گروپی ساکینە جانسز، یەکەمین گروپی شۆڕشی ژنانە

یەکەمین گروپی خۆبەڕێوەبەری شۆڕشی ژنان، گروپی ساکینە جانسزە، لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بۆ پاراستنی کولتووری شۆڕش کار دەکەن.

ڤیان ئامەد

 

قامیشلۆ- لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو ژنانەی کە شۆڕشی ژنیان بە دروشمی ژن، ژیان، ئازادی ئەنجامداوە لە هەموو بوارەکانی ژیاندا بەرخۆدان دەکەن و دەستکەوتی خۆیان لە شۆڕشەکەدا هەیە، گروپی گۆرانیی ساکینە جانسز، یەکەم گروپی گۆرانی شۆڕشی ژنانە لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لە ساڵی ٢٠١٣دا دامەزرا، ئەو گروپە کە ناوەکەی یەکێکە لە پێشەنگەکانی تێکۆشانی ئازادی ژنان "ساکینە جانسز" کە لە ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠١٣دا لە کۆمەڵکوژییەکەی پاریسدا گیانی لەدەستدا، لە ڕێگەی کارەکانییەوە هێشتا لە هەوڵی پاراستنی کولتوور و بووندایە.

 

گوڵستان برایم، بەڕێوەبەری گروپەکە، کە لە سەرەتای قسەکانیدا باسی لە کارە کولتوورییەکانی کرد، ساکینە جانسز-ی بەبیرهێنایەوە و وتی: سەرەتا پێشەنگی ژنان ساکینە جانسز و دوو هاوڕێکەی بەبیردەهێنمەوە و بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان بۆ خەونەکانیان، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان پێشکەوتنێکی زۆری بەخۆوە بینی و یەکێک لەوانە بواری هونەری بوو، کە ئەمڕۆ سەدان گروپی دیکەمان پێکهێناوە، لەگەڵ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان منیش چوومە ناو کاری هونەرییەوە. گروپی ساکینە لە ساڵی ٢٠١٣ پاش شەهیدبوونی ساکینە جانسز دامەزرا، ئەم گروپە لە هەموو ژنان پێکدێت، ساکینە جانسز یەکێک بوو لە بونیادنەرو دامەزرێنەرانی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان گیانی خۆی بۆ گەل و ژنان و بەرخۆدان و تێکۆشان بەخت کرد، ژنێکی خۆڕاگر و پێشەنگ بوو، شۆڕشی ژنان میراتی تێکۆشانی ساکینە جانسزە.

 

بە ٧ ژن دەستیکرد بە کارکردن

گوڵستان برایم باس لە گروپی گۆرانی ساکینە جانسز دەکات و وتی: ئێمە ٧ ژن بووین کە دەستمان بەم گروپە کردووە گروپەکەمان یەکەم گروپی خۆبەڕێوەبەری بوو لە سەرانسەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، لەبەر ئەوە ئێمەیش تووشی کێشە بووین وەک خۆبەڕێوەبەری، ئێمە ئەزموونی گروپێکی سەربەخۆیمان نەبوو و لە ڕووی ئامڕازەوە زۆر پەرەمان پێنەدا،  لەناو کۆمەڵگەکەماندا بێباوەڕی بۆ گروپەکە هەبوو، بەڵام بە بەرخۆدان و تێکۆشانمان هەموو ئەو بەربەستانەمان شکاند، چونکە باوەڕمان بە خۆمان هەبوو و گەورەترین هێزمان لە ناوی گروپەکەمان ساکینە جانسز وەرگرت، ئێمە هەموو ڕۆژێک پێشکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین و تا ئێستا چەندین پێشکەوتنی گەورە ئەنجام دراوە.

 

"ئێمە بە هونەرەوە گوزارشت لە ڕەنگ و دەنگی ژنان دەکەین"

گوڵستان برایم ئامانجی گروپی ساکینە جانسز و ئەو بەرهەمانەی پێشکەوتوون ڕایگەیاند و وتی: ئامانجی سەرەکیمان خەبات و بەرخۆدانی ژنانە لە هونەرو لە هەموو بوارێکدا، یەکەم کارمان لەسەر یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) بوو کە سیمبولی هێزی ژنانە و ئەو گۆرانییەمان لە ساڵی ٢٠١٤دا بڵاو کردەوە، ئێمە یەکەم هێزمان لە یەپەژە وەرگرت بەرهەمێکی دیکەمان له سه ر ساکینە جانسزو دوو هاوڕێکەی بوو کارێکی ترمان لەسەر ژینا ئەمینی، ئەمڕۆ بە پێشەنگایەتیی ڕاپەڕینی ژنان و گەلانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران بێگومان ئێمە چەندین گۆرانی جیاواز تۆمار دەکەین و بەتێپەربوونی کات پێشکەوتن و بەرهەمی جیاواز دەبێت.

 

"هیچ هێزێک ناتوانێک ئاوازی ژنانی ئازاد بوەستێنێت"

گوڵستان برایم لە کۆتایی قسەکانیدا باسی لەوە کرد کە لە ڕێگەی هونەرەوە پەیام بۆ کۆمەڵگە دەنێرن و وتی: هونەرمەندان لە ڕێگەی گۆرانیەوە پەیامەکانیان دەگەیەننە کۆمەڵگە، پەیامی ئێمە بۆ کۆمەڵگە و ژنان وەک گروپی ساکینە ئەوەیە کە سەرکەوتنی ژنان مسۆگەر بێت، لە ڕێگەی هونەرەوە تێدەکۆشین لە دژی ئەو تێگەیشتنەی کە ژنان لەناو ماڵدا نوقم دەکات، بۆیە ئێمە هەمیشە لەسەر بنەمای بەرخۆدانی ژنان و تێکۆشان لە گۆرانییەکانماندا دەڵێین هیچ هێزێک ناتوانێت ئاوازی ژنانی ئازاد بوەستێنێت، بۆیە پێویستە هەموو ژنان هێزی خۆیان بناسن و بە ڕۆحی ساکینە بەشداری لە تێکۆشان و بەرخۆدانی ژناندا بکەن.