پێگە و قەڵەمی ژن لە هەورامان؛ حەمیدە هەورامی
حەمیدە هەورامی، شاعیرێکی هەورامییە و شیعرەکانی لەسەر ژنان و تواناکانیانە، دەڵێت: هاوڕێی شاعیرم هەیە بە نهێنی دەنووسێت و ناوی خۆی دەرناخات.
میهرەبان سەلام کاکەیی
هەڵەبجە- لە سەردەمە جیاوازەکاندا ژنانی هەورامان خاوەن قەڵەمی ئەدەبی خۆیان بوون، چەندین ژنی هونەرمەند و شاعیر و گۆرانیبێژ لەو ناوچەیەدا هەڵکەوتوون، بەڵام بەپێی گۆڕانی سەردەم و ئەو کلتورەی وایکرد ژنان لە ماڵەکاندا تەوق بدرێن، ئەم ڕۆڵەی ژنانی هەورامان کاڵ بووەوە و لە ئێستا بەراورد بە ڕابردوو کەمتر ژنانی شاعیر و نووسەر دەردەکەون و شیعری هەورامی لەسەر زاری ژنان بەرەو لەناوچوون دەچێت.
حەمیدە هەورامی یەکێکە لە ژنانی شاعیری هەورامی، خەڵکی بیارەیە، وەک باس دەکات لە زۆربەی فێستیڤاڵ و چالاکییەکاندا بەشداری دەکات، حەمیدە باس لە ڕێگرییەکانی بەردەم ژنان و هۆکاری کەمی دەرکەوتنی ژنان لە کۆرە ئەدەبیەکاندا دەکات، دەڵێت: "هاوڕێم هەیە شاعیرە بەڵام بە نهێنی شیعر دەڵێت، کە ئەمە کارێکی باش نییە و شاردنەوەی تواناکانی ژنانە"، هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە ناوچەی هەورامان پەرەی بە بواری هونەر و ئەدەب و کلتور داوە و لە کۆڕ و فێستیڤاڵەکاندا ژنان بانگهێشت دەکرێن.
حەمیدە هەورامی باس لە ڕۆڵی ژن دەکات و دەڵێت: ژیان بە ژنەوە بەڕێوەدەچێت، دەبێت ڕێزی ژنان بگیرێت و توندوتیژییان بەرامبەر نەکرێت، من لەگەڵ توندوتیژی دژ بە ژناندا نیم.
ئەو شاعیرە داوا لە دایک و باوکان دەکات کە ئەگەر منداڵەکەیان بەهرەیەکی هەیە و زانستێکی تێدا دەردەکەوێت، هاوکارییان بکەن و پەرە بە زانستەکەیان بدرێت.
حەمیدە هەورامی شیعرێکی تایبەتی لەسەر ژن و تواناکان و ٨ی ئادار، ڕۆژی جیهانیی تێکۆشانی ژنان نووسیوە و پێشکەشی کرد.