شۆخان لە سروشتەوە نەخشی چنینەکانی هەڵدەبژێرێت

شۆخانی دەست ڕەنگین بە چەند بەهرەیەکی جیاواز کاری دەستی دەکات، هەوڵی داوە لە ڕێگەی کارەکانیانەوە کولتووری کوردی وەک خۆی بهێڵێتەوە و ئاشنای بکات بە نەوەکانی داهاتوو.

شنیار بایز

 

سلێمانی- شۆخان کامیل، دانیشتووی شاری سلێمانییە، ماوەی شەش ساڵە کاری دروستکردنی کڵاش دەکات، جگە لەوە ماوەی پازدە ساڵە کاری چنینی هێلەک و شلیلە دەکات و تا قۆناغی یەکی ناوەندی خوێندووە، لە باسی کارەکەیدا ڕوونیکردەوە لە تەمەنی منداڵییەوە حەزی بە کاری دەستی و چنین هەبووە، پێشووتر بەرگدروو جلی بۆ دەدوری و خۆی کاری چنینەکەی بۆ دەکرد، پاش ئەم کارە هەوڵیداوە فێری چنین بێت بە شلیلە و یەکەم بەرهەمیشی سەرشانێک بووە کە بە موروو چنیویەتی.

 

شۆخان لە تەمەنی چواردە ساڵییەوە دەستی کردووە بە کاری چنین، وەک خۆی باسی دەکات ساڵانی پێشتر ژنان حەزیان دەکرد چنین لەسەر جلی ماڵەوە و ماکسی بکەن، بەڵام ئێستا خواستیان بۆ جلی کوردی زیاتر بووە، دەڵێت: جاران ژنان جلی کوردیان دەپۆشی، بەڵام زۆر گرنگیان بە جلە کوردەوارییەکان نەدەدا، ئێستا کولتووری کوردیان زیندوو کردوەتەوە و حەز بەوە دەکەن لەسەر جلە کوردیەکانیان نەخشی جیاواز هەبێت.

 

"بیرۆکەی نەخشی سەر جلەکان لە سروشتەوە وەردەگرم"

دەربارەی دروستکردنی نەخشە جیاوازەکان لەسەر هێلەک، کەوا و سەرشانەکان، شۆخان ئاماژەی بەوەکرد، بە مێشکی خۆی نەخشەکان دروست دەکات، هەندێک لە نەخشەکان لە بینینی دیمەنی سروشتەوە وەردەگرێت، کاتێک دەچێتە گەشتێک گوڵێک دەبینێت لەسەر کاغەزێک وێنەی دەکێشێت، پاشان دەیخاتە سەر جلەکە، هەندێک کات ئەو کەسانەی لای شۆخان داوای چنین دەکەن، خۆیان نەخشی بۆ دەبەن بۆ ئەوەی ئەو نەخشە تایبەت بێت بە خۆی.

 

شۆخانی دەست ڕەنگین هێلەک دروست دەکات بە هەموو قیاسێک، واتە هاوژینەکەی هێلەکەکان دەدورێت و خۆی کاری چنینەکەی بۆ دەکات، وتی: سەرەتا تەنها چنینم بۆ خۆم دەکرد، تا دەستم ڕاهات بەڵام دواتر بۆ کەسە نزیکەکانم و خزمەکانم دەکرد، بەهۆی پاڵپشتیان و قسەکانیان هێزیان پێدام و بەردەوام بووم، سەرەتا لە ڕێگەی کەسە نزیکەکانم و ئۆنڵاینەوە کاڵاکانم دەفرۆشت، بەڵام لە ئێستادا لە فێستیڤاڵەکاندا بەرهەمەکانم دەفرۆشم.

 

"هەوڵی زیندووکردنەوەی کڵاشی ژنانمدا"

شۆخان لە فێربوونی دەستڕەنگینی نەوەستاوە، شەش ساڵ بەر لە ئێستا چووەتە خولێکی تایبەت بە فێربوونی دروستکردنی کڵاشی ژنان، لەوێوە فێری دروستکردنی کڵاش بووە، لە کاتێکدا کڵاشی ژنان لە کۆندا هەبووە، بەڵام دواتر نەماوە و ئەم وەک ژنێک حەزی بە زیندووکردنەوەی بووە، دەڵێت: لە ڕێگای فەیسبووکەوە ڕیکلامی خولەکەم بینی کە بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بوو، بڕیارمدا بەشداری بکەم و ئەگەر بۆ خەڵکیش دروستی نەکەم بۆ خۆم بیکەم، بەڵام لە ئێستادا لەسەر داواکاری دروستی دەکەم و بە پێی فکری خۆشم دروستیان دەکەم و دایدەنێم بۆ فرۆشتن.

 

شۆخان ڕوونیکردەوە، سەرەتای ئەم کارەی ڕەخنەی بۆ هاتووەتەوە بەوەی کولتووری کڵاش دەشێوێنن و کڵاشی ژنان بوونی نەبووە، بەڵام بە پێچەوانەوە لە کۆندا بوونی هەبووە، دواتر هاوڵاتیان پێی ئاشنا بوون و ئێستا داواکاری زۆری هەیە، شۆخان جگە لە کڵاش بە شلیلەش پێڵاو دروست دەکات، وتی: کڵاشەکان بۆ جلی کوردی و جلی دیکەش دەبێت بە پێی خواستی کەسەکە، لە ئێستادا ڕێژەی ئەو ژنانە زۆرن کە حەز بە بەکارهێنانی دەکەن.

 

بەهرەکانی شۆخان تەنها لە یەک شتدا کۆنەبووەتەوە

لە باسی کاری دروستکردنی کڵاشەکەدا شۆخان کامیل باسی لەوەکرد، ڕۆژانە ئەگەر بە بەردەوامی کار لەسەر دروستکردنی جوتێک کڵاش بکات چوار ڕۆژی پێویستە، دەزووی تایبەتی کڵاش بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی، دروستکردنی ئەم کڵاشانە ئەرکیان زۆرە چونکە شۆخان پێڵاوی نوێ دەکڕێت و دواتر بەشی سەرەوەی لێدەکاتەوە و تەنها بنکەکەی بەکاردەهێنێت و کڵاشەکەی لەسەر دروست دەکات.

 

جگە لە کاری دەستی چنین و شلیلە و کڵاش، شۆخان دەستڕەنگینی دیکەشی هەیە، وەک ڕازاندنەوەی تەرمۆزە بە جاجمی کۆن، تەرمۆزە و مەرکانەکان لە هەمەدانەوە، دەهێنن پاشان خۆی بە جاجم دەینەخشێنێت، وتیشی: ئەو شێوازی نەخشاندنە خەڵک زیاتر حەزی پێدەکات وەک جوانکاریەک لە ماڵەکانیاندا دایدەنێن، هەروەها ئاوی خواردن تیایدا گەرم نابێت و بە فێنکی دەمێنێتەوە.

 

"هەرچەند ڕێگری هەبێت پێویستە ڕووبەڕووی ببیتەوە"

لە کۆتایدا شۆخان ئاماژەی بەوەکرد، ژن پێویستە بەهرە و تواناکانی دەرخات، مەرج نییە پێویستی بەو بڕە پارەیە بێت کە لێوەی دەست دەکەوێت، گرنگ ئەوەیە خۆی بەرەوپێش ببات هەوڵ بدات کارێکی تایبەت بە خۆی هەبێت، وتیشی: وەک هەر ژنێکی دیکەی کۆمەڵگە کتێک دەستم کرد بەم کار، باوکم ڕێگری لێکردم بەڵام من هیچ کات کۆڵم نەدا ئەمەش وایکرد سەرکەوتن بەدەست بهێنم، بۆیە گرنگە هەموو ژنێک واز لە حەز و خولیاکانی خۆی نەهێنێت و ڕووبەڕووی بەربەستەکان ببێتەوە.

 

هەوڵ و تواناکانی شۆخان گەیاندی بە ئاواتی دڵی، لە سەرەتای دەستبەکاربوونیەوە شۆخان حەز بەوە دەکات دوکانێکی تایبەت بە خۆی هەبێت و بەرهەمەکانی تیادا زیندوو بکاتەوە، لە ئێستادا شۆخان خاوەن دوکانی تایبەت بە خۆیەتی و سەرجەم بەرهەمەکانی تیادا داناوە و کڕیار خۆی دەتوانێت سەردانی بکاتە و بەرهەمەکانی ببینێت.