تەقەیەک لە نێوان دەربڕینی خۆشی و وێرانکردنی ژیانی ژنێک

بەکارهێنانی چەک لە کاتی دەڕبڕینی خۆشیدا قاچەکانی لە چنور سەندەوە، بەڵام ئەو بە ئومێدەوە لە ژیان دەڕوانێت و توانیویەتی سەربکەوێت بەسەر ئاستەنگییەکاندا.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی-بەکارهێنانی چەک ئەوەندە ئاسان بووە کە یاسایەکی تۆکمە نییە لە بەرامبەر بەکارهێنانیدا، بۆیە مرۆڤەکان زۆر جار بۆ دەربڕینی هەستەکانیان پەنا دەبەنە بەر بەکارهێنانی چەک، بەتایبەتی دەربڕینی هەستی خۆشی، بەڵام بێ ئاگان لەوەی لەوانەیە ئەو چەکەی بەکاریدەهێنن ببێتە هۆی لەناوبردنی ژیانی کەسێک، زۆرجاریش لەوانەیە کەسەکە ببێتە کەسێکی خاوەن پیداویستی تایبەت.

 

ژیانی چنور لە نێوان منداڵی و ئەمڕۆدا

چنور تۆفیق، ژنێکی گەنجی دانیشتووی شاری سلێمانیە و لە ساڵی ١٩٨٣ لە دایک بووە، سەرەتای منداڵی وەکو هەر منداڵێکی تری تەندروست بەڕێکرد، تا تەمەنی بوو بە ٤ ساڵ، کاتێک لە حەوشەی ماڵی خۆیاندا و لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا خەڵکی ئاهەنگ دەگێڕن، چنور سەرقاڵی یاریکردن دەبێت، بەڵام نازانێت ئەوە دوا یارییەتی بە دڵخۆشی و سەلامەتییەوە لەگەڵ هاوڕێکانی دەیکات، نازانێت فیشەکێک ژیانی منداڵی لێ دەسێنێتەوە، لەو کاتەدا فیشەکێکی وێل کە لە هەستی خۆشیی پیاوێکەوە تەقێندرا، بەر چنور دەکەوێت و قاچەکانی لەدەست دەدات.

 

چنور لەگەڵ ئازارەکەیدا گەورە دەبێت و سەرەڕای ئاستەنگییەکان قۆناغەکانی خوێندن بە سەرکەوتووی تەواو دەکات، بڕیار دەدات ژیانی خۆی لە پەرتوکێکدا بنووسێتەوە و ئەمساڵ دەست دەکات بە نووسینی پەرتوکەکەو ناوی لێ دەنێت "تەقەی خۆشی" هەر لە ئەمساڵدا لە ١٠ی ئەیلوول بڵاوکرایەوە، چنور ئامانجی ئەوەیە خەڵکی هۆشیار بکاتەوە لە کاتی خۆشی دەربڕینیان پەنا نەبەنە بەر چەک، کە ڕۆژانە چەندین کارەسات دەبیستین بەهۆی خراپ بەکارهێنانی چەکەوە.

 

چنور دەیەوێت نووسیەنەکانی لە خزمەتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بێت

پەرتوکەکەی چنور باسی ئەو ناخۆشی و ڕێگریانە دەکات کە هاتووەتە بەردەمی وەکو ژنێکی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەم پەرتوکە دەبێت بە ئیلهام بۆ چنور و بڕیار دەدات بەردەوام بێت لە نووسین، حەزدەکات زیاتر نووسەینەکانی لە خزمەتی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و هۆشیاکردنەوەی کۆمەڵگە بێت، هەروەها حەزی لە نووسینی ڕۆمانە و دەیەوێت دەربارەی ژن بنووسێت.

 

ئاستەنگییەکان وای لە چنور نەکرد بێ ئومێد بێت، بەڵکو وای لێ کرد زیاتر پشت بە خۆی ببەستێت و بۆ بەڕێکردنی کارەکانی ژیانی، هەر خۆی بێت و داوای یارمەتی لە کەس نەکات، حەز دەکات کۆمەڵگە هەروەکو کەسانی ئاسایی هەڵسوکەوت لەگەڵ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بکەن.

 

چنور ماوەی ١٤ ساڵە مامۆستایە

وەک خۆی دەڵێت: "بۆ ئەوەی بەردەوام بین لە ژیان دەبێت ڕووبەڕووی ئازار و کێشەکان ببینەوە"، چنور کاتێک دەبێت بە مامۆستا ئاستەنگییەکی زۆری بۆ دروست دەبێت، چونکە ئەو قوتابخانەیەی کە دەبێت وانەی تێدا بڵێتەوە نابێت قادرمەی هەبێت و دەبێت لە قاتی یەکەم بێت، بۆیە زۆر جار لە لایەن بەڕێوبەری قوتابخانەکان و پەروەردەوە هاوکاری نەدەکرا.

 

چنور ئێستا مامۆستایە و خێزانەکەی و بەتایبەتی دایکی زۆر هاوکاری بوون تا قۆناغەکانی ژیانی بە سەرکەوتوویی بەڕێ بکات، پەیامیشی ئەوەیە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە چاوێکی جیاوازەوە سەیر نەکرێن و لە شوێنە گشتی و تایبەتییەکان ڕێزیان لێ بگیرێت، هەروەها هاوکاریان بکرێن، چونکە هاوکاری نەکردنی کەسانی خاوەن پیداویستی تیابەت وایان لێ دەکات سارد ببنەوە لە تواناکانیان.