کورتە فیلمێک دەربارەی ژیان و خەباتی سیاسەتمەدار ئایسەل توغلوک بڵاوکرایەوە

کورتە فیلمێک بە ناوی "ئایسەل" بڵاوکرایەوە، کە باس لە ژیانی سیاسەتمەداری کورد ئایسەل توغلوک و خەباتی ژنانی کورد بۆ بوونی کۆمەڵگە و سیاسەت و بنیاتنانی ئاشتی دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

کورتە فیلمی "ئایسەل"، کە باس لە ژیان و خەباتی هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان-هەدەپە، ئایسەل توغلوک دەکات، بڵاوکرایەوە.

 

فیلمەکە لەلایەن ڕۆژنامەنووس مەهڤەش ئەڤین و دەرهێنەر نەسرین ئۆلمەز لە چوارچێوەی پڕۆژەی "بۆ ئاشتی دەنگی ژنان"ی کۆمەڵەی یەکسانی و پشتیوانیی-SES ئامادەکراوە، لە درێژەی فیلمی "ئایسەل"دا خەباتی ئایسەل توغلوک بەو لایەنانەی کە بە نهێنی ماوەتەوە و پیشان نادرێت، دەخاتەڕوو.

 

ئاوازی فیلمەکە لەلایەن ئەزگی سەڤگی جان و چینار ئاکسۆیەوە ئامادەکراوە، ناوەڕۆکی فیلمەکە چیرۆکی بەردوامیی ململانێی ئایسەل توغلوک لەگەڵ نەخۆشییەکی بێ چارەسەر و چیرۆکی ڕاستەقینەی وڵات لە زاری هاوڕێیانی ئایسەلەوە وەک، ئەرین کەسکین، سیری سورەیا ئۆندەر، ڕیهان یالچینداغ، ئەحمەد تورک دەگێڕدرێتەوە.

 

ئایسەل توغلوک، سیاسەتمەداری کورد، کاتێک هاوسەرۆکی هەدەپە بوو، دەستگیرکرا، دوای هێرشی ڕەگەزپەرستی بۆ سەر پرسەکەی دایکی، وردە وردە تووشی نەخۆشیی بیرچوونەوە دەبێت. ئایسەل سەرەڕای دۆخی سەختی نەخۆشییەکەی لە زینداندا مایەوە و دوای چەندین ڕاپۆرت کە ئاماژەی بەوە دەکرد، "ناتوانێ لە زیندان بمێنێتەوە"، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دوای دوو ساڵ دواکەوتنی جێبەجێکردنی بڕیارەکە، ئازاد کرا.