ئاڕ گەلەری، خەونی منداڵی ژیلیا بۆ هونەر

ژنێکی گەنج لە ڕێگەی گەلەرییەکەوە، تابلۆی خۆی و چەندین هونەرمەندی دیکەی کوردی کۆکردووەتەوە، دەشیەوێت هونەری شێوەکاری بکاتە کولتوورێک.

شنیار بایز

 

سلێمانی- ژیلیا خەلیل، شێوەکار و یەکێک لە دامەزرێنەرانی "ئاڕ گەلەری"یە، هەمیشە لە خەیاڵیدا بووە کە گەلەرییەکی تایبەت بکاتەوە و کاری هونەری تیادا نمایش بکات، لە منداڵییەوە حەزی بە وێنەکێشان بووە و وەک خۆی دەڵێت: "لەو کاتەی ئامانجی خۆمم دیاری کرد هەوڵم بۆ دا، تا نەگەیشتم بە ئامانجەکەم کۆڵم نەدا، ئەمەش نەک تەنها بە شێوازێکی هەڕەمەکی، بەڵکو بە ئاکادیمیش کۆلێژی هونەر بەشی وێنەم تەواو کرد"

 

خولیای ژیلیا بۆ هونەر و وێنەکێشان وایکرد بە هاوکاری دوو کەسی دیکە شوێنێکی تایبەت بکەنەوە و ناوی بنێن 'ئاڕ گەلەری'، دەربارەی شوێنەکە ڕوونیکردەوە، لە کاتی بوونی بیرۆکەکە تا کاتی جێبەجێکردنی بە دیزاینکردن و کۆکردنەوەی تابلۆکانیش نزیکەی چوار مانگیان پێچووە.

 

"تابلۆی ژنانی هونەرمەندیش نمایش دەکرێت"

ناوی گەلەرییەکە "ئاڕ گەلەری"یە، ئاڕ وەک ڕەنگ دانراوە و ناوی هونەرمەندێکی ئەوروپیشە، ژیلیا دەڵێت: بەو ئامانجە ناوی ئاڕ گەلەریمان هەڵبژارد کە پیتی یەکەمی وشەی ڕەنگە، ئەمەش ناوێکە کە نزیکە لە ناوی ڕەنگ و هونەرەوە، گەلەرییەکە زیاتر لە ٦٠ تابلۆی تیادا نمایشکراوە، زیاتر لە ١٣ هونەرمەندی وێنەکێش بەشداریان کردووە و وێنەکانیان لەو گەلەریەدا نمایشکردووە.

 

ژیلیا خەلیل باسی لەوەکرد، لە گەلەریەکەدا شوێنی تایبەت بە وێنەکێشان هەیە و وەک وەرشەیەکی لێکراوە بۆ ئەو هونەرمەندانەی شوێنیان نییە بۆ وێنەکردن، دەتوانن لەوێ وێنەکانیان بکێشن و دواتر نمایشی بکەن، جگە لەوە گۆزەی تایبەتی نەخشێندراوی لە گەلەرییەکەدا هەیە کە خودی ژیلیا خۆی دروستی کردووە و نەخشاندوویەتی.

 

"خەڵک حەز بە تابلۆی هونەرمەندە کوردەکان دەکەن"

لە درێژەی قسەکانیدا ژیلیا خەلیل، باسی لەوەکرد گەلەرییەکەیان هەموو جۆرە تابلۆ و شێوازێکی تیادایە، چونکە ئەوان بیریان لە کڕیارەکان کردووەتەوە بەوەی هەر کەسێک بە پێی حەزی خۆی تابلۆ دەکڕێت و بەپێی ئەو شوێنەی بۆی دەکڕێت هەڵیدەبژێرێت، بۆیە گەلەرییەکەیان هەموو جۆرە تابلۆیەکی لە خۆگرتووە، وتیشی: خەڵک ئێستا هۆشیاری هونەریان تا ئاستێک هەیە و حەز بەوە دەکەن تابلۆی شێوەکارە کوردەکان لە ماڵ و شوێنەکانیان دابنێن، بەتایبەتی تابلۆی هونەری 'ئەبستراکت، هونەری هەر لە خۆوە' داواکری زۆری لەسەرە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هەر تابلۆیە و پەیامێکی هەیە و هونەر بێ پەیام نابێت، سەرجەم ئەو تابلۆیانەی لە ئاڕ گەلەری نمایشکراون پەیامی خۆی لە پشتەوەیە و هەندێکیان بینەر بە ئاسانی لێی تێدەگات، بەڵام هەندێک لە تابلۆکان کە بە شێوازی هونەری هەر لە خۆوە دروستکراون هەر بینەرە و خۆی لێکدانەوەی بۆ دەکات، دەڵێت: یەکێک لە تابلۆکان ژنێکی کوردە و تەشی دەڕێسێت، بینەر بێ بیرکردنەوە تێدەگات ئەم تابلۆیە پێناسەی ژنی کورد و کارکردنیانە لە کۆندا.

 

"ئامانجمە ئاڕ گەلەری ببێتە جێگایەکی کولتووری و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەی هونەرمەندان"

ژیلیا خەلیل ئاماژەی بەوەکرد، ئامانجیان بە کولتوورکردنی هونەری شێوەکارییە، ئامانجیانە هەموو ماڵێکی کورد تابلۆی هونەرمەندێکی کوردی تێدا بێت، پاڵپشتێک بن بۆ هونەرمەندە کوردەکان و بۆ خەڵکی بسەلمێنین تابلۆی هونەرمەندە کوردەکانیش خاوەن بەهایە، جگە لەوە ئامانجیانە لە داهاتوودا و بۆ وەرزی دووەمی ئاڕ گەلەری تابلۆی جیاوازتر نمایش بکەن و ئاستی هونەری تیایدا بەرزتر بێت.

 

لە کۆتایدا باسی لەوەکرد، جگە لەو ئامانجانەی هەیانە ژیلیا خولیایەتی ئاڕ گەلەری بکاتە جێگایەکی کولتووری و هونەری بۆ هونەرمەندان، تا ڕۆشنبیران و هونەرمەندان بتوانن ڕەخنەی هونەری تێدا بکەن و زیاتر بیرۆکە هونەریەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن.