پێشەنگایەکی هاوبەش بۆ مامۆستایانی ڕانیە کرایەوە

لە شاری ڕانیە پێشەنگایەکی هونەری هاوبەش بۆ مامۆستایانی هونەر کرایەوە و تیایدا نزیکەی ١٤٠ تابلۆ نمایشکرا.

دیڤان سیهاد

 

ڕاپەڕین- دوێنێ لە لە هۆڵی وەرزش و لاوانی شاری ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەڕین، بە سەرپەرشتی هۆبەی چالاکی هونەری لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ڕانیە و بە دروشمی "هەست و سۆزێک بۆ خۆشەویستی جوانی ڕەنگەکان" پێشەنگایەکی هاوبەشی مامۆستایانی هونەری سنوری پەروەردەی ڕانیە کرایەوە.

 

لە پێشەنگاکەدا نزیکەی ١٤٠ تابلۆ کە کاری هونەری مامۆستایان بوو نمایشکرا، ڕێژنە حامید، لە هۆبەی چالاکی هونەری، باسی لەوەکرد کە وەک سەرپەرشتیاری هونەری هۆبەکە ساڵانە پێشەنگا دەکەنەوە، وتیشی: چەندین مامۆستای بە ئەزموون بەشداری پێشەنگاکەیان کردووە، بە ڕوئیا و بینینی دیدگای خۆیان بەشداریان کردووە.

 

چرۆ ئازاد، مامۆستای شێوەکار، ساڵانە بەشداری لە پێشەنگای ساڵانەی مامۆستایانی هونەر دەکات، تابلۆی ئەمساڵی چرۆ ناوی "سەمای ماسییەکان"ە، کە جوانی ژنانی پێ پێناسە دەکات، وتیشی: ئێمە وەک هونەرمەندان و شێوەکاری ژن، توانیومانە لە ئاست تابلۆکانماندا ئەوەی نەمان توانیووە بە دەنگ بیڵێین، لە ڕێگەی ڕەنگەکانمانەوە  لەسەر تابلۆ خستوومانەتە ڕوو، بۆئەوەی ئەو ئازارانەی هەمانە نیشانی بدەین، خۆم هەر کاتێک ئاڵۆزی دەروونیم هەبووە، توانیومە لە ڕێگەی ڕەنگەکانم ئەو ئاڵۆزییە بخەمە سەر تابلۆکانم، توانیومە پیشانی چواردەورەکەمی بدەم ژن زۆر بەهێزە کە توانای کارکردن و خستەڕووی زۆرە، بۆیە دەتوانێت هەمیشە کاری جوانتر بکات و زیاتر بەرەوپێش بچێت.