ڕەشا، دەنگێک لە جیهانەوە بۆ ئاشتی

لە پێناو بەدەستهێنانی ئاشتی لە سودان و وڵاتانی جیهاندا ژنێک هەموو ژیانی خۆی تەرخان دەکات بۆ بڵاوکردنەوەت ئاشتی و دادپەروەری لە ڕێی مۆسیقا و گۆرانییەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕەشا شێخ الدین یەکێکە لەو ژنانەی لە جیهاندا گۆرانی بۆ ئاشتی وتووە، ماوەی ٢٠ ساڵ لەگەڵ خێزانەکەی لە سودان ژیاوە، دواتر بە نزیکەیی چارەکە سەدەیەکی لە ئیسپانیا بەسەر بردووە، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام بوو لە خوێندن بەڵام لەوکاتەی خۆی لە هونەردا دۆزییەوە، لەپێناو پەرەدان بە هونەر و گۆرانی وتن وازی لە خوێندن هێنا.

 

تا ئێستا بەشداری لەگەڵ زیاتر لە ١٥٠ گۆرانیبێژی جیهاندا کردووە بۆ وتنی گۆرانی ئاشتی لە جیهاندا، بەڵام ئەم وەک ژنێک تێڕوانینی جیاوازی هەبووە بۆ نەبوونی ئاشتی لە جیهاندا، زیاتر نەبوونی ئاشتی بە جیهانی گەلانی ئەفریقاوە دەبەستێتەوە.

 

"ئاشتی لەسەر دەستی دەوڵەت و حکومەت نامێنێت"

لە وتارێکی ئەو ژنەدا کەلە لە لاپەڕەی دەزگای ئاغان بۆ ئاشتی بڵاوکراوەتەوە هاتووە، "ئاشتی جیهان کاتێک بەدەستدێت کە ئابوورییە گەورەکان کردەوەی شەڕانگێزی خۆیان بەرامبەر ئابوورییە بچووکەکان بوەستێنن، چونکە زۆربەی گەلانی جیهان درک بە گرنگی و خۆشەویستی ژیان لە ئاشتی و یەکسانی و هاوسۆزی و کەرامەتدا دەکەن، لە جیهانێکداین کە تاکەکان داوای شەڕ ناکەن، بەڵکو دەوڵەت و حکومەتەکانن بانگەشەی بۆ دەکەن".

 

لەپێناو نەهێشتنی نادادپەروەری گۆرانی بۆ ئاشتی دەوت

خێزانەکەی ڕەشا زۆرینەیان لەسەر بەهرەیەکی هونەری پەروەردە کراون و لە بواری مۆسیقیدا کار دەکەن، ئەمەش وایکردووە لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا سودان بەجێبهێڵێت و ڕێگەیەکی قوڵتر هەڵبژێرێت بۆ چونە نێو کلتووری هونەری وڵاتەکەی خۆی و وڵاتانی دیکەش، بەتایبەت هونەری ئیسپانیا.

 

سەرەتا ڕەشا لە ئیسپانیا لەگەڵ خوشکە گەورەکەی دەژیا و دواتر لەگەڵ سێ برای دیکەیدا ژیانی بەسەردەبرد، بەردەوام هەوڵی بەرەوپێشچوونی خۆیان دەدا لە ڕووی هونەر و مۆسیقاوە تا گەیشتە ئەوکاتەی دەستیانکرد بە دامەزراندنی گروپێکی مۆسیقی و هونەری، تیایدا گۆرانی جیاوازیان دەوت، بەڵام سەرچاوەی وتنی گۆرانی لە ڕەشادا قبوڵنەکردنی نادادپەروەری بوو، ئەمەش وایکرد ئاڕاستەی گۆرانییەکەی زیاتر ئەو لایەنە بگرێت.

 

هەموو ئامانجی بەدیهێنانی ئاشتییە لە جیهاندا

سەرەڕای نزیکی لە ڕاستی ژیانی سودان، بەتایبەتی لە دوای شۆڕشی سودان، ڕەشا بەداخەوەیە کە تا ئێستا هیوای شۆڕش نەگەیشتووەتە دی، بەڵام هیواکەی هێشتا بەو شۆڕشگێڕانەوە گرێدراوە کە بەردەوامن لە تێکۆشان بۆ گەڕانەوەی سودان بەرەو سەلامەتی و ئاسایش و بە ئارامی کە دەیان ساڵە ون بووە.

 

ئەو ژنە هەمیشە لە خەمی بەدەستهێنانی ئاشتیدایە بۆ تەواوی جیهان، پێیوایە ماوەی هەبوونی ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخەکەی خراپتر کردووە، بە جۆرێک نادادپەروەری زیادکردووە لە جیهاندا، هیوا دەخوازێت ئاشتی سەرتاسەری لە جیهاندا بەدی بێت.