یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی ژنان لە ئامەد بەڕێوەدەچێت
یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی ژنان لە ئامەد بە دروشمی "بەرەو ڕۆژ" بە بەشداری دەیان ئەکتەری ژن بەڕێوەدەچێت، فێستیڤاڵەکە کە بە زمان و کولتووری جیاواز دەبێت، ژنان تیشک دەخاتە سەر جیاکاری و پێشێلکاری.
مەدینە مامەدئۆغڵو
ئامەد- ئامادەکارییەکان بۆ یەکەمین فێستیڤاڵی شانۆی ژنان کە ئەمساڵ بە دروشمی "بەرەو ڕۆژ" بەڕێوەدەچێت، بەردەوامە، فێستیڤاڵەکە کە بە هاوکاری شانۆی شاری ئامەد و هونەر و وێژەی ژنان (کاسەد) بەڕێوەدەچێت و لەلایەن شارەوانی ئامەدەوە پاڵپشتی دەکرێت، لە نێوان ٥ بۆ ٧ی تشرینی دووەم بەڕێوەدەچێت، لەو فێستیڤاڵەدا کە ٩ شانۆگەری شانۆیی تێدا نمایش دەکرێت، بەرنامەی وتار و پانێڵ دەبێت، تەوەری سەرەکی چالاکییەکە ئەو کێشانە دەبێت کە ژنان ئەزموونی دەکەن و تێدەکۆشن.
فێستیڤاڵەکە لە ٥ی ئەم مانگە دەستپێدەکات
لەم فێستیڤاڵەدا زۆرێک لە گروپە شانۆییەکانی ژنان لە باکوور، ڕۆژهەڵات، باشوور و تورکیا نمایش دەکەن، کردنەوەی فێستیڤاڵەکە لە ٥ی ئەم مانگە بە شانۆنامەی نوێی شانۆی شاری ئامەد بەناوی "چالاکی ماڵەوە" بەڕێوەدەچێت. شانۆنامەکە لە دەرهێنانی ئەلڤان کۆچەرە، ئەکتەرانی وەک ڕێزان کایا، پەریناز دەلازی و زەیجان ئاتەش بەشداری دەکەن.
سەبارەت بە فێستیڤاڵەکە، لەگەڵ ئەلڤان کۆچەر، دەرهێنەرو ئەکتەری شانۆی شارەوانی میترۆپۆلیتانی ئامەد و قسەمان کرد.
ئەلڤان کۆچەر ڕایگەیاند، ماوەیەکی زۆرە پلانیان بۆ فێستیڤاڵەکە داناوە و هەمیشە دواخراوە بەهۆی ئەوەی هیچ شانۆییەک نییە، لە میانی فێستیڤاڵەکەدا کولتوور و زمان و ئەزموونەکانی هەر ناوچەیەک کۆدەکرێنەوەهەرچی لە توانایاندا بێت دەیکەن بۆ ئەوەی وەک ژنان درێژە بە فێستیڤاڵەکە بدەن.
"فێستیڤاڵێک بە چەندین زمان و کولتووردەبێت"
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەلڤان کۆچەر وتی: کاتێک یەکەم پرۆڤەی شانۆی ئافرەتانمان ئەنجامدا، وتمان 'تەواو بووە' و دەستمان بە ئامادەکارییەکان بۆ فێستیڤاڵەکە کرد، ناوی ئەو شانۆییە کە باسی لێوە دەکرێت "چالاکی ماڵەوە"یە. سێ ئەکتەری ژن لێرە نمایش دەکەن، تەوەری شانۆنامەکە تایبەتە بە ئیستاتیکی ژنان لە سەردەمی نوێدا و نیگەرانییەکانیان لە جیهانی دەرەوە و شێوازەکانی تێکۆشانیان بۆ هەبوون، لەم فێستیڤاڵەدا ٩ شانۆگەری ژنان نمایش دەکرێن و وتار و پانێڵ بەڕێوەدەچن، نەک هەر ئێمە، گروپە شانۆییەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات و تورکیا نمایش دەکەن، فێستیڤاڵێک بە کولتوور و زمانی جیاوازەوە دەبێت.
"بابەتەکە تێکۆشان و ئەزموونەکانی ژنانە"
ئەلڤان کۆچەر ڕایگەیاند، دەیان ئەکتەری ژن بۆ فێستیڤاڵەکە دێنە شارەکە و ئەمەش جۆش و خرۆشێکی زۆریان پێدەبەخشێت، وتی: دوای ئەوەی بیستمان کە ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەدەچێت، تیمی شانۆ لە ڕۆژهەڵات دەستیان کرد بە نووسینی شانۆنامە و پرۆڤە بۆ ئێمە، لەم فێستیڤاڵە ئەکتەر و ژنانی جیاواز کۆدەبێتەوە. هەم ئەو کەسانەی کە کارەکان ئەنجام دەدەن، هەم ئەوانەی بەشداری دەکەن، ژن دەبن، شانۆ هونەرێکی گشتگیرە، هەموو بەشەکان کۆدەکەینەوە، ویستمان هەموو ئەو کێشانە بخەینە بەر باس کە ژنان لەگەڵیدا دەژین.
"ویستمان قسەی خۆمان لەسەر شانۆ هەبێت"
ئەلڤان کۆچەر ئاماژەی بەوەشکرد، لە فێستیڤاڵەکەدا شانۆ دەگرنە بەر و سەرنج بۆ توندوتیژی و کۆمەڵکوژییەکانی دژی ژنان ڕادەکێشن و دەیانەوێت قسەی خۆیان لەسەر ئەو شتانە هەبێت کە ئەزموونی دەکەن وتیشی: هەموو ئەو یشانۆییانەی کە لەم فێستیڤاڵەدا ئەنجام دەدرێن , تیشک دەخەنەسەر ئەو کێشانەی کە ژنان تووشی دەبن، خەبات و تێکۆشانیان لە دژی ئەو کێشانە بابەتی سەرەکی دەبێت، وەک ئەکتەری ژن دەمانەوێت قسەی خۆمان لە دژی زیادبوونی توندوتیژی و کوشتنی ژنان بڵێین، لە بەرامبەر ئەمەدا بە تایبەتی ویستمان فێستیڤاڵەکە لە ٢٥ی تشرینی دووەم، ڕۆژی تێکۆشان دژی توندوتیژی سەرژنان نزیک بێتەوە، لە ڕێگەی پلاتفۆرمەوە دەمانەوێت قسەی خۆمان بڵێین و بەم شێوەیە بگەینە ژنان، با هەموو ژنان بێن سەیری شانۆییەکانمان بکەن.
"ئامانجمان ئەوەیە فێستیڤاڵەکە بەردەوام بێت"
ئەلڤان کۆچەر لە کۆتایی قسەکانیدا داوای لە هەموو هونەردۆستان کرد بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن و وتی: ئەم فێستیڤاڵە یەکەم فێستیڤاڵی ژنانە بۆ ئێمە، دەمانەوێت ئەم فێستیڤاڵە هەموو ساڵێک بەڕێوە بچێت، ئامانجمان زیادکردنی ژمارەی گروپەکانی شانۆی ژنانە، هەروەها گەیشتن بە بینەری ژنە، لەم کاتەدا هەموو خەڵک بە تایبەت ژنان بانگهێشتی فێستیڤاڵەکە دەکەین.
ئەو شانۆنامانەی کە لە شانۆی کولتووری ئامەد نمایش دەکرێن بریتین لە: چالاکی ماڵەوە، گۆنگ، برینەکانت لە خۆشەویستییەوەیە، ژنێک شانۆگەری دەکات (BGST)، تەموک (سەقز – ئێران)، خۆشەویستی پێداگری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتی دەکات (BGST) ، هێشتا قسەکانمان تەواو نەکردووە (سنە - ئێران)، سەلما (کەرکوک - عێراق) و مەدەیا (ئێران).