ڕەشماڵ، شوێنێک بۆ پاراستنی کولتووری کۆنی کوردی

سروە محەمەد، یەکێکە لەو ژنانەی لە ڕێگەی کارەکەیەوە هەوڵیداوە شوێنێکی کولتووری بکاتەوە و پارێزگاری لە کولتووری کورد بکات و بیناسێنێت بە نەوەکانی داهاتوو.

شنیار بایز

 

سلێمانی- چێشتخانە و کافێی ڕەشماڵ ڕۆژانە لە کاتژمێر ٧:٣٠ خولەکی بەیانی دەستپێدەکات تا ١٢ی شەو بە ڕووی میوانەکاندا کراوەیە، ڕەشماڵ هەموو جۆرە خواردنێکی هەیە و بەتایبەت خواردنە فۆلکلۆری و کوردییەکان، سەرجەم خواردنە کوردییەکانیش لەلایەن سروە محەمەدی خاوەنیەوە دروست دەکرێت، جگە لەوە لەسەر خواستی میوانەکان خواردن دروست دەکرێت، ڕەشماڵ جێگەیەکی کولتووری و شوێنێکە لە پێناو پاراستنی ژینگەی کۆمەڵایەتی و کولتووری کوردیدا.

 

"لە منداڵییەوە هەوڵم داوە خاوەن کاری سەربەخۆ بم"

سروە محەمەد، خاوەنی چێشتخانە و کافێی ڕەشماڵ باس لە ئەزموونی ژیانی خۆی و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کرد، کە لە منداڵییەوە و لەو کاتەی خۆی ناسیوە حەزی بە کارکردن هەبووە، سروە لە تەمەنێکی منداڵیدا باوک و دایکی لەدەستداوە و لای نەنکی گەورە بووە، بەڵام کاتێک تەمەنی دەبێتە ١١ ساڵ نەنکیشی کۆچی دوایی دەکات، ئیدی سروە خۆی دەستیکردووە بە پەروەردەکردنی خۆی.

 

 

سروە باس لەوە دەکات لە منداڵیدا کە جلی بۆ بوکەڵەکانی دروستکردووە و منداڵانی گەڕەک حەزیان لێی بووە و بە پارە پێی فرۆشتوون، لەوکاتەوە تا ئێستا حەزی بە کاری سەربەخۆی خۆی بووە، بەمە فێری دروومان بووە و بەرگدروویەکی بە ناوی شیلان، کە ناوی کچەکەیەتی، کردووەتەوە، جگە لەوەش بە پاسکیلسواری کاری کردووە، دەشڵێت: لە هەر شوینێکدا کار هەبووبێت، کردوومە و بەلامەوە ئاسایی بووە.

 

"هیواو و ئاواتم بوو شوێنێکم هەبێت وەک ڕەشماڵ"

لە درێژەی باسی منداڵیدا سروە محەمەد باس لەوە دەکات، هەمیشە حەزی کردووە خاوەندارێتی لە شتی خۆی بکات، خولیای کارکردنی هەبووە، کەسێکی کۆمەڵایەتی بووە و حەزی بەوە بووە لە گەورەیدا کارێکی هەبێت کە بەرکەوتنی لەگەڵ خەڵکیدا هەبێت و خزمەتی خەڵک بکات، وەک چۆن لە ئێستادا چێشتخانەیەکی هەیە، کە نەک تەنها چێشتخانەیە، بەڵکو بووەتە مەودایەک بۆ کەسایەتییە دیارەکان، کۆڕ و سیمینار و کۆبوونەوە خێزانییەکانی تیادا ڕێکبخەن.

 

جگە لەوەی سروەی خاوەنی ڕەشماڵە، مامۆستای وەرزشیشە، دەڵێت: ئەوەندە بە منداڵی چوومە ناو ژیانی هاوسەرگیرییەوە نەمتوانی خوێندن تەواو بکەم، بەڵام نەمهێشت کاریگەری بخاتە سەرم و دووبارە دەستم کردووە بە خوێندن لە ساڵی ٢٠١١دا لەگەڵ یەکێک لە کچەکانم، توانیم ببم بە مامۆستای وەرزش.

 

"پێویستە هەمووان هەوڵ بدەین بۆ پاراستنی کولتووری کوردی"

خاوەن چێشتخانە و کافێی ڕەشماڵ باس لە بنیادنانی ڕەشماڵ دەکات و وتی: ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٢٠٢٠ ڕەشماڵمان دامەزراند و هاوکات بوو لەگەڵ سەرەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، کە سەختی بۆ دروستکردین، دیزاینی ڕەشماڵ هەمووی خۆم کردوومە و هیچ دیزاینەر و ئەندازیارێک کاری تیادا نەکردووە، بەڵکو بە تواناکانی خۆم شێوازی کلاسیک و مۆدێرنم تێکەڵ کردووە، بەهۆی ئەندازەیی شوێنەکە و ئەو دیمەنە کولتووریەی یاومە بە چێشتخانەکە، ناوم لێنا ڕەشماڵ و ڕەشماڵیشم لە بەشی دەرەوە هەڵواسیووە.

 

سروە محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، هەمووان پێویستە لە کار و پڕۆژەکانیاندا کولتووری نەتەوەی کورد بپارێزن و بیگەیەنن بە نەوەکانی داهاتوو و تێیان بگەیەنن کولتووری کوردی جوانبووە، "حەزم کردووە پڕۆژەکەم لەم لایەنەوە بەرەوپێش ببەم، ژن لە هەر جێگەیەک کار بکات وەک ماڵی خۆی تەماشای دەکات و ئامانجیەتی سیمایەکی جوان بە ماڵەکەی ببەخشێت و جوانتر دەبینن، زۆربەی ئەو شتانەی لە چێشتخانەکەمدا دامناوە هی ماڵەکەی خۆمە، چونکە حەزم بە کولتوور و فۆلکلۆری کوردییە".


         


        

"ژن ئەگەر خۆی خاوەنی خۆی بێت، هیچ هێزێک ناتوانێت شکستی پێبێنێت"

ئەو خاوەنکارە ڕوونیکردەوە، میوانەکانی جگە لەوەی بە گەدە تێر دەبن بە ڕۆحیش لە دیمەنە جوانەکەی ڕەشماڵ تێر دەبن، جگە لەوە خودی خۆی وەک میوان مامەڵەیان لەگەڵ ناکات، بەڵکو هەستێکیان پێدەدات کە هەست بکەن ماڵی خۆیانە، خۆشەویستی سروە بۆ ڕەشماڵ هێندەیە لە پلانیدایە لە پڕۆژەی ئەسپسواری کچەکەی ڕەشماڵیکی دیکە دروست بکات.

 

لە درێژەی قسەکانیدا سروە محەمەد باسی لەو بەربەستانە کرد کە هاتووەتە بەردەمی، وتی: کۆمەڵگە هەمیشە بە قسە و تانە و تەشەرەکانیان هەوڵ دەدەن بەربەستت بۆ دروست بکەن، بەڵام ئەوەی گرنگە کۆڵنەدانە و سووربوونە لەسەر ویست و ئامانجەکەت، تەنها منداڵەکان و خوا پاڵپشتی من بوون، لە منداڵییەوە کەوتوومەتە ژێر کاریگەری کۆمەڵێک قورسایی، بەڵام بە هەوڵەکانم توانیومە بەسەریاندا زاڵ بم، بۆ جارێک کەوتن پێویستە سەد جار هەستیتەوە و هەرگیز لە شکست نەترسی ئەمانە هۆکارن بۆ سەرکەوتن، بەتایبەت ژنان پێویستە شانازی بە هێزی خۆیانەوە بکەن و لە بەرامبەر سڵ نەکەنەوە.