ڕاز ئەسعەد، قەڵەمێکی گەنجی زیندووکەرەوەی مێژووی ژن

لە پێناو نیشاندانی ڕۆڵی ژن لە مێژوودا، ڕاز ئەسعەد دوو بەرهەمی لێکۆڵینەوەیی خۆی بڵاودەکاتەوە و پرسی ژن لە مێژوودا زیندوو دەکاتەوە، دەشڵێت "ئەم دوو کتێبەم دەستپێکی زنجیرە کتێبێکن کە لە هەر بەرهەمێکیان باس لەو شوێنانە دەکات کە ژن تیایدا فەرامۆشکراوە".

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژنێکی گەنج لەتەمەنێکی گەنجیدا دەتوانێت درک بە ونکردنی ژنان بکات لە مێژوودا، درک بەوە بکات لە مێژوودا ژن وەک خۆی نیشان نەدراوە و لەپێناو خزمەتی پیاودا خولقاوە، بۆیە ئەمەش وایلێدەکات دەست بداتە قەڵەمەکەی دەستی و دوو بەرهەمی یەک لە دوایەک بنووسێت و بڵاویان بکاتەوە.

 

"میرزا مەنگۆری و مێژووی ژن" و "ژن و بزووتنەوەی مێژوو"، دوو کتێبن لەلایەن ڕاز ئەسعەد نووسراوە، ڕاز لەدایکبووی ١ی کانوونی دووەمی ١٩٩٨، وەک هەر منداڵێکی ئاسایی درێژەی بە خوێندن داوە تا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی لە بەشی مێژووی زانکۆی سلێمانی وەربگیرێت، هەر ئەمەش وایکردووە لە بواری مێژوودا دەست بکات بە نووسین.

 

ڕاز لە ئێستادا دەرچووی بەشی مێژووە و نووسەری دوو کتێبە لە بواری مێژوویدا دەربارەی نووسینە مێژووییەکانی دەڵێت: لە سەردەمی خوێندنی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی حەزم لە بەشی مێژوو بووو دەمویست ئەو بەشە بخوێنم، دواتر ئەو خولیایەم بۆ مێژوو وایکرد لە پاش زانکۆ دەستبکەم بە نووسین لە بواری مێژوودا.

 

"لە منداڵییەوە چەند نووسینێکم بڵاوبوویەوە تا گەیشتم بە کتێبی خۆم"

ڕاز باسی لە دەستپێکی نووسینی کرد، کە لە منداڵییەوە خولیای نووسینی هەبووە، ئەمەش وایکردووە لە قۆناغە سەرەتاییەکانی خوێندنیدا دەست بە نووسین بکات، "ئەوکات بڵاوکراوەی مانگانە هەبووە تایبەت بە خوێندکاران چەند بابەتێکم تیایدا بڵاوبووەوە کە منداڵانە بوو، چێژێکی تایبەتی بە منداڵان بەخشیوە"، کۆتا توێژینەوەی زانکۆ کە ڕاز گرنگی زۆری پێدابوو، دەربارەی مێژووی ژن بوو، ئەمەش وایکرد لە پاش تەواوبوونی توێژینەوەکە خودی توێژینەوەکە بکاتە کتێبێک و یەکەم کتێبی بوو. کە خۆی بە دەستەکانی نووسیبێتی.

 

"بەر لەوەی نووسەر بیت پێویستە خوێنەر بیت"

ڕاز ئەسعەد ئاماژەی بەوەکرد، کاتیک کەسێک دەنووسێت بەر لەوە پێویستە خوێنەرێکی باش بێت، خودی ڕاز بۆ خۆی لە منداڵییەوە ئاشنایەتی لەگەڵ کتێب و خوێندنەوەدا هەبووە، وتی:هەموو ئەوانەی دەخوێننەوە پاش تێپەڕبوونی کات، کتێبی دڵخوازی خۆیان دەدۆزنەوە، من زۆرینەی کتێبەکان دەخوێنمەوە و کتیبی دلخوازم کتێبە مێژووییەکانە، لەناو مێژووشدا بابەتە ئەدەبی و فەلسەفییەکان دەخوێنمەوە، جگە لەوانە مێژووی ژن سەرەکیترین خولیامە و هەمیشە هەوڵمداوە مێژووی ژن بخوێنمەوە و دەربارەی ئاشنا ببم.

 

خاوەنی دوو بەرهەمی تایبەت بە خۆیەتی

ڕاز وەک نووسەرێک گرنگی تەواوەتی داوە بە مێژووی ژن، چونکە پێیوایە ژنان لە مێژووەوە پەراوێزخراون و وەک بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگەدا تەماشا نەکراون، مێژووەکەشی لە هەموو جیهاندا پەراوێزخراوە، بۆیە بە گرنگی زانیوە کار لەسەر ئەو پرسە بکات و دەربارەی بنووسێت، ئەمەش وایکرد ڕاز لە کەمترین ماوەدا بتوانێت دوو کتێب بڵاوبکاتەوە و ببێتە جێی سەرنجی خوێنەران.

 

کتێبی یەکەمی ڕاز بە ناوی "میرزا مەنگۆڕی و مێژووی ژن"ەوەیە، کە توێژینەوەی بەکالۆریۆسەکەی بووە لە زانکۆ، جیاوازی توێژینەوەکەی ڕاز لەگەڵ توێژینەوەکانی دیکەدا، ئەوە بووە کە ڕاز درکی بەوە کردووە، تەنها توێژینەوەیەک نەکات بۆ نمرە بەڵکو بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە بێت و سود بە کۆمەڵگەی کوردی بگەیەنێت و مێژووی ژن دەوڵەمەند بکات، وتیشی: "هەڵبژاردنی مێژووی ژنان ئەرکێکی قورس بوو، چونکە نەک تەنها سەرچاوە هەبێت دەربارەی مێژووی ژنان، بەڵکو چەمکەکانیش کەمن کە باس لە مێژووی ژن بکەن، ژن بزوێنەری مێژووە، بەڵام بەداخەوە مێژوو و کۆمەڵگە گرنگی پێنەداوە"، کتێبەکە لە ساڵی ٢٠٢١ چاپکراوە، لە ماوەی سێ مانگدا چاپی نەما، لە کەمتر لە پێنج مانگ چاپی دووەمی کردەوە، دواتر چاپی دووەمی دەرکرد و لە ماوەی کەمتر لە ساڵێک چاپی دووەمی تەواو بوو، ئەوەش دەیسەلماند کە شوێنی خۆی لای خوێنەران جێگیر کردبوو.

 

"ناوەڕۆکی کتێبەکە گرنگی بەو دۆخەی ژنان دەدات کەلە مێژوودا پیایدا ڕۆیشتوون"

میرزا مەنگۆڕی و مێژووی ژن، کە یەکەم کتێبی ڕازە باس لە مێژووی ژن و ڕۆشنگەرێکی دژە باوی کۆمەڵگەی کوردی کردووە، کە لە کاتی خۆیدا فەرامۆش کراوە، ڕاز ئەسعەد وتی: مەنگۆڕی یەکێکە لەو نووسەرانەی گرنگی بە مێژووی ژن داوە، کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێکدێت، باس لە بەشێک لە ژیانی مەنگۆڕی دەکات وەک ڕۆژنامەنووس و نووسەرێک، هەروەها تێڕوانینی ئەو نووسەرە نیشان دەدات دەربارەی ژیان و کایە جیاوازەکانی.

 

بەشی دووەمی کتێبەکە باس لە مێژووی ژن دەکات، لە ساڵانی حەفتاکاندا لە ئەوروپا کار لەسەر مێژووی ژن کراوە، بەڵام مەنگۆڕی یەکێکە لەو نووسەرانەی لە سییەکانی سەدەی بیستەمدا کاری لەسەر مێژووی ژن کردووە، ئەمەش دەریدەخات کورد لە پێش وڵاتانی دیکە دەستی بۆ ئەو پرسە درێژ کردووە.

 

"ژن و بزووتنەوەی مێژوو"، نیشاندانی ژنە وەکو خۆی

"ژن و بزووتنەوەی مێژوو" دووەم کتێبی ڕازە، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری بڵاوکراوەتەوە، کە یەکێکە لەو کتێبانەی هەموو ژنێک پێویستە بیخوێنێتەوە بەتایبەت ئەو ژنانەی گرنگی بە پرسی ژن دەدەن، چونکە ئاشنات دەکات بە مێژوو و ڕوونیدەکاتەوە مێژوو تەنها پیاوان نین، بەڵکو ژنانیش شوێنی خۆیان لە کۆمەڵگە و ژیان گرتووە.

 

لەم کتێبەدا ژن وەک خۆی نیشاندراوە نەک وەک ئەوەی پیاو دەیەوێت، ڕاز وتی "هەمیشە مێژوو بە جۆرێک باسی لە ژن کردووە کە بوونی نەبیت و بۆ خزمەتی پیاو خولقابێت، بەڵام بە پێچەوانەوە ژنان پێگەی خۆیان هەبووە"، ئاماژەی بەوەشکرد ئەوانەی کار بۆ پرسەکانی ژنان دەکەن بە فێمێنیزمەکانیشەوە نەیانتوانیوە کار بۆ ئەوە بکەن، ژنان ڕۆڵی دیاریان لە مێژوودا هەبووە، بەڵام ئەم کتێبە سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە.

 

"پێویستە نووسەر خوێنەر بۆ پرسەکانی ژنان ڕابکێشن"

ئەو نووسەرە باسی لەوەکرد، ئەدەبیاتی کوردی لە بواری مێژووی ژناندا هەژاری پێوەدیارە، نەتوانراوە کەلێنەکان لە کتێبخانەی کوردیدا پڕ بکەنەوە لەلایەن خوێنەران و نووسەرانیشەوە، گرنگە کۆمەڵگە و تاک هەوڵی زانینی پرسی ژن بدەن، بەڵام بەداخەوە کۆمەڵگە گرنگی بەو پرسە نادات و خوێنەریان کەمە، تەنانەت ئەو کتێبانەی نووسەرەکەی ژنە کەمتر گرنگی پێدەدرێت، وتیشی: تەنانەت لە ناوەندە ئەکادییمییەکانیشدا پرسی ژن گرنگی پێنادرێت و پێیان گرنگ نییە، بۆیە لە ئاستی پێویستدا کاری لەسەر ناکەن.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ڕاز ئەسعەد ئاماژەی بەوەدا کۆمەڵگەی کوردیدا ئەگەر ژن بیت و دەربارەی پرسی ژنیش کار بکەیت. بەربەست دێتە ڕێگە، چونکە تۆ هەوڵی دروستکردنی مێژوویەک دەدەیت، بەڵام خێزان گرنگترین خاڵە کە پاڵپشتیت بکات تا بگەیت بە ئامانجەکانت و خودی تاک بۆ خۆشی نابێت کاریگەری ڕووداوە نەرێنییەکانی دەرووبەری ببێت.

 

"دوو کتێبەکەم زنجیرەیەکن لە پڕۆژەیەکی بەردەوام"

لە کۆتایدا ئەو نووسەرە گەنجە باسی لە شێوازی نووسین و خولیای بۆ نووسین کرد و ڕوونیکردەوە، بەهۆی ئەوەی خولیای زۆری هەبووە بۆ نووسینی بابەتەکە بۆیە کاتی دیاریکراوی نەبووە، هەرکات دڵی بیویستایە دەستی دەکرد بە نووسین، وتی "گرنگی تەواوەتی دەدەم بە سەرچاوە، بە جۆرێک لە کتێبی دووەممدا ٨٦ سەرچاوە بەکارهێنراوە، لە کتێبی یەکەمدا ٥٨ سەرچاوە بەکارهاتووە، نەبوونی سەرچاوەی کوردی ئاستەنگییە چونکە کەمترین سەرچاوەی کوردی هەیە.

 

کۆتایدا باسی لەوەشکرد بەهۆی ئەوەی خودی خۆی پسپۆڕییەکی لە مێژوودایە، بۆیە هەوڵ دەدات زیاتر لەو بوارەدا بەروپێش بچێت، هەروەها ئەم دوو کتێبەی زنجیرەیەکن لە پڕۆژەیەکی بەردەوام، باسکردنە لە ژن لەو شوێنانەی فەرامۆشکراون.