لیندای گەنج لەگەڵ خوێندنەکەیدا کار دەکات و ژەنیاری گیتاریشە

کارکردن و بەدیهێنانی خولیاکان هەوڵ و لەخۆبووردوییەکی بەرفراوانی پێویستە، لینداش بە سووربوون لەسەر داخوازییەکەی، بەرەو گەشتن بە ئامانجەکانی هەنگاو دەنێت.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هونەر و کولتوور و فەرهەنگ بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگەکانە، بەتایبەتی ئەگەر پاراستن و پێشکەوتنیان لەسەر دەستی گەنجان و ژنان بێت، چونکە ژنان دەست بدەنە هەر بوارێک ڕەنگێکی جیاوازی پێ دەدەن، لە ئێستاشدا ژنانی گەنج سەرەڕای بەربەست و ڕێگرییەکان دەستیان داوەتە هونەر بۆ سەلماندنی توانای خۆیان و خزمەتکردن بە کۆمەڵگە.

 

لیندا ٧ ساڵە گیتار دەژەنێت

لیندا عەبدوڵا، ژنێکی گەنجی تەمەن ٢٢ ساڵە و خەڵکی شاری ڕانیەیە، لە شاری سلێمانی لە بەشی دەرمانسازی دەخوێنێت و کار دەکات، لە ئێستاشدا ژەنیاری گیتارە و ماوەی ٧ ساڵە گیتار دەژەنێت، لە سەرەتادا کاتێک خوێندکار بووە لەگەڵیشیدا بەشداری خولی فێربوونی ئامێرە موزیکییەکانی کردووە و گیتاری هەڵبژاردووە، پێشتریش یاریزانی پاسکیلسواری بووە و چەندین جار پلەی یەکەمی بەدەستهێناوە، بەڵام لەبەر حەز و خولیای بۆ گیتار زیاتر پەرەی پێداوە.

 

لیندا جگە لە گیتار حەزدەکات فێری پیانۆ ببێت و لە پلانیدا هەیە لە داهاتوودا بۆ ئەوەش هەوڵ بدات، لیندا بەهۆی ئەوەی خوێندکاری زانکۆیە و لەگەڵیدا کار دەکات، کاتی کەم دەمێنێتەوە بۆ ژەنینی گیتارەکەی، بەڵام هەر وازی لێ نەهێناوە و زیاتر لە کاتی پشووەکاندا کاتی بۆ ڕاهێنان کردن هەیە.

 

"ژنان زیاتر هەوڵ دەدەن لە بواری هونەردا"

لیندا هەر لە سەرەتای دەستکردنی بە گیتار ژەنین گۆرانیشی لەگەڵ دەوت، گرنگی بە گۆرانییە فۆلکلۆرییەکان دەدات و دەڵێت: هەر گۆرانییەک لەگەڵ ژەنینی گیتارەکەمدا بگونجێت دەیڵێم، گیتارەکەم مانای ژیانی هەیە بۆ من وەکو حەز نەک وەکو پێویستی، ژنان لە فێربوون و ژەنینی ئامێرە موزیکییەکان بەتواناترن و زیاتر هەوڵی لەگەڵدا دەدەن، ژنان ڕێگرییەکی زۆر دێتە بەردەمیان کاتێک دەیانەوێت دەست بکەن بە کارێک، بە تایبەتی لە بواری هونەردا کە لە کۆمەڵگەدا هێڵی سوورە بۆ ژنان، بۆیە لە ئێستادا بەرەوپێشچوونێکی زۆری ژنان هەیە.

 

وتیشی: بەهۆی ناهۆشیارییەوە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا هەر لە کۆنەوە تا ئێستا ئاین تێکەڵ بە هونەر کراوە و ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری خێزانەکان ڕێگری لە ژنان بکەن بڕۆنە ئەو بوارەوە، هۆکارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ ناشرین کردنی شوێنە هونەرییەکان کە زۆر جار ئەو شوێنانە بۆ کاری هونەری بەکارناهێنرێن و دەبێتە هۆی ناشیرینکردنی خودی ئیشەکە.

 

ڕێگرییەکان لیندا لە ژەنینی گیتار ناوەستێنێت

لیندا لەبەرئەوەی خوێندکار بووە، خێزانەکەی ڕێگرییان لێکردووە ببێت بە گیتارژەن، بەڵام لیندا دەیسەلمێنێت کە دەتوانێت لە هەردوو بوارەکەدا سەرکەوتوو بێت، پێی وایە دەبێت تاکەکان لە لایەن خۆیانەوە گرنگی بە هەستی هونەری بدەن، بۆ ئەوەی کۆمەڵگەش بەرەوپێش ببەن، لیندا پێشتر وانەی فێربوونی گیتاری بە چەند گەنجێک وتووە و فێری کردوون، هەروەها بە گروپیش کاری کردووە، بەڵام لە ئێستادا بە تەنها گیتار دەژەنێت و وەک خۆی دەڵێت: ناتوانم بە گروپ ئیش بکەم، چونکە هەقی خۆی نادەم بە گیتارەکە.

 

لیندا لە کۆتاییدا دەڵێت: پەیامم ئەوەیە بۆ گەنجان و بەتایبەتی ژنان سوور بن لەسەر ئامانجەکانیان، چونکە ئەوەی ڕێگری لێ دەکردین. ڕۆژێک بە شانازییەوە باسمان دەکات و دەگەین بەو شتەی کە دەمانەوێت، بە مەرجێک لەسەری بەردەوام بین و دڵنیا بین کە ئامانجەکەمان ڕاستە.