ئاهەنگی خاوەنکار لە گوندی تۆشامی گەهوارە بەڕێوەچوو

باوەڕدارانی ئایینی یارسانی، دوای سێ ڕۆژ بەڕۆژووبوون، ئاهەنگی خاوەنکاریان گێڕا و ئەم ڕێوڕەسمە دێرینەیان زیندوو ڕاگرت.

گەهوارە

 

٣١ی تشرینی یەکەم کۆمەڵگەی یارسان و باوەڕدارانی ئایینی یاری لە سەرتانسەری کوردستان و ئێرانەوە ڕوویان لە تەکیەی سادات حەیدەری، لە گوندی تۆشامی شاری گەهوارەی سەر بە پارێزگای کرماشانیان کرد و جەژنی خاوەنکاریان بەرز ڕاگرت، کە یەکێکە لە ڕێوڕەسمە کۆنەکان و گرنگترین جەژنی یارسانەکانە، دوای سێ ڕۆژ بەڕۆژووبوون بەڕێوە دەچێت و یارسانەکان کۆدەکاتەوە.

 

لە ڕێوڕەسمەکەدا ژنان و پیاوانی بەشداربوو بە جلوبەرگی کوردییە لە گوندی تۆشامی کۆبوونەوە، میوانان بە یارسانی و هاوڵاتیانی باوەڕمەندانی دیکەوە لە شارەکانی کرماشان، قەزوین، کەلاردەشت، هەمەدان، پاوە، جوانڕۆ و مەریوان و ناوچەکانی دیکەوە ڕوویان لە گوندەکە کردووە و گروپێکی دەفژەن چەند بەرهەمێکیان  پێشکەش بە ئامادەبووان کرد.

 

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە بوونی ژنان لەم ڕێوڕەسمەدا بەرچاو بووە و هیچ نیشانەیەکی جیاکاری ڕەگەزی تێدا نەبووە، میوان و گوندنشینەکان پێشوازییان لێکرا و دوای ڕێوڕەسمی تەواف هەموویان وەک نیعمەتێک خواردنیان پێدرا و خواردنەکەیان بە دانیشتن لەسەر سفرەی سوڵتان ئیسحاق خاوەنکار خوارد، ئەمەش بە جۆرێک لە خۆڕێکخستنەوەی بەکۆمەڵ لە کۆی ئەم ڕێوڕەسمەدا دەبینرێت، کە خەڵک خۆیان بە وابەستە دەزانی و بە کاری کۆمەڵ ڕیوڕەسمەکەیان بەڕێوەبرد.

 

ئەم ڕێوڕەسمە بیرهێنانەوەی بەرخۆدانی سوڵتان ئیسحاق و هاوپەیمانەکانییە لە بەرامبەر داگیرکەران، ناونانیشی بە جەژنی "خاوەنکار" ئاماژەیە بۆ "خاوەنکار"ی سوڵتان ئیسحاق کە بە گوێرەی چیرۆکێک دامەزرێنەر و سەرچاوەی نیعمەت و ڕزق و ڕۆزی بووە بۆ کار و ژیانی مرۆڤەکان.