سێ گەنجی کورد دەبنە براوەی پێشەنگایەکی فۆتۆگرافی لە ڕووسیا
ژنێکی شێوەکار و دوو گەنجی فۆتۆگرافەری کورد دەبنە براوەی پێشەنگای نێودەوڵەوتی و پێشبڕکێی هونەری هاوچەرخ لە سانت پتراسبۆرگی ڕووسیا.
ناوەندی هەواڵ
لە ٥ی تەمموز لە هۆڵی پێشانگای یەکێتی هونەرمەندان لە ڕووسیا، بە هاوکاری دامەزراوەی سندوقی هونەری جیهانی لقی ڕووسیا و هۆڵی پێشەنگای یەکێتی هونەرمەندانی سانت پتراسبۆرگ "هەفتەی هونەری سانت پتراسبۆرگ، حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی و پێشبڕکێی هونەری هاوچەرخ" لە شاری سانت پترسبۆرگ بەڕێوەچوو.
تەڤگەری ژنانی کوردی ڕووسیا و نوێنەرانی بەڕێوەبەری خۆسەری باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا پشتیوانییان لەم هەفتە هونەرییە کرد و هونەرمەندانی کوردیان بەشداری پێشەنگا نێودەوڵەتییەکە کرد، هەریەک لە ژاڵە بەکر لە سلێمانی بە تابلۆی "کۆچ"، ڕودی تەحلۆ لە قامیشلۆ بە پۆرترەیتی "کچی کۆبانێ" و ئالان ڕۆژ بە وێنەی منداڵی شەنگال" بەشداری پێشبڕکێکە بوون و توانییان سەرکەوتن بە دەستبهێنن.
لە دوای هەڵبژاردنی باشترین تابلۆ و وێنەکان، لە مەراسیمێکدا خەڵات پێشکەشی بەشداربووان کرا، گەنجانی کوردیش توانییان لەناو خەڵاتەکاندا پشکیان هەبێت.
لە بواری شێوەکاری نەریتیدا، ژاڵە بەکر لە شاری سلێمانی-باشووری کوردستانەوە بە تابلۆی "کۆچ" ئاستی سێیەمی بەدەستهێنا.
ڕودی تەحلۆ لە قامیشلۆ-ڕۆژئاوای کوردستان بە وێنەی پۆرترەیتی "کچی کۆبانێ" لە بواری فۆتۆگرافەریدا پلەی سێیەمی "پۆرترێت و سۆز"ی بەدەستهێنا.
لەسەر بڕیاری بەشی لیژنەی دادوەری هەفتەی هونەری سانت پتراسبۆرگ وێنەی ئالان ڕۆژ لە قامیشلۆ-ڕۆژئاوای کوردستانەوە بە بەرهەمی "منداڵانی شەنگال" پلەی دووەمی بەدەستهێنا.