"ژنان چیتر ئامادە نین بەربەست و جیاکاری قبوڵ بکەن"

هونەرمەندی ئیلامی س.ک.دەڵێت: چۆن مرۆڤ لەوە قەدەغە بکرێت کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی ڕۆح و پاساو بۆ ئەم قەدەغەکردنە بهێنێتەوە؟ ژەنینی ئامێر و گۆرانی وتن ئەگەر قەدەغە بکرێت کارەسات ڕوودەدات، ژنان چیتر ئامادە نین ئەو ئاستەنگانە قبوڵ بکەن و بە توندی خەبات دەکەن.

ژوان کەرەمی

 

ئیلام- لە وتووێژێکدا لەگەڵ س.ک، ژنە هونەرمەندێکی خەڵکی ئیلام لە وڵاتی ئێران، بە ڕەخنەگرییەوە باسی لە دوورخستنەوەی ژنان لە بواری هونەردا کرد، هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کە لە ئێستادا تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ناوەندێکی بەسوودن بۆ بڵاوکردنەوەی هونەری ژنان و وتی: تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان زەمینەیان خۆشکردووە بۆ پیشاندان و نمایشکردنی چالاکییەکانی ژنان لە بواری مۆسیقادا، ئێمەش بەردەوام شاهیدی سەلیقە و حەز و ئارەزووی ژنانین بۆ زانین و زانستی مۆسیقا، ئەمەش نیشانەی هۆشیاری و بەئاگاهاتنەوەی ژنانە لە کۆمەڵگەی ئەمڕۆدا، بۆچوونەکان گۆڕاون و مۆسیقا بە تەنها بۆ کات بەسەربردن نییە، زۆرێکیان دەزانن فێربوونی زمانی مۆسیقا وەک هەر بوارێکی تری ئەکادیمی پێویستی بە هەوڵدان هەیە. بابەتی گرنگتر ئەوەیە کە توانیویانە بەرەنگاری دژایەتی و تێڕوانینی کۆنی پیاوانی بنەماڵە و کۆمەڵگاکەیان ببنەوە.

 

هەروەها باسی لە گرنگترین فاکتەرەکان کرد بۆ باوەڕ و متمانەی ژنان بە خۆیان لەم بوارەدا و وتی: ئەگەر ژنێک بڕوای تەواو بەخۆی نەبێت لە فێربوون یان وانەوتنەوە لە پیشەیەکدا، بە دڵنیاییەوە درێژەدان بەو ڕێگایە قورس دەبێت، بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا ژنان توانیویانە بە متمانە بەخۆبوون بەرەنگاری زۆر کێشە ببنەوە، فاکتەری دووهەم گۆڕانی تێڕوانین و ئەقڵیەتی پیاوان بوو بەرامبەر بە هەبوونی پیشەی مۆسیقا، هەروەها زۆر پیاو هەن کە ڕێگەیان بۆ پێشکەوتنی کچ و خوشک و مێردەکانیان خۆش کردووە و پاڵپشتێکی بەهێز بوون لەم ئاڕاستەیەدا.

 

دەربارەی ئەوەی کە ئایا هیچ لۆژیکێک لە پشت قەدەغەکردنی ژنان لە گۆڕەپانە گشتییەکان و بەتایبەت گۆڕەپانە هونەریەکان بە پەنابردن بۆ شەریعەت، نەریت، یاسا یان هۆکاری فیزیۆلۆژی و دەروونی هەیە؟، س.ک وتی: ەڕای من هیچ لۆژیکێک ناتوانێت ڕێگری بکات لە کارکردنی ژنان لە بواری هونەردا، هونەر لە ڕۆحی مرۆڤدا دەڕژێت، ئەگەر ژیان جەستە و ڕۆحی هەبێت، هونەر ڕۆحی ئەو ژیانەیە، چۆن مرۆڤ لێی قەدەغە دەکرێت کە دەبێتە هۆی گەشەکردنی ڕۆح و پاساو بۆ ئەم قەدەغەکردنە بهێنێتەوە؟! ژەنینی ئامێر و گۆرانی وتن، ئەگەر قەدەغە بکرێت و نەمێنێت، کارەسات ڕوودەدات. ژنان چیتر ئامادە نین ئەو ئاستەنگانە قبوڵ بکەن و بە توندی خەبات دەکەن.

 

چەندین سەدە گۆرانی و دەنگی ژنان قەدەغە کراوە و ژنانیش لەم هونەرە قەدەغە کراون، بەڵام ئێستا کە سەیری مێژوو دەکەین، زۆر ژنە هونەرمەند دەبینین کە ئەو تابوانەیان شکاند و ناوەکانیان لە مێژوودا ماوەتەوە، س.ک لەو بارەیەشەوە دەڵێت: پێش شۆڕشی ١٩٧٥ ژنان لە هەموو بوارەکانی هونەریدا ئازاد و چالاک بوون، بەتایبەت بواری مۆسیقا، لە ڕاستیدا کچە بچووکەکان لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە دەستیان بە وانەکانی گۆرانی وتن لەگەڵ مامۆستایانی بەئەزموون کرد و دوای ئامادەکاری، بە ئازادی و بەبێ هیچ سنووردارکردنی تەمەنێک نمایشیان دەکرد، هەروەها چەندین کۆنسێرت پێشکەش دەکرا کە تێیدا گۆرانیبێژ و مۆسیقاژەنە ژنەکان بە ئازادی و گونجاو جلوبەرگیان لەبەر دەکرد و دەستیان بە ژەنین و گۆرانی وتن دەکرد، بەڵام دوای شۆڕش و بە تایبەتی لەگەڵ شۆڕشی بەناو ڕۆشنبیری، وردە وردە سنووردارکردنی بێشومار بەسەر ژنانی ئەم خاکەدا سەپێندرا، کە یەکێکیان گۆرانی وتنە. ئێستا ژنان بە تاوانبار دادەنرێن و سزا دەدرێن ئەگەر گۆرانی بڵێن و لەلایەن نامەحرەمەکانەوە گوێیان لێ بگیرێت و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش ​​قەدەغە کراوە بۆ ژنان کۆنسێرت ساز بکەن و ژنانی گۆرانیبێژیش پێبگەن.

 

ساڵانێک ژنان لە گۆڕەپانی کۆمەڵایەتی یان بازاڕی کاردا بەشدارییان لێ قەدەغە دەکرا، بەڵام بەهۆی بەرخۆدانی ژنان، ئێستا دەبینین ئەم بۆچوونە پیاوسالاری و هەڵاواردنانە پاشەکشەیان کردووە، لە سینەما و شانۆ و سەما و وەرزشە جۆراوجۆرەکاندا هەمان ڕەوت بینراوە و لە سەردەمی ئێستادا بە بەرخۆدانی ژنان بوژانەوەی بەخۆیەوە بینیوە، ئەو هونەرمەندە باسی لەوەکرد، کە هەموو شتێک پەیوەستە بە گۆڕینی یاساوە، لە کۆتاییدا وتی: تەنانەت تەلەفزیۆنی ئێران پیشاندانی وێنەی ژنە مۆسیقاژەنەکانی قەدەغە کردووە و ژنانیش ناچارن بە ڕووپۆشێکی زۆر توند و بێزارکەر و قورسەوە نمایش بکەن، ناتوانرێت ژنان بە تەنها گۆرانی بڵێن و تەنانەت مافی خوێندنیان لە بەشی مۆسیقاشدا نییە، گۆرانی وتن، ژەنین، ژەنینی ئامێرێک بە بەرگێکی خوازراوەوە، وێناکردنی هونەری مۆسیقا مافی هەموو ژنانە و تا ئەو ئاستەنگانە لاببرێن، پێشکەوتنی مۆسیقا بۆ ژنانی خاک بەردەوام بە هێواشی دەبێت.