"هاتنی بینەر بۆ سەیرکردنی شانۆ ڕێزگرتنە لە شانۆکار"

هونەرمەندان بە ئەنجامدانی کاری شانۆیی دەیانەوێت ئازارەکانی کۆمەڵگە بگەیەنن، بۆیە بینەریش دەبێت ڕێز لەو ماندووبونەی ئەوان بگرێت بە سەیرکردنی بەرهەمەکانیان، شانۆکارێکیش دەڵێت: هاتنی بینەر بۆ سەیرکردنی شانۆ ڕێزگرتنە لە شانۆکار.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-شانۆ بە یەکێک لە هونەرە گرنگەکان دادەنرێت و سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی یۆنانیەکان، چونکە تاکە ڕێگا بووە بۆ دەڕبڕینی هونەری، بۆیە شانۆکار دەبێت هێزێکی تایبەتی هەبێت و سەرنجی بینەر ڕابکێشێت بە درێژایی کاتی شانۆییەکە، لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بە شێوەیەکی جیاواز شانۆ پێشکەش دەکرێت کە گوزارشت لە کێشەوگرفتەکانی ئەو کۆمەڵگەیە دەکات، ٢٧ی ئازاری ١٩٤٨ ڕێکخراوی یونسکۆ ڕۆژی شانۆی وەک ڕۆژێکی جیهانیی دیاریکرد، ساڵانەش لەم ڕۆژەدا یادی شانۆ دەکرێتەوە بە ئەنجامدانی چالاکی جۆراوجۆر.

 

"لە ئێستادا جوڵەیەکی باشی شانۆیی هەیە"

ڕوبار خالید، شانۆکار ئاماژەی بەوەکرد، پیرۆزبایی ڕۆژی شانۆ لە هەموو هاوڕێ شانۆکارەکانی خۆم و بینەرانی ڕاستەقینەی شانۆ دەکەم، قورسە لە دۆخێکی وادا هەڵسەنگاندن بۆ شانۆ بکەین لە هەرێمی کورستاندا، بە گشتی کەموکورتی هەیە، بەڵام جوڵەیەکی باشی شانۆ هەیە، ئەکتەر و دەرهێنەری باشمان هەیە، لەگەڵ هەموو ئەو کەموکورتیانەی کە هەیە شانۆ هەر بەردەوامە، لە ڕابردوودا کاری شانۆیی زۆر باشمان هەیە و لە ئێستاشدا ئەو کارە باشانەمان هەیە، ئەمەش وایکردووە دانەبڕێین لە قۆناغی پێش خۆمان.

 

"هەموو کارێکی شانۆیی پەیامێکی هەڵگرتووە"

ڕوبار خالید ڕوونیکردەوە، هونەر بە گشتی کاریگەری هەیە لەسەر کۆمەڵگە بە تایبەتی شانۆ، چونکە شانۆ ڕاستەوخۆ بەر بینەر دەکەوێت، دەشڵێت: کاتێک شانۆکار شانۆیەک پێشکەش دەکات هاتنی بینەر بۆ سەیرکردنی شانۆکە ڕێز گرتنە لە هونەرمەندەکە، ئەرکی ئێمەی شانۆکار ئەوەیە هەموومان پێکەوە ڕووبەڕووی ناشیرینیەکان و کارەساتەکانی کۆمەڵگە ببینەوە بۆ بەرەوپێشچوونی شانۆ، کەمن ئەو ئیشانەی دەبرێنە دەرەوەی وڵات، هەر کارێکی شانۆیی دەکرێت کۆمەڵێک پەیام و ڕەخنەی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکەی تیایە، بۆیە هەر کارێکی شانۆیی کرابێت ئازارەکان یان جوانی و باشیەکانی کۆمەڵگەی تێدا کۆبووەتەوە و پێشان دەدرێت، هەموو هونەرمەندێکیش بە هەڵوێستەکانیدا دەناسرێتەوە، کە کۆمەڵێک پەیام و بەرپرسیارێتی لەسەر شانە دەبێت وەکو خۆی بیگەیەنێت.

 

"دەقێکی شانۆیی کە ڕاستەوخۆ بەر بینەر بکەوێت کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەش دەبێت"

ڕوبار خالید، کە خۆی ئەکتەری ناو شانۆیی "دواڕۆژەکانی بابلۆیە" و لەماوەی ڕابردوودا بە هەزاران کەس بینەری بوو و دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، وتی: ئەگەر شانۆی "دواڕۆژەکانی بابلۆ"بە نمونە وەربگرین کارێک بوو کۆمەڵێک ڕەخنەی لەخۆگرتبوو و بەپێی ڕا و بۆچوونی بینەران پەیامەکەمان وەکو خۆی گەشتبوو بە بینەر و کۆمەڵگە، ئەگەر دەقی جوان هەبێت و ڕاستەوخۆ بەر بینەر بکەوێت بینەریش سەیریان دەکات و کاریگەری دەبێت، لە هەرێمی کوردستاندا بایەخێکی باش بە شانۆ و شانۆکار نەدراوە، هەموو ئەو شانۆکارانەی دەقێکی شانۆیی بەرهەمدێنن بە سەختی و بەربەستێکی زۆردا تێدەپەڕن، بەڵام ئێمەی شانۆکار هەر هیوامان هەیە.