سێوی مێخەکڕێژ نەرێتێکی کوردانەیە و سیمبولی ئاشتی و خۆشەویستییە

سێوی مێخەکڕێژ یەکێکە لە نەریتە کوردەوارییەکان و لەلایەن نەتەوەکانی دراوسێوە براوە، ئەم سێوە جگە لە دیمەنە جوانەکەی و بۆنە خۆشەکەی، هێمایە بۆ ئەوین و ئاشتی.

سلێمانی

 

گەلی کورد خاوەنی هەزاران بەرهەمی مێژووی جوانە، سێوی مێخەکڕێژ یەکێکە لە بەرهەمە زەوتکراوەکانی لورد کە مێژوویەکی کۆنی هەیە و لەلایەن ئەڤیندارانەوە وەک دیارییەکی هەمیشەیی دەبەخشرێت بە یەک.

 

سێو لەناو ئایین و کولتووری کوردەواریدا خاوەنی چیرۆکی تایبەتی خۆیەتی، یەکەمجار بووەتە هۆی دابڕان و لە کوردەواریشدا بە کونکردن و چەقاندنی دەیان مێخەک بە سێودا، بووەتە هێمایی ئاشتی و خۆشەویستی، سێوێکی سروشتی پاش ئەوەی که مێخەکڕێژ دەکرێت، بۆ ماوەی زیاتر له تەمەنی مرۆڤێک و تا سەد ساڵ یان زیاتر دەمێنێتەوه و خراپ نابێت.

 

سێوى مێخەکڕێژ وەکو سیمبولێکی کوردەوارى

کورد بەهۆی گەلێک هۆکاری مێژووییەوە نەیتوانیوە مێژووی خۆی تۆمار بکات، ئەمەش وایکردووە بە سەدان و هەزاران بەرهەمی ماددی و رۆحی کورد لەلایەن وڵاتە داگیرکەرەکانی وەک "تورک، عەرەب و فارس" ببرێن و بە ناوی ئەوانە لە مێژوودا بنوسرێنەوە، سێوی مێخەکڕێژیش یەکێکە لەو سەدان نەریتانەی کە براوە و نەتەوەکانی تر خۆیان کردووە بە خاوەن.

 

سێوی مێخەکڕێژ چییه؟

یەکێک لە میوە سەرەکییەکان لە کوردستان سێوە، کە لە هەردوو وەرزی هاوین و پایز بە دوو شێوازی جیا پێدەگات، جگە لە میوە، وەک مرەبا و شەوچەرە دەخورێت، لەلایەن کوڕان و کچانەوە لە ڕۆژە درێژەکانی زستاندا سێو بە تایبەتیش سێوی سور بە مێخەک دادەپۆشرێت، کە مێخەک بۆنێکی یەکجار خۆشی هەیه و هەر له کۆنەوه کچانی گەنج و ژنانی کورد وەک بازنه و ملوانکه و پاوانه و جوانکاری ناوماڵ و بۆنخۆشی بەکاریانهێناوە.

 

مێخەک دانە دانە لە سێو دەچەقێنرێت و دیمەنێکی ناوازە بە سێوەکە دەدات، وەک دیاری لە بۆنەکاندا دەبەخشرێت، له فەرهەنگ و دابونەریتی کورددا سێوی مێخەکڕێژ هێمای ئەوین و ئاشتی و خۆشەویستییه، واتا به مێخەکڕێژکردن و دیاریدانی ئەم سێوه، ئەوین و خۆشەویستیی دەگوازرێتەوە بۆ کەسی بەرامبەر، تەمەنی سێوەکەش بە درێژی دەمێنێتەوە و ئەگەر جوان بە مێخەک دابپۆشرێت، خراپ نابێت.

 

سێوی مێخەکڕێژ لە کۆندا لەناو بوخچەی دایەپیرە و لە سەر تاق و ڕەفەی ماڵەکاندا شوێنێکی تایبەتی هەبووە، هەزاران ئەڤیندار پێشکەشی خۆشەویستەکانیان کردوون و بە هەزاران دڵی ڕەنجاوی ئاشت کردووەتەوە، تا ئێستاش گەلێک سێوی مێخەکڕێژ هەن کە تەمەنیان سەرووی سەد ساڵە و لەلایەن هەندێک بنەماڵە و بە تایبەتیش لە گوندەکان پارێزراون، بەڵام لە چەند دەیەی ڕابردوودا دۆخێکی فەرامۆشکاری بەسەر ئەو بەرهەمەشدا هات و وەکو گەلێک بەرهەمیتر کە نەپارێزران و گرینگیان پێنەدرا، لەناوچوون.

 

جێگای ئاماژە پێکردنە، سێوی مێخەکڕێژ وەکو براندێک بۆ کۆمپانیای "Vinsev' لەلایەن وەزارەتی پیشەسازی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراقدا تۆمارکراوە و لەلایەن دەستەی گشتی گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی وەکو سیمبول و دیاری کوردی ناسراوە و سەرلەنوێ لەناو خەڵکیدا دەستی بە زیندووکردنەوە کرد.