هەنسک لەگەڵ میوزیکژەنیدا خولیای وێنەکێشانیشی هەیە

بۆ گەیشتن بەو ئامانج و خولیایەی ژنان هەیانە، پێویستە ڕووبەڕووی ئەقڵیەتی پیاوسالاری کۆمەڵگە ببنەوە و ئەو بەربەستانە بشکێنن کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، میوزیکژەنێکیش دەڵێت: ئەو ژنانەی ئامێری میوزیک دەژەنن، کۆمەڵگە بە چاوێکی خراپ سەیریان دەکات.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- هونەر و کولتوور هەڵگری جوانییەکانی ژیان و وێنەدانەوەی ڕاستینەی گەردوونە، ڕێگەیەکی بنیادنانی پێشکەوتنی گۆمەڵگەکانە، کۆمەڵگەی کوردی لەم پێشکەوتنە بێبەش نییە، لە ئێستادا ژنانی گەنج سەرەڕای ئەو ئەقڵیەتە پیاوسالاری و دواکەوتووەی کۆمەڵگەکەیان هەیەتی، پەرە بە تواناکانی خۆیان دەدەن و بەردەوام لە پێشخستنی هونەری کوردیدان .

 

"ئەو ژنانەی ئامێرێک دەژەنن لە چاوی کۆمەڵگەدا بە خراپ سەیر دەکرێن"

هەنسک محەمەد، تەمەنی ٢٥ ساڵە و دانیشتووی شاری سلێمانییە، لە سێ بواری هونەریدا کار دەکات، میوزیک و شێوەکاری و شانۆ، لە تەمەنێکی بچووکەوە خولیای فێربوونی میوزیک و ئامێری گیتاری هەبووە، وەک خۆی دەڵێت؛ سەرەڕای ئەو بەربەست و ڕێگرییانەی هاتوونەتە ڕێگەی بە هۆی نەخۆشی و دواکەوتووی گۆمەڵگەوە، بەڵام خێزان و مامۆستا و هاوڕێکانی بۆ بەردەوامبوونی هەمیشە پاڵپشتییان کردووە، وتیشی: بەهۆی ئەقڵیەتی پیاوسالاری و دواکەوتووی ئاستی کۆمەڵگە لە هونەردا، کاتێک ژنێک ئامێرێک دەژەنێت یاخود ئامێرێکی سونەتی دەژەنێت لەناو خەڵکدا بە کەسێکی خراپ سەیر دەکرێت.

 

هەنسک لە پاڵ ژەنینی گیتار خولیای فێربوونی بۆ ئامێرەکانی دیکەش هەیە

هەنسک محەمەد، ئاماژەی بەوەدا، لە تەمەنی ١٣ ساڵیدا دەستیکردووە بە فێربوونی ژەنینی گیتار، ئەگەر نەخۆش بووە بەڵام کۆڵی نەداوە و لە پاڵ ئامێری گیتار خولیای بۆ ئامێری نەی و عود و دەف هەیە، دەشڵێت: لەناو ئەو ئامێرانەی کە خولیای فێربوونیانم هەیە، سەرسامم بە ئامێری نەی، چونکە ئامێرێکی سونەتییە و هەوڵ دەدەم لە داهاتوودا فێری ژەنینی ئەو ئامێرە ببم.

 

فێربوونی ئامێری گیتار و نۆتەکان بۆ ئەو تەمەنە بچووکەی هەنسک کارێکی قورس بوو، بەڵام بە هاوکاری مامۆستاکان و کۆڵنەدانی خۆی بەردەوامبووە، دەشڵێت: هەرکات خولێک بکرایەتەوە من دەچووم تا پەرە بە ژەنینی ئامێری گیتاری کلاسیک بدەم.

 

ژنانی کورد بوونەتە پاڵنەر بۆ هەنسک تا وێنە بکێشێت

هەنسک محەمەد، لە پاڵ ژەنیاریدا کاری وێنەکێشانیش دەکات، لە خوێندندا لە بەشی هونەر لە زانکۆی سلێمانی وەردەگیرێت و وردە وردە خولیای بۆ وێنەکێشان دەبێت، ماوەی ساڵێکە کاری وێنەکێشان دەکات و زیاتر وێنەکانی بە گرافیک دەکێشێت، وەک خۆی ئاماژەی پێدەدات، سەرەتایەکی باشی لە کاری وێنەکێشان هێناوە و لە داهاتوودا کار لەسەر وێنەی زەیتی دەکات.

 

هەنسک محەمەد دەڵێت: لە کوردستاندا کۆمەڵێک شێرە ژن هەڵکەوتوون کە کاریان لە خەباتی کورد و شۆڕشی شاخ و کاری سیاسیی کردووە، بوونەتە هۆکاری ئەوەی من زیاتر وێنەی ژنان بکێشم و کارەکانم بەرەوپێش ببەم، بۆ یادی سلێمانی لە پێشەنگایەکدا چەندین ژنی تێکۆشەری کوردستانم نمایش کردووە.

 

لە کۆتایدا ئەو ژەنیارە دەڵێت: ئێمەی میوزیکژەنی ژن دەبێت هاوکاری یەکتر بکەین و پشتی یەکدی بگرین بۆ بەرەوپێشچونی کارە هونەرییەکانمان، تاوەکو ئەو بەربەستانەی دێنە ڕێگەمان تێیان بپەڕێنین.