شیوا بەدوای خەونەکانیدا دەگەڕێت لە بواری هونەری نواندندا

شیوا قادری سەبارەت بە خواستەکانی دەڵێت: ئاواتەخوازم کچانی وڵاتەکەم بگەنە ئەو ئازادی و دۆخەی کە دەیانەوێت و ئازادانە هەوڵبدەن بۆ هەر خەونێک کە هەیانە، ژن بوون ڕێگر نەبێت لەوەی کارە دڵخوازەکانیان ئەنجام بدەن.

دیلان محەمەدی

 

مەهاباد- شیوا قادریی ١٧ ساڵ، دانیشتووی شاری سەردەشتە، ئەکتەرە و ئارەزووی کاری هونەری هەیە، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی نوژنها ئاماژەی بەوەدا کە لە تەمەنی ٨ ساڵییەوە دەستی بە کاری نواندن کردووە، یەکەم کاریشی لە کورتە فیلمی "خەونی ڕەنگاوڕەنگ"ی ئاوات مستەفایی بووە، دەشڵێت: دوای ڕۆڵگێڕانم لەم فیلمەدا زۆر حەزم لە نواندن بوو و بەردەوام بووم. دووەم کاری من فیلمێکی درێژ بوو بە ناوی "پەرسە موزانی" کە لەگەڵ "ئاوات مستەفایی"ش کارم کرد، لە بوارەکەدا چەندین کتێبی باشم خوێندووەتەوە و سەیری چەندین فیلمم کردووە و ئەم بەرهەمانە بۆ من بەسوود بوون.

 

کێشەی ژنان لە سینەمادا

 شیوا باس لەو کێشانە دەکات کە لە بواری سینەما و شانۆدا هەن و وتی: بواری شانۆ کەمێک ترسی خستووەتە ناو ئێمەوە و ئەم ڕووداوانەی ئەم دواییە ئێمەی ژنیان ترساندووە، بەڵام بزووتنەوەی می توو-ME TOO وای لێکردین بزانین کە جیاکارییەکی زۆر لە دژی ژنان لە بواری سینەمادا هەیە و لە شوێنی کاردا متمانە کەمترە و ترسی زیاترە، هۆکاری گۆڕانی کۆمەڵگەش وایکردووە کە ژنان لە شانۆ دووربکەونەوە.

 

"هواخوازم ژنان بگەنە ئازادی"

یەکێک لە خواستەکانی شیوا ئازادی هەموو ژنانی وڵاتەکەیەتی و گەشتنیانە بەو ئامانجەی کە هەیانە، دەڵێت: بە ڕاستی ئاواتەخوازم کچانی وڵاتەکەم بتوانن بگەنە ئەو ئازادی و بوارەی کە خۆیان دەیانەوێت و بتوانن ئازادانە بۆ هەر خەونێک کە هەیانە تێبکۆشن، ژنان ناکرێت ڕێگرییان لێبکرێت، حەز دەکەم هاوتەمەن و کچەکانی دەوروبەرم دڵخۆش ببینم و ببینم سەرکەوتوو دەبن.