پێشەنگای کابوک؛ کاری قەڵەمی ڕەشی ژنانی ورمێ

پێشەنگای تابلۆی ڕەشی کابوک بە بەشداری ژنانی هونەرمەندان لە کۆمەڵگەی ڕۆشنبیری و هونەری ورمێ بەڕێوەچوو، لەم پێشەنگایەدا چەندین بەرهەم بە ناوەڕۆکی ژن، ئازادی، منداڵ، شەڕ، ژینگە دەبینرێت.

سارا فەتاحی

 

ورمێ- پێشەنگایەکی تابلۆی قەڵەمی ڕەشی کابوک بە بەشداری ١٤ ژنە هونەرمەند لە ورمێ لە ١٨-٢٢ی کانوونی یەکەم لە گەلەری میلانۆی کۆمەڵگەی فەرهەنگی و هونەری ورمێ بەڕێوەچوو، کە تیایدا چەندین بەرهەم بە ناوەڕۆکی ژن، ئازادی، منداڵ، شەڕ، ژینگە نمایشکرا.

 

پێشەنگاکە بە هەوڵی ناهید شکوهی، بەڕێوەبەری قوتابخانەی نیگارکێشی کابوک بۆ پیشاندانی توانای ژنان لەم بوارەی هونەردا ڕێکخرابوو، سەمیرە مەحمودی، یەکێک لە سەردانیکەرانی ئەم پێشەنگایە دەڵێت: ئەو کارە هونەریانەی لێرە نمایش دەکرێن زۆر داهێنەرانە دروستکراون، تەنها بە سەیرکردنی چیرۆک و مەبەستی پشت هەر تابلۆیەک دەتوانیت ئەوە تێبگەیت کە ژنان لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە بوارە هونەریەکانی وەک نیگارکێشیدا زۆر پێشکەوتوون و پێشەنگاکەش توانای ژنانی نیگارکێشی دەرخست، چونکە تا چەند ساڵێک لەمەوبەر تەنانەت چوون بۆ پۆلێکی نیگارکێشیش بە تابو دادەنرا بۆ ژنان.

 

لەیلا م.، ناوی خوازراوی یەکێک لە نیگارکێشەکانە و وتی: بە هەشت بەرهەم بەشداریم لەم پێشەنگایەدا کردووە و ساڵانێکە هەوڵ دەدەم کارەکانم بخەمە بەرچاوی بینەر، نیگارکێشان بۆ ژن کێشە و ئاستەنگی هەیە، ئاستەنگی کولتووری و کۆمەڵایەتی زۆر لە ڕێگاکەمدا هەبوو، بەڵام وردە وردە کۆمەڵگە زیاتر پاڵپشتی کارەکانی ژنانی دەکرد و خەڵکیش بە باشی سەردانی پێشەنگاکانیان دەکرد.

 

ژنان پێشەنگن لە بواری هونەردا و ئاستی کوالیتی بەرهەمە هونەریەکان ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت، دوای دەستپێکی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"ش ئاستەنگییەکانی ڕژێم بۆ سەر ژنان زیادی کرد، بەڵام و ژنان لە هەموو بوارەکاندا هەوڵدەدەن و دژی سیستماتیکی پاوانخوازانە دەجەنگن.