من لە ڕێگەی هۆنراوەوە پەیام بە کۆمەڵگە دەدەم

وەحیدە محەمەد ئاماژەی بەوەکرد کە لە شێوەی هۆنراوەدا هەستی خۆشی و ناخۆشی دەردەبڕێت و لە ڕێگەی هۆنراوەوە پەیامێک بۆ ژنان و کۆمەڵگە دەنێرێت.

ئاڤاشین هێلین

 

دێرک- وەحیدە محەمەد، دایکێکی تەمەن ٥٠ ساڵە و خەڵکی گوندی گرێ پیرە، لە ناوچەی گرکێلەگی سەر بە کانتۆنی قامیشلۆ نیشتەجێیە، وەحیدە هەستی خۆشی و خەمگینی خۆی و ئەو مێژوو و ڕووداوانەی کە بیری دەکەوێتەوە لە ڕێگەی هۆنراوەوە بە منداڵ و دەوروبەری خۆی دەڵێت و بۆیان دەگێڕێتەوە، وەحیدە محەمەد لەبەر هۆکارەکانی سەردەم نەچووەتە بەر خوێندن و نازانێت بخوێنێتەوە و بنووسێت، ئەو وشەکان بە هەستەکانی خۆی کۆدەکاتەوە و وەک هۆنراوە دەیهێنێتە سەر زمان.

 

"بە ناسینی لەیلا قاسم خۆم ناسی"

لە سەرەتادا وەحیدە محەمەد، کاریگەری و شانازیی خۆی بەو ژنانەی کە مۆرکیان لە مێژوودا بەجێهێشتووە، دەردەبڕێت و وتی: لە تەمەنێکی بچووکدا چاوم بە لەیلا قاسم کەوت و زۆر سەرسام بووم و شانازیم پێوە دەکرد، چونکە ژنێکی کورد بوو، ‌هەمیشە قارەمانێتییەکەی لەسەر زمانی بوو، لە هەموو ماڵێکدا وێنەی ئەو هەبوو، سەدان ژنی دیکەی وەک ئەو هەن، بەڵام بەداخەوە مێژوو باسیان ناکات، فیداکاری و بەرخۆدانی ئەوان نیشان نادات، لە سایەی ڕێبەر ئاپۆ و تەڤگەری ئازادییدا، ئەو ژنانە ئێستا ناسراون و بەبیریان دێنینەوە.

 

"لە بارەی کوڕە شەهیدەکەم و هاوڕێکانی هۆنراوەم وتووە"

وەحیدە محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە حەزی لە گوێگرتن لە گۆرانی و هۆنراوەکانە، "لەبەرئەوەی حەزم لە گۆرانی و هۆنراوە بوو، هەمیشە گوێم لێ دەگرت، لەگەڵ دەستپێکردنی شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان لە ساڵی ٢٠١١دا کە کوڕەکەم تێیدا شەهید بوو، دەستم کرد بە وتنی هۆنراوە من سەبارەت بە لەدەستدانی کوڕەکەم و بەرخۆدانی ئەو و هاوڕێکانی هۆنراوەم دەوت".

 

"کلیلی چارەسەری کێشەکان ڕێبەر ئاپۆیە"

وەحیدە محەمەد، ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە هەموو کاتێک هۆنراوەی بۆ ناوترێت، بەڵکو هۆنراوە ئیلهامی دەوێت و وتی: من ناتوانم هەمیشە هۆنراوە دروستبکەم یان بڵێم، چونکە هۆنراوە ئیلهامی دەوێت، کاتێک من بە ڕووداوێک کاریگەر دەبم یان بیر لە شتێک دەکەمەوە، لە کاتێکی زۆر کورتدا وشەکان کۆدەکەمەوە و هۆنراوە دروستدەکەم، لە هۆنراوەکانمدا سەرنج ڕادەکێشم بۆ ژنانی هەر چوار پارچەی کوردستان کە لە زیندانەکاندا بەرخۆدان دەکەن و لە شەڕدا داستان دەنووسنەوە، هەروەها ئەوانەی پێشەنگایەتی بەرخۆدانی هەموو بوارەکانی ژیان دەکەن دەهێنمە گۆ، هۆنراوەکانی من سەبارەت بە ڕێبەرایەتی جەخت لەسەر هێز و کاریگەریی بیر و فەلسەفەکەی دەکاتەوە، کلیلی چارەسەری هەموو کێشەکان ڕێبەر ئاپۆیە.

 

"هەر هۆنراوەیەک چیرۆکە"

وەحیدە محەمەد لە کۆتای قسەکانیدا وتی: هەر هۆنراوەیەک پەرتوکێکە و لەو وشانەدا هەست و سۆزێک هەیە کە پڕە لە واتا، دەمەوێت بە هۆنراوە باسی خۆشەویستی خاک بکەم، دەمەوێت بە هۆنراوەکانم ئەو کەسانە ئاگادار بکەمەوە کە وڵاتەکەم جێدەهێڵن و هەست بەوە بکەن کە بەهای مرۆڤ لە وڵاتەکەیاندایە.