"فەرشی سوور" پێشانگایەکی ژنانە کە ئازارەکانی کۆمەڵگە لە ئێراندا نیشان دەدات

ژنانی هونەرمەندی بەشداربووی پێشانگاکە، خستیانەڕوو، هونەرمەندی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئازارەکانی کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات، بە کارە هونەریەکانی ئازارەکانی دەگێڕێتەوە و کاریگەری لەسەر مرۆڤ دروست دەکات.

ژونا ئەردەڵان

 

سنە- فەرشی سوور، پێشەنگایەکی هونەری ژنان بوو لە شاری سنە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە نیوان ڕۆژانی ٧-١٢ی تشرینی یەکەم بەڕێوەچوو، تیایدا بەرهەمە هەڵبژێردراوەکانی هونەرمەندانی ژن، ئیلهام جەهان ئارا، نیلوفەر حوسنی و تارا کەمانگەری تیایدا نمایش کرا و بەشێک لەو پارەیەی کە لە فرۆشتنی ئەو بەرهەمانە وەردەگیرێن، دەبەخشرێتە ڕێکخراوەکانی پاراستنی ژینگە.

 

"هونەر لە هەموو شوێنێکیدا دەبینرێت"

تارا کەمانگەری ٢٢ ساڵ، یەکێک لە بەشداربووانی پێشانگاکە و خەڵكی شاری کامیارانە و لە شاری سنە هونەری گرافیک دەخوێنێت، باسی لەوە کرد حەزێکی تایبەتی بۆ هونەر هەبووە، بە تایبەت بەرهەمی گرافیک، سەرەتا هیچ مامۆستایەکی نەبووە، دەشڵێت: دوای ئەوەی چوومە زانکۆ، دەستم بە کاری جدی کرد، لەگەڵ دوو هاوڕێم بڕیارمدا پێشانگایەک بە ناوی فەرشی سوور لە شاری سنە بکەینەتەوە، ئامانجی یەکەممان بەدەستهێنانی ئەزموون بوو، دووەمیشیان بۆ ئەوە بوو، بتوانن بەم شێوەیە بچینە ناو کۆمەڵگەی هونەرییەوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، نیشانەکانی هونەر لە هەموو شتێکی ئەم جیهانەدا دەبینرێن، جا سروشت بێت یان هەر شتێکی تر، دەبێت بتوانین ئەو نیشانانە وەک هونەرمەند وێنا بکەین، "بڕیارمدا زیاتر گرنگی بە پێداویستییەکانی مرۆڤەکان بدەم، جا پیر بێت یان نەوەی نوێ و بەرهەمەکانم بە شێوەیەکی بنیادنەر پێشکەش بکەم، بۆیە دەستم کرد بە کارکردن لەسەر کۆمەڵێک شیعری کۆن لە شێوەی تابلۆی هونەری مۆدێرن، کە لە یەک کاتدا هەردوو نەوەی بۆ لای خۆیان ڕابکێشن".

 

هونەرمەند ئیلهام جەهان ئارا، تەمەنی ٢٥ ساڵە، خەڵکی شاری سەقزە و بەشداری پێشەنگاکەیە، دەڵێت: لە منداڵییەوە زۆر حەزم لە فۆتۆگرافی و وێنەکێشان بوو، بۆ ئەمەش چەند ساڵێکم بەسەر برد بۆ فێربوونی هونەر، بۆ ماوەیەک وازم هێنا و لە بوارەکە دوورکەوتمەوە، بەڵام کاتێک چوومە ناو زانکۆ و ئەو هاوڕێیانەی دەوروبەرم ناسی، وای لێکردم سەرلەنوێ دەست پێبکەمەوە، بڕیارماندا پێشانگایەک بکەینەوە بۆ ئەوەی بتوانین بچینە ناو جیهانی هونەرەوە، وەک هونەرمەندێکی گەنج ئەزموون بەدەستبهێنین و لە داهاتوودا بەهێزتر و پیشەییتر دەربکەوین.

 

سەبارەت بە بواری هونەریش ئاماژەی بەوەدا کە "هونەرمەندی ڕاستەقینە ئەو کەسەیە کە ئازارەکانی کۆمەڵگە بەرجەستە دەکات و ئازارەکانیان دەگێڕێتەوە، نەگوتراوەکان وێنا دەکات کە لە کۆمەڵگەدا هەن، بە کەڵک وەرگرتن لە بەرهەمە هونەرییەکان، خۆشبەختانە ئێستا مرۆڤ زیاتر هۆشیار بووەتەوە و پشتگیری و پێشوازی لە هونەرمەندان دەکەن، هیوادارم ئێمەی هونەرمەندی گەنج بتوانین وەڵامی ئەم پێشوازی و پشتگیرییە بدەینەوە".