سیاسییان هەیە، کە ئەو ژنانەی لە سەردەمی دەسەڵاتی دیکتاتۆرەکاندا ژیاون و بە دەنگی خۆیان ستەم و دڕندەیی دەسەڵاتدارانیان دەربڕیوە، لە بنەڕەتیشدا ئەوە تێگەیشتنی ژنانە لەو دۆخەی کە تیایدا بوون.