ژنانی ڕانیە هەفتە بازاڕێکیان بۆ کارە دەستییەکانیان کردەوە

ژنانی شارۆچکەی ڕانیە بۆ هەفتەی ٢٠ەم هەفتە بازاڕێکیان بۆ کارە دەستییەکانیان کردەوە و باس لەوەدەکەن هەفتە بازاڕەکە دەتوانێت ببێتە هەلی کار و شوێنێک بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی ژنان.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- هەفتانە لە پارکی دەروازە لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، گروپی خانمانی دەستڕەنگین هەفتە بازاڕ بۆ ژنانی دەستڕەنگین دەکەنەوە و تیایدا خواردنی کوردی، شیرینی، کارە دەستی و چنینەکانیان نمایش دەکەن.

 

بۆ هەفتەی ٢٠ەم گروپەکە هەفتە بازاڕێکیان بۆ ژنان کردەوە و چەندین کاری دەستی و شیرینی نمایشکران، ژنانی بەشداربوو باس لەوەدەکەن کە هەفتە بازاڕەکە هاوکاریانە بۆ نمایشکردنی کارەکانمان.

 

عائیشە محەمەد ئەمین، سەرۆکی گروپی خانمانی دەستڕەنگینە و هەفتانە بۆ گروپێک ژنی دەستڕەنگین هەفتە بازاڕ دەکاتەوە، دەڵێت: دەمەوێت هەر ژنێك لەسەر پێی خۆی بوەستێت و کاری دەستی بکات، ئەم ژنانەی بەشدارییان کردووە، کارەکانیان زۆر جوانن و دەمەوێت بە بژێوی ژیانی خۆیان لەسەرپێی خۆیان بوەستن، ئەمە ٢٠ەم جارە ئەم هەفتە بازاڕە ساز دەکەم بۆ ئەو ژنە دەستڕەنگینانە، خۆشم بە کاری شیرینی بەشداریم کردووە، هەفتە بازاڕەکە بۆ هەموو ژنانە و دەتوانن بەشداری تێدا بکەن تا بژێوییەک بۆخۆیان بەدەستبهێنن.

 

ساکار تەها، بە شیرینی و کاری دەستی بەشداری لە هەفتە بازاڕەکەدا کردووە و ئاماژەی بەوەدا کە لە سەرەتای ساڵانی ٢٠٠٠ لە ماڵەوە کاری دروستکردنی شیرینی کردووە و دەڵێت: هەموو ژنێک توانای هەیە کە کار بکات، من ئیشەکەمم خۆشدەوێت و زۆر حەزم پێیەتی، لە ساڵی پارەوە لەگەڵ عایشە خان بەشداریمان کردووە و بە دوو هەفتە جارێک هەفتە بازاڕ دەکەینەوە، ئێمەی ژنان دەتوانین کار بکەین و پشت بە خۆمان ببەستین.

 

ئەژین ئیسماعیل، بەشداربوویەکی هەفتە بازاڕەکەیە، باسی لەوەکرد کە ژنان بە کارەکانی شیرینی و جوانکاری و چنین بەشدارن و هیواخوازن ئەم پڕۆژە بچوکانەیان گەورەتر بکەن، "ئێمە پشتمان بە خۆمان بەستووە و دەمانەوێت بەم کارە چەندین کەسی دیکەش فێربکەین و ببینە هەلی کارێکی بچوک بۆ خۆمان و بە کاری بهێنین بۆ بژێوی ژیانی خۆمان، ژنانی دەڤەرەکەمان دەستکراوەن بۆ زۆر کار، هەموویان بەتوانان و کاری جوانیان کردووە".