شاناز جەمال، ڕەنجێک لەپێناو ناساندنی کولتووری کوردی بە جیهاندا

شاناز جەمال بەهۆی کارەکانیەوە توانیویەتی کولتووری کوردی بپارێزێت و بیناسێنێت بە ٢٠ وڵاتی جیهانی، ٣٠ خەڵاتی نێودەوڵەتی وەرگرتوە لەسەر کارەکانی.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- نیشانەکانی کولتووری هەر نەتەوەیەک بریتین لە زمان، جلوبەرگ، خاک و دابونەریت، بە تایبەت جلوبەرگ و کاری چنین، یەکێکە لە گرنگترین و بەرچاوترین سیمبولەکانی کولتوور، هەر وڵاتێکیش بیەوێت وڵاتیکی تر لەناوببات سەرەتا هەوڵی لەناوبردنی کولتوورەکەی دەدات، ژنانی کوردیش بە پێی توانای خۆیان پارێزگاریان لەم کولتوورە کردووە، بە پاراستنی کەلوپەلە کۆنە کوردەواریەکانی پێش خۆیان.

 

شاناز جەمال یەکێکە لەو ژنە دەست ڕەنگینانەی کورد لە شاری سلێمانی لەدایکبووە، بە بەکارهێنانی کەلوپەل و قوماشی کوردەواری گرنگی بە کولتووری کوردی دەدات و ئەندامی ڕێکخراوی کایسیتە.

 

"خۆم بە بەرپرسیار زانی بەرامبەر بە پاراستنی کولتوورەکەم"

شاناز جەمال ئاماژەی بەوەکرد، جوانی کولتووری کوردی وایلێکردووە هەر لە منداڵیەوە خولیای دەستڕەنگینی هونەری کوردەواری هەبێت، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەندا بیری لەوە کرەدوە کە چۆن پارێزگاری لە کولتوورەکەی بکات و بە شیوازێکی تر بیناسێنین بە جیهانی دەرەوە، بە تایبەت کە نەوەی ئێستا نامۆن بە کاری کولتوور و کەلەپوری کوردی، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٦ دەستیکرد بە کاری هونەری و یەکەم پێشانگای لەو ساڵەدا کردەوە لە شاری سلێمانی.

 

"یەکەم کارم لە پارچەیەک جاجم بوو"

شاناز جەمال لەبارەی یەکەم کارییەوە وتی: یەکەم کاری هونەریم لە پارچەیەک جاجمی یەک مەتری بوو، توانیم ٢٥٠ پارچەی خشڵی ژنان و بابەتی ڕازاندنەوەی ناوماڵ لەو یەک مەترە جاجمەدا دروستبکەم، دواتر هەنگاوێکی گەورەترم نا و لەناو کۆنگرێسی ئەمریکا پێشانگایەکی تایبەتم کردەوە، موروو و بەرد و خوریم بەکارهێنابوو، بڕوانامەیەکی باشم وەرگرت لەسەری،  هەر بەردەوام بووم لەسەر کارەکانم و بەشداری چەندین پێشانگای ترم کرد.

 

شاناز جەمال وتیشی: پێشانگایەکی تری تایبەت بە خۆم کرایەوە لە سەرای سلێمانی و چەندین کاری هونەریم نمایشکرد، کە بە بەکارهێنانی بەرد و خشڵ دروستم کردبوون، لە تورکیاش بانگهێشتکرام بۆ پێشانگایەک کە ١٥٠ هونەرمەندی جیهانی تیایدا بەشدار بوو، منیش بە تابلۆیەک و خشڵێک بەشداریم کرد کە لە جاجم دروستم کردبوو، ئەوەی جێگەی خۆشحاڵیم بوو لەو شوێنەدا بە زمانی کوردی قسەمکرد و ٧ بڕوانامەی جیهانیم لەسەری وەرگرت.

 

"کارەکانم دەرخەری کولتووری کوردیە"

شاناز جەمال وتی: خەڵکی زۆر کارەکانی منیان بە دڵە و داوای دەکەن و خواستێکی باشی لەسەرە، ئێستا خەڵک گەڕاوەتەوە بۆ ئەو کولتوورە جوانەی کە لە سەردەمی پێشوودا هەمان بووە، خەمخۆری کولتووری کوردیمان هەیە و لە ڕێگەی سۆشیال میدیاوە داوای کارەکانم دەکەن، چونکە بە دڵ و بە گیان کارەکانم دەکەم و ئامانجی من زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردیە، قوماشی شاڵ، سورمەی کۆن، بەردی فەیروز، بەردی ٧ ڕەنگ و بەردی پیرۆزەیی بەکاردەهێنم کە لەناو کورددا پێشتر باو بووە، دواتر بیرم کردەوە کە ناوەندێکی کولتووری هونەری کوردی دانێم و لە ساڵی ٢٠١٨ پرۆژەی پاشیۆ گروپم دامەزراند کە توانیم هەلی کار بۆ چەند ژنێک بڕەخسێنم.

 

"ئەو سیمانەی بەکاریدەهێنم دەبێت ڕۆحێکی کوردیان تیادا بێت"

شاناز جەمال وتی: ئەو موروو و سیم و دەزوانەی لە کارەکانمدا بەکاریدەهێنم بەشێکیان لە دەرەوە داوا دەکەم و بەشێکی تریان هەر لە شارەکانی کوردستان دەکڕم و دەبێت ڕۆحێکی کوردیان تێدا بێت، سیمەکان دەچنم و بە دەرمان دایدەنێم، وەکو باکگاراوندێک بۆ کارەکە، من شانازی دەکەم کە ژنێکی کوردم و نەوەی ئەو ژنانەم کە لە سەردەمی کۆندا ئەم کارەیان کردووە، کارەکانم زیاتر لە ڕێگەی وەفدەکانەوە کە سەردانی هەرێمی کوردستان دەکەن، دەکڕدرێن، کاتێکی دیاریکراوم نییە بۆ چنینی کارەکانم، چونکە هونەرمەند بە پێی مەزاجی خۆی کار دەکات و ناخی خۆی دەخاتە سەر ئەو تابلۆیەی کە دەیچنێت، جاری وا هەیە بە هەفتەیەک ناتوانم مورویەک بچنم جاری واش هەیە بە ڕۆژێک تابلۆیەک تەواو دەکەم.

 

"٣٠ خەڵاتی نێودەوڵەتیم وەرگرتووە لەسەر کارەکانم"

شاناز جەمال باسی ئەو خەڵاتانەی کرد کە وەریگرتوە لەسەر کارەکانی و وتی: ئەو کارانەی کە دەیکەم تا ئێستا ٣٠ خەڵاتم وەرگرتووە لەسەری و گرنگترین خەڵاتیش ئەوەی پاپای ڤاتیکانە، بیرۆکەی ئەم کارەم لە ساڵی ٢٠١٨ بۆ هات و بیرم کردەوە کە من وەک ژنێکی کورد خەڵاتێک پێشکەشی سەرۆکێکی جیهانی بکەم، کە باس لە کولتووری نەتەوەکەمان بکات، ماوەی ساڵێک و ٧ مانگ خەریکی ئەو پرۆژەیە بووم، بەرگێک بوو لە پێشەوەی بەرگەکە هێمای ئەو ٨ ئاینەم لەسەر چنی کە لە کوردستان دەژین، پشتی بەرگەکە سەلیبێکی لەسەر بوو بە ٥ هەزار یاقودی سور چنیبووم، ئاماژە بوو بۆ شەهیدانی هەڵەبجە، بەرگی عەباکە ١٨٢ هەزار بەردی پێوە بوو کە ئاماژە بوو بۆ ڕۆحی ئەو شەهیدانەی ئەنفال کراون، توانیم وەکو نوێنەری ژنی وڵاتەکەم ئەو کارە بکەم و بە جلوبەرگی کوردیەوە ئەو عەبایە پێشکەش بە پاپا بکەم.

 

"دیزاینی ٢٢ جلی کوردیم کردووە"

شاناز جەمال ئاماژەی بەوەشکرد، کە ماوەی ١٥ ساڵ فەرمانبەری دەزگایەکی حکومەت بووە، بەڵام لەبەر خاتری خزمەتکردن بە کولتوور وازی لێهێنا و دەستیکرد بە  بە کاری چنین، "ژن لە کاتێکدا دایکە، خوشکە، هاوژینە و ژنیشە ئەرکی زۆری لەسەرە، بەڵام توانای هەموو کارێکی هەیە، من کاتێک دەستمکرد بە کارکردن ڕێگری زۆر دەهاتە بەردەمم، بەڵام بە ئیرادەی خۆم وازم لە ئەمانجەکەی خۆم نەهێنا و بەردەوام بووم، لەسەر هەندێک لەو کارانەی کردومە زۆر سەرزەنشت دەکرام، چونکە پێیان قبوڵ نەبوو ژنێک ئەو کارانە بکات، کۆمەڵگەی ئێمە هێشتا ماویەتی پێشبکەوێت، کاتێک کەسێک دەبێتە خاوەن کاری خۆی لە جیاتی ئەوەی دەستی بگرن دەیشکێننەوە و ئەمەش بەرامبەر بە خۆم کراوە، ناخۆشترین قسەش کە پێت دەڵێن، 'دانیشە خەریکی ماڵ و منداڵەکەت بە'یە، ئەم قسەش وا لە ژنان دەکات کە سارد ببنەوە لە کارکردن، بەڵام ژن زۆر لەوە گەورەترە بکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو قسانە.

 

شاناز جەمال لە ماڵەکەی خۆیدا جلێکی کوردی کۆنی کوردەواری پاراستووە، کردوویەتی بە ئیلهامی جلەکانی خۆی کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٤٠، ڕیکخستنی جلەکە ئەوە دەردەخات، ژنانی کورد لە کۆنیشدا هەر سەلیقەیان جوان بووە، شاناز دیزاینی جلی کوردیش دەکات، دواین دیزاینی جلی بۆ گروپی خاک بووە کە دیزانی ٢٢ بەرگی کردووە، وەکو ژنێک داوا لەو ژنانە دەکات ئەگەر بەهرەیەکیان هەیە با دەستە وەستان نەبن و پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن.