فێستیڤاڵی کولتووری کوردی لە قوتابخانەی ڕەنگین بەڕێوەچوو

لە قوتابخانەی ڕەنگینی کچان فێستیڤاڵی کولتووری کوردی بەڕێوەچوو، بە شانۆییەک پەیامی تێکۆشانی ژنان بۆ یەک پارچەیی کوردستان جەختی لێکرایەوە.

سلێمانی

 

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، ٦ی ئادار، قوتابخانەی ڕەنگینی کچان فێستیڤاڵی کولتووری کوردی ساز کرد و تێیدا چەندین نمایشی هونەری، شانۆ و جلوبەری کوردی پێشکەشکرا.

 

ناوەڕۆکی فێستیڤاڵەکە گرنگیدان بوو بە زمان و شوناسی کوردی و پاراستنی لەپێناو مانەوەی نەتەوەیەکدا، لە شێوەی سیمیناردا، سەبارەت بە زمان، جوگرافیا، دابەشکردنی کوردستان و گرنگی خاکی کوردستان زانیاری بەخشرایە خوێندکاران و ئامادەبووان.

 

یەکێک لە چالاکییەکانی فێستیڤاڵەکە، نمایشکردنی شانۆییەک بوو بە ناوی (دوو دانە دوو نابێت بە چوار، دەبێت بە یەک) کە دەربارەی تێکۆشانی ژنانی کورد بوو لە چوار پارچەی کوردستان، لەلایەن خوێندکارانەوە ئامادەکرابوو، تێیدا هەریەک لە کەسایەتی لەیلا قاسم، ژینا ئەمینی و دیجلە ڕۆهات و لەیلا زانا بەرجەستەکرابوو.