"کارکردن ئاسوودەیی دەروونیم بۆ دێنێت"

خاوەن پێداویستییەکی تایبەت ماوەی دوو مانگە کاری چنین دەکات و لە دوو پێشانگای کاری دەستیدا بەشداری کردووە، دەشڵێت: کارکردن خۆشە و ئاسوودەیی دەروونیم بۆ دێنێت.

ئاسودە محەمەد

 

شارەزوور- سنور کەریم، تەمەنی ٣١ ساڵە و ژنێکی گەنجی دانیشتووی شارۆچکەی سەیدسادقە لە پارێزگای سلێمانی تا قۆناغی ١٠ی ئامادەیی خوێندووە، سنور خاوەن پێداویستی تایبەتە و ماوەی هەژدە ساڵە ئەندامی کۆمەڵەی  کورتە باڵایانی سلێمانییە، خولیا و ئارەزووی کاری دەستی و چنینی هەیە.

 

گەرچی سنور خاوەن خولیای کاری دەستی بووە، بەڵام تەنها دوو مانگە خولیاکەی کردووەتە کرداری و دەستی بە کار کردووە، لەو ماوە کورتەشدا توانیویەتی سەلیقە و بەهرەی خۆی نیشان بدات و بەشداری چەند پێشەنگایەکی کاری دەستی بکات.

 

کارە دەستییەکانی سنور پێکدێن لە چنینی ملوانکە و دەستبەند و کەلوپەلی جوانکاری، لەو ماوە کورتەی دەستبەکاربوونیدا، لە دوو پێشەنگادا بەشداری کردووە، کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانی خاوەن پێداویستی تایبەتەوە ڕێکخرابوون.

 

سنور کەریم دەڵێت: هەستێکی خۆشە کارکردن، ئاسودەییە بۆمان، هەم لەڕووی دەروونیەوە هەمیش لە ڕووی مادییەوە بەسودە و هاوکارمان دەبێت، هەموو کەس دەتوانێت کار بکات، ئەگەر کەسێکی جەستە ساغ یاخود خاوەن پێداویستی تایبەتیش بێت.

 

سنور توانیویەتی لە پێشەنگاکاندا بەرهەمەکانی بە خەڵک بناسێنێت و بیانفرۆشێت، لەناو بەشداربووانیشدا تاکە کورتە باڵا بووە کە کاری چنینی هەبێت، سنور باسیش لە دەستپێکی کارکردنی دەکات و دەڵێت: "دەستپێکی کارکردنم تەنها لە ماڵەوە بووە، دواتر لە خولێکی فێرکاری کاری دەستڕەنگینیدا بەشداریم کرد"، لەناو سیانزە کچدا تەنها سنور خاوەن پێداویستی تایبەت بووە، ئەو خولە بووەتە دەستپێکێکی باش بۆ حەز و خولیاکەی و تائێستەش بەردەوامە.

 

سنور باس لە پێشوازی خەڵک دەکات بۆ کارەکانی و دەڵێت: "پشتیوانییان جێی دڵخۆشییە، کارەکانمیان بە دڵ بووە لەگەڵ ئەوەی سەرەتامە"، پلانیشیەتی کە پێگەیەکی تایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکاتەوە و کارەکانی تێدا نمایش بکات.

 

ئەو ژنە گەنجە بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانی زیاتر پشت بە بیرۆکەی خۆی دەبەستێت، هەروەها پێگە ئەلترۆنییەکان بەکاردەهێنێت تا نوێگەری لە چنینەکاندا بکات، داواش لە ژنان دەکات "توانا و حەزی خۆیان بدۆزنەوە و کاری تێدا بکەن".

 

گەرچی سنور خاوەن باڵایەکی کەمترە لە کەسی ئاسایی، بەڵام توانا و خەونەکانی گەورەن و دەیەوێت بەو توانا زۆرەوە خەونەکەی بەدیبهێنێت.