بانۆ بە نەخشەکانی ڕەسەنایەتی کوردی دەپارێزێت

بانۆ جەمیل، دیزاینەرە و وەک ژنێکی گەنج دەڵێت: لە داهاتوودا دەمەوێت پەیمانگای ڕاهێنان بکەمەوە تایبەت بە فێرکاری بۆ ژنانی تر، کە خولیای ئیشی دەستیان هەیە و دەیانەوێت ببنە خاوەنکاری خۆیان.

نیهایەت ئەحمەد

 

سلێمانی- ژنان لە هێشتنەوەی کەلەپوری کوردی هەوڵی تەواویان داوە، هەریەک لە بوارێکیدا ڕۆڵی خۆی بینیەوە لە پاراسنتی ئەو کەلەپورە، یەکێک لەوانەش بابەتی جوانکاری ژنان و بەکارهێنانیەتی لە جلوبەرگی کوردیدا، لە کۆندا ژنانی کورد مێخەک و سمڵ و شیلانە و چەندین بەرهەمی دیکەیان بەکارهێناوە و بووەتە مۆرکێک بۆ ژنانی کورد و جلی کوردی، ئێستاش هەوێنی کاری دەستی ژنانی گەنجە و لەم چەند ساڵەی دوایدا بە چەندین نەخشی جیاواز، هونەر دەخوڵقێنن.

 

"بۆ بەدەستهێنانی ئامانج و دەسکەوتەکان کۆڵنەدان پێویستە"

بانۆ جەمیل، خوێندکاری بەشی بازرگانییە لە زانکۆی سلێمانی، خاوەنی پەیجی "بانۆ هاندمەید"ە، باسی سەرەتای دەستپێکی کاری دیزان و دروستکردنی جوانکاری ژنانی کرد، کە خولیای بۆ کارەکەی هەیە و لە منداڵییەوە هەستی بە تواناکانی خۆی کردووە، لە پاڵ خوێندنەکەیدا پەرەی بە بەهرەکانی داوە و کاری دەستیی کردووە، کە زیاتر ملوانکە و دەستبەن و مەدالیا و جونکاری سەر جلی کوردییە، وتیشی: سەرەتای دەستپێکی کارەکانم بە زەنگیانە و مووروو کارم دەکرد، بەڵام ئێستا بەردیش بەکاردەهێنم، لە ڕێگەی پەیجەکەمەوە داواکاریەکانی خەڵک وەردەگرم، دواتر بەپێی داواکاری دیزانی کارەکان دەکەم.

 

بانۆ جەمیل، دیزاینەر، باسی لەوەکرد، زیاتر لە سەر خواست و داوکاری کڕیارەکان دیزانی کارەکان دەکات، بەردەکان نرخیان گرانە و ئەویش خێزانەکەی هاوکاری دارایی کردووە، دەشڵێت: لە ئێستادا توانیومە داهاتێکی کەم بۆ خۆم دابین بکەم، وەک ژنێکی گەنج هەوڵم داوە زیاتر پەرە بە تواناکانم بدەم لە داهاتوودا ببم بە خاوەن براندێکی گەورە، کە سەرچاوەی دابینکردنی کار بۆ ژنانی گەنجی تر بڕەخسێنم.

 

بانۆ هەندێک لە دیزاینەکانی بیرۆکەی خۆیەتی، "دەمەوێت وەک ژنێکی گەنج هەر لە سەرەتای دەسپێکی کارەکانم ئامانجەکانم بخەمەڕوو و لە کارەکانمدا ڕەنگ بداوەتەوە، ئەویش پاراستنی ڕەسەنایەتی کەلەپووری و کولتوورییە، بە گرنگییەوە کار لەسەر ئەو ئامانجەم دەکەم".

 

"دەبێت ژنان هاوکاری یەک بن یەک دەنگ و یەک ڕیز بن"

بانۆ جەمیل، لە درێژەی قسەکانیدا وتی: ئێمەی ژنانی گەنج ڕووبەرووی ڕەخنە دەبینەوە و بەربەست دێتە ڕێمان هەمیشە کەسانێک هەبوون کە لە کارەکانمان هەوڵیان داوە وازبهێنم و لە ماڵەوە بمێنینەوە، نەبینە خاوەن داهاتی خۆمان، بەڵام دەبێت خۆمان بە ئیرادە و هێزی خۆمانەوە وەڵامیان بدەینەوە بە نیشاندانی تواناکانمان لە بوارە جیاوازەکاندا، وەک ئەم کارەی کە دەستم پێکردووە، هیچ کەس ناتوانێت بموەستینێت، ئەگەر بە خواستی خۆم نەبێت، لەبەرئەوە بۆ پاڵپشیتی لە ژنی گەنجی تر ئامادەم هاوکاری بکەم و فێرکاری پێشکەش بکەم، هەر ژنێک بیەوێت فێری کاری دەستی ببێت و بیەوێت وەک من ببێتە خاوەنکار و براندی خۆی بە ئاشکرا بەرچاو ڕوونیان پێدەدەم، کە چۆن دەستپێبکەن و بە چ شێوازێک دەستپێبکەن، چونکە ژنان دەبێت یەک دەنگ و یەک ڕیز بن، لە هەر بوارێکدا دەیانەوێت پێشبکەون پاڵپشتی یەک بن، هەروەها بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەکانیان دەبێت کۆڵنەدەن و هاوکاری یەکتر بکەین.

 

"هیچ لایەنێکی پەیوەندیدار گرنگی بە توانای ژنانی گەنج نادەن بە پێی پێویست"

بانۆ جەمیل لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: تا ئێستا بە باشی کار لەسەر توانای ژنانی خاوەنکار ناکرێت، بەگشتی ساڵانە لە پێشەنگا بەهارییەکان تەنها ئەو دەرفەتەمان هەیە بۆ سا‌کردنەوەی کاڵاکانمان، بە پێدانی مێزی نمایشی ئیشی دەستییەکان کە بە بڕە پارەیەک بۆمان دیاری دەکەن و دەرفەتێکی باش دەبێت بۆ ساغکردنەوەی بەرهەمەکانمان، بەدەر لەوە هیچ هاوکارییەک ناکرێین لە ڕووی دابینکردنی پێداویستییەکانی ژنانی خاوەنکار، دەبێت لەسەر داهاتی خۆمان پێداویستەکامان دابین بکەین.
 

بانۆ وەک ژنێکی دیزاینەری گەنجی خاوەنکار، پەیامی بۆ ژنانی خاوەنکاری هاوتەمەنی خۆی ئەوەبوو، کە دەبێت ژنان هاوکاری یەک بین، لە پێشخستنی کارەکانیان، بەتایبەت ئەو دیزاینەرانەی خاوەن پەیج و براندی خۆیانن، دەرفەت بۆ ژنانی تر بڕەخسێنن کە خولیای کارکردنیان هەیە، پێویستە پشتگیری یەک تر بکەن لە بەرەوپێشبردنی بەهرەکانی یەکتر و هانی یەکتر بدەن بۆ کاری باشتر و جوانتر، کە سودی هەبێت بۆ کۆمەڵگە و پاراستنی ڕەسەنایەتی نەتەوەیی.