شەشەمین پێشەنگای بەخشین و ئاڵوگۆڕی کتێب کرایەوە

وەک نەریتێکی ساڵانە شەشەمین پێشەنگای بەشین و ئاڵوگۆڕی کتێب کرایەوە و خوێنەرێکی زۆر ڕووی تێدەکات.

هەڵەبجە

 

سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان بە هاوبەشی دەزگای ڕوانگە، ڕێکخراوی شنروێی کاکەیی، ڕێکخراوی نافا بۆ پەرەپێدانی توانای ژنان، ڕێکخراوی شاڕێ، کتێبخانەی باران، گروپی دۆستانی کتێب، گروپی ڕێژیار و کتێبناسی وەک نەریتێکی ساڵانە شەشەمین پێشەنگای بەخشین و ئاڵوگۆری کتێبیان کردەوە.

 

شیما سەعید، ئەندامی گروپی دۆستانی کتێب بۆ نوژنها دوا و وتی: ئامانجمانە ساڵانە بتوانین ئەو کەسانەی توانای کڕینی کتێبیان نییە و حەز و ئارەزوویان بۆ خوێندنەوەی کتێب هەیە لە ڕێگەی ئەم پێشەنگایەوە بتوانن کتێبەکانیان بەدەستبخەن و ببێتە نەریت تا هاوڵاتیان سودمەند ببن.

 

سەرسەنگ محەمەد، ژنێکی گەنجە و سەردانی پێشەنگاکەی کردووە، کتێبەکانی ئاڵوگۆڕ پێدەکات و بە گرنگیەوە لەم جۆرە پێشەنگایانە دەڕوانێت، وتیشتی: بیرۆکەکەیان زۆر جێگەی دەستخۆشیە، ئەو کتێبانەش کە لێرەن زۆر باشن و لە هەموو بابەتێکی تیادایە و هەموو تویژەکان سودی لێدەبینن.

 

نافیعە عارف، سەرۆکی ڕێکخراوی نافا بۆ پەرەپێدانی تواناکانی ژنان باسی لەوەکرد وەک ڕێکخراوەکەیان زیاد لە سەد جۆر بابەتی کتێبیان نمایش کردووە و مەبەستیانە گەنجان و کچان لە تەکنەلۆژیا و شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەر دووربخەنەوە تاوەکو بتوانن سودێک بە کۆمەڵگە بگەیەنن.