نامیلكەی مرواری بەرهەمی شۆخە کامەرانە بۆ منداڵان
شۆخە کامەران، نووسەری بواری منداڵان، دەڵێت: بەشێوەیەكی گشتی منداڵان زۆر پشتگوێخراون و بە شتی بێسوود سەرقاڵ دەكرێن، بۆیە دەبینین ئەو نەوەیەی ئێستا خۆیان نادۆزنەوە و ناتوانن داهاتووی خۆیان ببینن، تەنیا سەرقاڵی تەكنەلۆژیان.
شیا كۆیی
کۆیە- هەرچەندە چەندین پەرتووکی جیاوازی منداڵان لە بازاڕەکاندا بوونیان هەیە، بەڵام کەمترین نووسەر لە بوارەکەدا دەنووسێت و بە گرنگییەوە لە ئەدەبی منداڵان ناڕوانرێت، شۆخە كامەران، یەکێکە لە نووسەرانی شاری کۆیە کە لە بواری منداڵاندا دەنووسێت، شۆخە ئەگەرچی بەشی ئەندازیاری تەواو کردووە، بەڵام سەرقاڵی نووسینە و هۆنراوە دەنووسێت و خاوەنی دوو بەرهەمە بە ناوی "ئەو شەوانەی بەدەم نەی تەواو بوون" و "مرواری".
كوردستان - شۆخ کامەران
من خەڵكی كوردستانم هێلانەی باپیرانم
ئازاو مەردوو دلێرم قەت سڵ ناكەم وەك شێرم
نەخشەی چوار پارچەكەی تۆ لەسەر دڵمانە بە كۆ
كوردستانی شیرینم خاوەن مێژووی دێرینم
شۆخە کامەران باسی لە نووسینی هۆنراوەکانی کرد و وتی: من بەشی ئەندازیاری شارستانیم تەواو كردووە، هەر لە زانكۆی كۆیەش دەوام دەكەم، من لە تەمەنی منداڵییەوە دەستم بە نووسینی هۆنراوە كرد و یەكەم بەرهەمم كە نووسیم لە پۆلی دووی سەرەتایی بووم، بەڵام بە شێوەزارێكی زۆر سادە و منداڵانە دەمنووسی، لە دوای ئەوە بەردەوام پەرەم بەخۆم داوە و دیوانەكانی نالی و دڵزار و مەحویم دەخوێندەوە.
شۆخە کامەران دوو نامیلکەی چاپ کردووە، نوێترین نامیلکەی ناوی نامیلکەیە و لەمساڵدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە، کە تایبەتە بە هۆنراوەی منداڵان و لە ڕێگەی ئەو هۆنراوانەوە دەمەوێت ئامۆژگاری منداڵان بكەم و بتوانین بۆ ساتێكی كەمیش بێت لە جیهانی تەكنەلۆژیا دووریان بخەینەوە و سەرنجیان ڕابكێشین بۆ جیهانی خوێندنەوە.
لە بارەی گرنگیدان بە ئەدەبی منداڵان ئەو نووسەرە دەڵێت: پێویستە هەر بابەتێك بۆ منداڵان دەنووسرێت بە شێوەزارێكی سادە و واتادار بێت، چونكە منداڵ وەك پەڕەیەكی سپی وان گەر لە منداڵیەوە ئاشنا بكرێن بە جیهانی ڕۆشنبیری، دەتوانێت خۆی بەرەوپیش ببات و گرنگی بە داهاتووی خۆی بدات.
شۆخە ئاماژەی بەوەشدا كە نووسین كارێكی ئاسان نییە، "ڕاستە لە ڕووی جەستەییەوە ماندوو نابیت، بەڵام لە ڕووی هزر و بیروهۆشەوە ماندووبوونی دەوێت، بۆیە دەستی ماندووبوونی هەموو نووسەرێكی منداڵان دەگوشم"، هەروەها دەربارەی چۆن منداڵان ڕابهێنرێت لە سەرەتای تەمەنییەوە فێری خوێندنەوەی پەرتوک ببێت، شۆخە پێی وایە ئەرکی دایک و باوک دواتر مامۆستایە کە لە قوتابخانە وایان لێبكەن پەرتوکیان لەلا خۆشەویست بكەن و هانیان بدەن بۆ خوێندنەوە، وتیشی: بە شێوەیەكی گشتی منداڵان پشتگوێخراون لە كۆمەڵگەدا و بە شتی بێسوود سەرقاڵ دەكرێن، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەو نەوەیەی ئێستا خۆیان نادۆزنەوە و ناتوانن داهاتووی خۆیان ببینن، تەنیا سەرقاڵی تەكنەلۆژیا و ئەلكترۆنیاتن، ئەوەش زیانێكی زۆریان پێدەگەیەنێت، بۆیە پێویستە نووسەران چەندە گرنگی بە نووسین دەدەن بۆ گەورەكان، بە هەمان شێوە گرنگی بە نووسینی منداڵانیش بدەن.
لە کۆتایی قسەکانیدا شۆخە کامەران، نووسەری بواری منداڵان جەختی کردەوە کە لە بیرۆکەیدایە بەردەوام بێت لە نووسین لە بواری منداڵاندا، جا بە هۆنراوە بێت یان چیرۆك و هۆنراوە، کە زۆرترین خزمەت بە نەوەی داهاتوو بكات.