پەرژین ماڵەکەی کردووەتەوە ناوەندێکی کولتووری

پەرژین حسێن، ژنێکی دانیشتووی گوندی بۆگدە و لەگەڵ خێزانەکەیدا ماڵەکەیان کردووەتە ناوەندێکی کولتووری بۆ پاراستی کەلەپوور و ڕەسەنایەتی گوندەکەیان.

ئەڤین عەزیز

 

کۆیە- گوندی بۆگد سەر بە شارەدێی خەرابەیە لە شارۆچکەی کۆیە، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ و خاوەن دابونەریت و کولتووری ڕەسەنی خۆیەتی، ساڵانە چەندین فێستیڤاڵی تیادا ئەنجام دەدرێت، وەک فێستیڤاڵی بەهارە کە چەندین چالاکی جۆراوجۆری وەک جلوبەرگی کوردەواری و خواردنی کوردەواری و گۆرانی موزیک و شانۆ لە خۆدەگرێت، هەروەها بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری و ساڵانە هاوڵاتیان ڕووی تێدەکەن.

 

پەرژین حسێن، ژنێکی دانیشتووی گوندی بۆگدە و هەر لەوێ لەدایک بووە، لەگەڵ خێزانەکەیدا ماڵەکەیان کردووەتە ناوەندێک بۆ پاراستنی کولتوور و ڕەسەنایەتی باپیران و داپیرانیان.

 

پەرژین حسێن باس لە خواستیان لەسەر کۆکردنەوەی کەلوپەلە کوردەوارییەکان دەکات و دەڵێت: ئێمە ئەو پارچە کەلەپوریانەی کە لە داپیران و باپیرانمانەوە بۆمان ماوەتەوە و ژیانیان لەسەر ئەو کەلوپەلانە بووە، دەپارێزین، هاوڕێیان و دۆستان ئەو کەلوپەلانەمان بۆ دێنن یان خۆمان پەیدای دەکەین، دواتر خزمەتیان دەکەین و دەیان پارێزین، بۆئەوەی نەوەی داهاتوویان پێ ئاشنا بکەین و پێیان ڕابگەیەنین کە کورد مێژوویەکی زۆر دێرینی هەیە لەسەر ئەم خاکە.

 

هەروەها باسی بەشێک لە کەلوپەلەکانی کرد کە بۆچی بەکاردێن وەک، کوندە، کە ئاو و ماستی تیادا تێکەڵ دەکرێت و دەژەنرێت، دۆ و کەرەی لێ بەرهەم دێت، هەروەها بێژینگ، کە بەکاردێت بۆ خاوێنکردنەوەی گەنم و نیسک و نۆک و ساوەر. حەوجۆشیش بەکارهاتووە بۆ هەڵگرتنی خواردن و بەرهەمی خواردەمەنی. کولەکەش هەیە کە بەکاردەهات بۆ هەڵگرتنی ئاو لە بری تەرمۆزە و دۆلکە، گۆزەش لە بری بەفرگر بۆ هەڵگرتنی قاورمە و ڕۆن بەکاردەهات.

 

لەناو کەلوپەکە کەلەپووری و کوردەوارییەکانی پەرژیندا، هەندێک لە پارچەکان مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدان ساڵ بەر لە ئێستا کە لای پەرژین پارێزراوە و بە کۆکردنەوەیان لە لەناوچوون دەیانپارێزن.