بە دروشمی "کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنە" پێشانگایەک کرایەوە

لە پێشەنگایەکدا بە وێنە توندوتیژییەکانی سەر ژنان نیشاندرا و ڕێکخەران و سەردانیکەران داوا دەکەن تەواوی ژنان پاڵپشتی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بکەن دژی ئەقڵیەتی پیاوسالاری.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ، لە هۆڵی ئەمنەسورەکەی شاری سلێمانی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-کژار، لە چوارچێوەی ٢٥ی نۆڤەمبەر/تشرینی دووەم، ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، پێشانگایەکی وێنەییان بە دروشمی "کاتی پاراستنی شۆڕشی ژنە" کردەوە و تیایدا ٤٠ وێنە نمایشکران، کە سەرجەمیان باس لە توندوتیژییە جیاوازەکانی سەر ژنان دەکات.

 

لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەشداری کرابوو

ڕۆزەرین کەمانگەر، بەرپرسی دیپلۆماسی کەژار و یەکێک لە ڕێکخەرانی پێشانگاکە ئاماژەی بەوەکرد، بۆیە لە ڕۆژی ٢٠ی تشرینی دووەم پێشانگاکەیان کردووەتەوە، چونکە ئەو ڕۆژە تایبەت کراوە بە ژینا، پێشانگاکەش لە چەند گروپێکی فۆتۆگرافیی کە لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتبوون وەک "فۆتۆگرافەری ژنانی ئێران، گروپی فۆتۆگرافەرانی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و فۆتۆگرافەری ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان" پێکهاتبوو.

 

ڕوونیکردەوە ئەو وێنانەی نمایشکراون هەریەکەیان باس لە ئازارێکی ژن دەکات، توندوتیژی جیاواز لەخۆدەگرێت، هەم ئەوانەی لەلایەن دەسەڵاتەوە بەرامبەر بە ژنان دەکرێت یاخود توندوتیژییەکانی داگیرکەرانی دیکەی وەک تورکیا و ئەو توندوتیژیانەی لە خێزاندا بەرامبەر بە ژن دەکرێت، لە کۆتایدا وتی "ئامانجمانە بە کردنەوەی پێشانگایەکی لەم شێوەیە دەنگێک بەرزبێتەوە لە باشوور بۆ پشتگیریکردنی شۆڕشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان".

 

"ئەقڵیەتی پیاوسالاری بەرهەمهێنەری توندوتیژییە"

بانو هەڵەبجەیی، ئەندامی ڕژاک و ڕێکخەری پێشانگاکە ڕوونیکردەوە، لە هەفتەی بەرەنگاربوونیەوەی توندوتیژی دژی ژنان چالاکی جۆراوجۆریان ئامادە کردووە، کە یەکێکیان ئەم پێشەنگایە بوو باس لە ئێش و ئازاری ژنان دەکات لە تەواوی کوردستان، لەبارەی یەکێک لە وێنەکانەوە دەڵێت: "هەرچەند ڕێگە لە هەناسەدانی ژنان بگرن ژنان کونجێک دەدۆزنەوە بۆ هەناسەدانێکی ئازاد".

 

باسی لەوەشکرد هۆکاری سەرەکی توندوتیژییەکانی ژنان ئەقڵیەتێکی پیاوسالارییە، ئەم شۆڕشەی ئێستاش ئەنجام دەدرێت لە ڕۆژهەڵات وەستاندنەوەیە بە ڕووی ئەو ئەقڵیەتەدا پێویستە هەمووان پاڵپشتی لێبکەن.

 

"دەنگی ئازادی ژن شۆڕش بەرهەم دەهێنێت"

کەژاڵ عەبدولقادر، چالاکوانی بواری ژنان، وەک سەردانیکەرێک ئاماژەی بەوەدا کە بێگوومان ئەو ژنانەی ئەم وێنانەیان گرتووە ژنانی بەجەرگ و ئازان و هەوڵیانداوە لە ڕێی ئەو وێنانەوە ئازاری تەواوی ژنانی جیهان و کوردستان دەربخەن، دەشڵێت: هەرکات دەنگێکی ناڕازی هەبێت بێگومان دەنگی ئازادی ژنێکە، دژی زۆرەملێ و توندوتیژی، وەک ئەو شۆڕشەی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئەنجامدرا".