فروزان فەزلی هۆنراوەیەک بۆ ژینا ئەمینی دەنووسێت
ناوەندی هەواڵ
ژینا ئەمینی بووەتە هەوێنی هۆنراوەی هۆنەران و ڕاپەڕینی ئازادیخوازان و دەنگی هاواری ژنانی کۆتی دەسەڵات، لەدوای کوشتنی ژینا ئەمینی لە ١٧ی ئەیلولدا لەلایەن پۆلیسی ڕەوشت لە تارانی پایتەختی ئێران، ناڕەزایەتییەکان دەستیپێکرد و تەشەنەی سەند بۆ خۆپیشاندانی سەرتاسەری لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، کە تا ئێستاش بەردەوامە.
فروزان فەزلی، هۆنەر، بۆ کوشتنی ژینا ئەمینی بە بیانووی حیجاب هۆنراوەیەک بە ناوی "ماسی خانم" دەنووسێت و گوزارشت لە ژینا و هەزاران ژنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەکات کە حیجابی زۆرەملێیان بەسەردا سەپێنراوە.
"ماسی خانم"
ماسی خانم وەک جاران
هەستا بچێ بۆ تاران
لەچکەی دابوو بە سەریا
نازانم بۆ چی گیرا
ئەوان بە زۆر گرتیان
ڕایانکێشا و بردیان
ماسی خانم ناو دەریا
باتوومیان دا بە سەریا
چاوە جوانەکانی بەست
ئیتر ئێشی نەکرد هەست
ماسی هەمووی هاتنەدەر
لەچکەیان نەکردە سەر
هەموو لەچکەیان سوتاند
هاواریان کرد و قیژاند
هەموو دەریا شڵێژا
ماسی خانمیان نێژا
خوێنی بوو بە دەریایەک
ناوی بوو بە هێمایەک
دنیا ناچێ لە یادی
ژن، ژیان، ئازادی