کوژەکە کوردی؛ هەوڵی دوو خوشکە بۆ پاراستنی جلی کوردی

جلی کوردی مۆرکی ڕەسەنایەتی کوردییە و شادان و شانیاش دەیانەوێت ئەم جلە وەکو کولتووری گەلەکەیان بپارێزن.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- زمان و کولتوور مۆرکی ناسینەوەی هەموو گەلێکە، جلوبەرگیش بەشێکە لەو کولتوورە، کۆمەڵگەی کوردی خاوەنی جلێکی تایبەت بە خۆیەتی وەکو جلی کوردی و هەر لە کۆنەوە تا ئێستا لەلایەن ژنانەوە هەوڵی پاراستنی ئەو کولتوورە دراوە، بۆئەوەی نەوەکانی دوای خۆیان و وڵاتانی تریش ئاشنا بکەن بەو کولتوورە نەتەوەییە.

 

گرنگیدان بە کولتووری کوردی وای لە شادان و خوشکەکەی کرد کار لەسەر جلی کوردی بکەن

شادان فاروق ژنێکی فەرمانبەری خەڵکی شارۆچکەی تەوێڵەیە و لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دادەنیشێت، لەگەڵ خوشکێک و دوو کچیدا ماوەی ٧ مانگە پەیجێکی جلی کوردیان بە ناوی "کوژەکە کوردی"ەوە داناوە، بۆئەوەی بتوانن لە ڕێگەی جلی کوردیەوە خزمەت بە ژنانی کورد بکەن، لە ڕێگەی داواکاریەوە جلە کوردیەکانیان دەنێرن بۆ ژنان، بیرۆکەی ئیشەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی شادان و خوشکەکەی حەزێکی زۆریان بۆ جلی کوردی هەبووە، چونکە بە مۆرکی کوردەواری دەزانن.

 

شادان و خوشکەکەی کاتێک دەستیان کردووە بە ئەم کارەیان ڕێگریان نەهاتووەتە بەردەم، چونکە چواردەوریان گرنگیان بە جلی کوردی داوە، وەک شادان خۆی دەڵێت: هەر کەسێک کاتێک دەست دەکات بە کارکردن ئەگەر لەلایەن خێزانەکەی خۆی و کۆمەڵگەوە پشتگیری بکرێت، هاندانێک دەبێت بۆ ئەو کەسە و وای لێدەکات بەردەوام بێت لە کارکردن.

 

شادان لەگەڵ خوشکەکەی و دوو کچەکەیدا ناوی " کوژەکە"یان بۆ ئیشەکەیان هەڵبژاردووە، چونکە ناوێکی کولتووریە بۆ مانەوەی کەلوپەلە ڕەنگ شینەکانە، شادان دوو کچەکەشی هێناوەتە ناو ئیشەکەی خۆیەوە بۆ ئەوەی کولتووری کوردی خۆیان بپارێزن و دەڵێت: کولتوور پاراستن سەرەتا دەبێت لە گەورەکانەوە بێت و پێشانی نەوەکان بدرێت.

 

شانیا و خوشکەکەی بۆ هەموو بۆنەیەک جلی کوردی دەپۆشن

شانیا فاروق دەربارەی کارەکەیان وتی: ئێمە ئەم کارەمان هەڵبژارد بۆ هێشتنەوەی مۆرکی کوردەواری، چونکە بۆ هەموو شوێنێک ئێمە جلی کوردی لەبەر دەکەین، وەکو ئەوەشی ئیشەکەمان ناو ناوە کوژەکە هەریەکە لە خۆم و خوشکەکەم و خوشکەزاکانم گوڵە یەخەیەکی کوژەکەمان هەڵگرتووە وەکو مۆرکی ئیشەکەمان، سەرەتا هەر لەناو کوردستاندا جلوبەرگە کوردیەکانمان دەکڕی و دەمانفرۆشتەوە، بەڵام لە ئیستادا لە وڵاتانی دەرەوەش جل هاوردە دەکەین.

 

شانیا لەگەڵ دوو خوشکەزاکەی ڕەنگی جلەکان دەگونجێنن بۆ ئەو کەسانەی داوای جلی کوردی دەکەن، وەک شانیا خۆی دەڵێت: ئێستا لە هەر چوار وەرزی ساڵدا جلی کوردی لەبەر دەکرێت و گرنگی پێ دەدرێت، ئەمە جێگەی دڵخۆشیە چونکە لە چەند ساڵی پێشتردا جلی کوردی بەرەو نەمان دەڕۆشت.

 

ڤاناس وای لە چواردەوری کردووە جلی کوردی بپۆشن

ڤاناس سەروەر، یەکێکە لە کچەکانی شادان و تەمەنی ١٥ ساڵە لەگەڵ ئەوەی دایکی دەبینێت خەریکی کاری جلوبەرگی کوردییە، ئەمیش دەچێتە ناو بوارەکەوە و حەز دەکات وەکو دایکی جلی کوردی لەبەر بکات، زیاتر کاری پێچانەوەی داواکارییەکان دەکات بۆ خەڵک کە لە ڕێگەی پەیجەکەیانەوە داوایان کردووە، کاتێک جلەکان دەپێچنەوە لە کاتی بڕینی قوماشەکە پارچەیەکی زیاتر دادەنێن، بۆئەوەی بە شێوەی کۆن کە فەقیانە پان بووە بیدوورن، هەروەها بۆ هەر پێچانەوەیەک کوژەکەیەکی پێوە دەکەن، ڤاناس دەڵێت: دڵم خۆشە لەم تەمەنەوە جلی کوردی لەبەر دەکەم و مۆرکی نەتەوەکەیەتییە.

 

شانیا و شادان وەکو دوو خوشکم پەیامیان ئەوەیە ژنان پشت بە خۆیان ببەستن

شانیا فاروق پەیامێکی بۆ ژنان نارد و وتی: من خۆم وەکو ژنێک پشتگیری لە ژنانی تر دەکەم بیانەوێت هەر کارێک بکەن، هەموو کارێکیش لە سەرەتادا قورسە، بەڵام ئەنجامەکەی خۆشترە، هەر ژنێک ئامانجێکی هەیە لەسەری بەردەوام بێت و بتوانێت ببێت بە خاوەنی ئابوری سەربەخۆی خۆیان.

 

شادان فاروق لە کۆتایدا وتی: با هەوڵ بدەین جلی کوردی وەکو مۆرکێکی کوردەواری بپارێزین، وە ژنانیش پشت بە تواناکانی خۆیان ببەستن و چواردەور و خێزانیش پشتگیریان بکەن، چونکە پاڵپشتی خێزان هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی ژنان.