فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ لە هەڵەبجە بەڕێوەچوو
خولی دووەمی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ لە شاری هەڵەبجە بەڕێوەچوو کە ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە کۆی ٢١ خوێندنگە کە بەشدارن ، ١٩یان خوێندنگەی کچانن.
هەڵەبجە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ، لە ڕۆژی جیهانی شانۆدا خولی دووەمی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ لە شاری هەڵەبجە دەستیپێکرد و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕۆژی دەستپێکیشدا هەریەک لە پارێزگار، قائیمقام و بەڕێوەبەری پەروەردەی هەڵەبجە بەشداربوون.
سەرەتای فێستیڤاڵەکە بە خولەکێک وەستان بۆ گیانی پاکڕەوان دەستیپێکرد، پاشان چالاکییەکانی دوو باخچەی ساوایان نمایشکرا.
سۆزە حامید، دەرهێنەر بۆ نوژنها دوا و وتی: ماوەی مانگێکە سەرقاڵی ڕاهێنانین بۆ شانۆییەکانمان، ئەمە دووەمین خولی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆیە، خولی یەکەم لە ساڵی ٢٠١٩ بەڕێوەچوو، بەڵام بەهۆی قەیران و نەخۆشی کۆرۆناوە نەتوانراوە بەردەوام بین، ئەمساڵیش بە گڕ و تینێکی زۆرەوە بەشدارین.
"شانۆییەکەم باس لە کێشەکانی ژنان دەکات"
سەبارەت بە بەشداری ژنان سۆزە حامیدی دەرهێنەر باس لەوەدەکات لە کۆی ٢١ خوێندنگە تەنها دوو خوێندنگەی کوڕانن و سەرجەم خوێندنگەکانی دیکە کچانن، سەبارەت بە شانۆییەکەی خۆی دەڵێت کە شانۆییەکەی باس لە ژیانی داهاتووی ژنان دەکات و ئەو کێشانە دەخاتەڕوو کە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە.
بێریڤان غازی، دەرهێنەرێکی دیکەیە و بە شانۆییەک بەشداری فێستیڤاڵەکەیە، ئاماژەی بەوەدا نمایشەکەی باس لە تەمەنی گەنجان و پەیوەستبوونیان بە دنیای ڕاستەقینە و ڕۆڵ بینینیان لە پێگەیەندنیان لە دنیای ئێستادا دەکات.
لە فێستیڤاڵەکەدا ٢١ قوتابخانە و ١٧٠ ئەکتەر بەشدارن
خولی دووەمی فێستیڤاڵی گۆران بۆ شانۆ بە دروشمی "شانۆ بۆ کۆمەڵگایەکی ڕۆشنگەر و ئازاد" ئەمڕۆ دەستیپێکرد و ماوەی چوار ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە خولی دووەمی فێستیڤاڵەکدا زیاتر لە ١٧٠ ئەکتەر لە هەردوو ڕەگەز بەشدارن، ٢١ قوتابخانە و خوێندنگەی سنوری بەڕێوبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەڵەبجە بە شانۆییەکانیان بەشدارن، لەو ژمارەیە ٩ خوێندنگەی سەرەتایی لە پۆلەکانی ١-٦، ١١ خوێندنگەی بنەڕەتی لە پۆلەکانی ٧-١٢ لە ئاستی دووەم بەشدارن، هەروەها نمایشێکی پەیمانگای هونەرە جوانەکانی هەڵەبجەش وەک میوانی فێستیڤاڵ بەشدارە،
بڕیاریشە لە کۆتا ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا خەڵات بەسەر بەشداربووان و باشترین شانۆیدا دابەش بکرێت.
ت.پ