کلتور ئاوێتەی کۆمەڵگەیە

کلتور پێناسەی نەتەوەیە و هەر نەتەوەیەک لە کلتورەکەی دابماڵرێت، لە هەبوونی داماڵراوە، دەسەڵاتی داگیرکار بە لێدان لە کلتور داخوازییەکانی خۆی بۆ شکست پێهێنان و تەسلیم کردنی نەتەوەیەک پێکدەهێنێت.

ژیان عەلی

 

ناوەندی هەواڵ- بە گشتی کلتور هەموو ئەو چالاکیانە دەگرێتەوە کە لەناو کۆمەڵگەدا ئەنجامدەدرێت، زانایانی کۆمەڵناسی بە چەندین شێواز پێناسەی کلتوریان کردووە، سادەترین پێناسە ئەوەیە، کلتور هەموو ئەو کردارانەی کە سروشتی نین دەگرێتەوە، بۆ نمونە خواردن کردەیەکی سروشتییە، منداڵ هەر لەدایکدەبێت دەم بۆ خواردن دەگێڕێت، بەڵام شێوازی خواردن و چی دەخۆیت ئەمەیان دەبێت بە بەشێک لە کلتوری تۆ.

 

هەموو نەتەوەیەک خاوەن کلتوری خۆیەتی کە لەو ڕێگایەوە لە نەتەوەکانی دیکەی جیادەکاتەوە، هەموو شێوەکانی هونەر "میوزیک، گۆرانی، شانۆ، شێوەکاری، جلوبەرگ، هونەری بیناسازی، ئاستی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، ئاین و هۆشیاری، تێڕوانینی هاوبەشی بەشێکی زۆری ئەندامانی کۆمەڵگە، مێژوو، دابونەریت، شێوازی پەروەردەکردنی منداڵ و چەندین شتی دیکە، دەبنە کلتوری نەتەوەیەک، هەموو ئەم کردارانەی ئەندامانی کۆمەڵگە ئەنجامی دەدەن، دەبێتە پێناسەی کلتوری کۆمەڵگە، بۆ ئەوەی نەتەوەیەک بناسین لە کلتور و شێوازی ژیانیان دەستپێدەکەین، کردارەکانیان پێمان دەڵێن ئەم گەلە خاوەن چ جۆرە کلتورێکن، ئاستی بیرکردنەوە و مامەڵەکردنیان و هۆشیارییان چۆنە، هاوکات جلوبەرگ یەکەم شتە کە سەرنجی کەسێکی بیانی ڕادەکێشێت و لەوێوە هەوڵدەدات بزانێت ئاستی بیرکردنەوە و شێوازی ژیانی خەڵکەکە بناسێت.

 

بە درێژایی مێژوو مرۆڤەکان لە هەر نەتەوەیەک بووبێتن لەناو یەکدا ژیاون و سنوری دەستکرد بوونی نەبووە و لە کلتوری یەکدی سودیان وەرگرتووە و ئاڵوگۆڕیان کردووە، بەشێوەیەکی سروشتی و بەبێ ئەوەی کە کلتوری یەکێک بەسەر ئەوی دیکەدا زاڵ بووبێت، یان هەوڵی سڕینەوەی یەکتریان دابێت.

 

سیستمی سەرمایەداری بۆ سڕینەوە یان قڕکردنی کۆمەڵگاکان دەستی بردووە بۆ شێواندنی کلتورەکان و لەو ڕێگەیەوە بە شێوازی نەرم، ویست و مەرامەکانی خۆی بەسەریاندا سەپاندووە.

 

ئایا بەبێ کلتور دەتوانرێت پێناسەیەکی دروست بۆ کۆمەڵگە بکرێت؟

کلتور هۆشی کۆمەڵگەیە، تەنیا کاتێک دەتوانرێت باس لە هەبوونی کۆمەڵگەیەک بکرێت کە خاوەن کلتورێکی ڕەسەن و تایبەت بە خۆی بێت، گەلی کورد یەکێک لەو نەتەوە ڕەسەن و کۆنانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە هەڵگری کلتوری زاگرۆسییە، ئەم کلتورە بە کلتوری تەنها نەتەوەیەک پێناسە ناکرێت، بەڵکو شێوازی کلتوری بەرخۆدانییە، بەم هۆیەشەوە زۆرجار بە ڕێگای جیاواز لەلایەن سیستمی سەردەستەوە کاتێک کە نەیانتوانیوە ئەو نەتەوەیە شکست پێبهێنن و تەسلیمیان بکەن، هەوڵی دزین و سڕینەوەی کلتورەکەیانیان داوە، بۆ ئەوەی لەم ڕێگەیەوە کۆمەڵگە تەسلیم بکەن، لە ڕۆژی ئەمڕۆشماندا ئەم سیاسەتە بە دژوارترین شێوە بەڕێوەدەچێت.

 

دەوڵەتانی دەسەڵاتدار، لە هەموو بەشەکانی کوردستان بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدان لەم ڕێگایەوە ویست و داخوازییەکانی خۆیان بەسەر کۆمەڵگەی کوردەواریدا بسەپێنن، بۆیە لە ئێستادا ئەم دۆخە بە شێوازێكی ڕوون و ئاشکرا لە کوردستاندا دەبینرێت، جا ئەمە چ لە ڕێگای زنجیرە دراماکان و شێوازی لەبەرکردن و خواردن بووبێت، چ لە ڕێگای زاڵکردنی هونەر و پەروەردەوە بووبێت، پەندێکی پێشینان هەیە دەڵێت "بە لۆکە سەرت دەبڕن"، واتە ئەو کەسەی کە لە کلتوری خۆی بێگانە بوو، خۆی گۆڕی خۆی هەڵدەکەنێت.