"فیلمی کۆبانێ پێشەنگایەتی و ڕۆڵی ژنانمان نیشان دەدات"

خەبات و تێکۆشانی ژنان بەرامبەر بە هێرش و داگیرکاریەکان لە فیلمی کۆبانێ بەرجەستە کراو نمایشکرا لە لایەن دەرهێنەرێکی ژنەوە

سلێمانی

 

"کۆبانێ" چیرۆکی بەرخۆدانی مێژووی ١٣٤ ڕۆژەی شاری کۆبانێی ڕۆژئاوای کوردستانە، لە شەڕی دژی چەتەکانی داعش، چیرۆکی فەرماندە زەهرا و میرکان و ئەبو لەیلا و موسا و سەدان شەڕڤانی شەهیدی ترە، لەلایەن ئوزلەم یاشار کاری دەرهێنانی بۆ کراوە و کۆمینی فیلمی ڕۆژئاوای کوردستان بەرهەمی هێناوە.

 

شەوی ڕابردوو، ٥ی کانوونی دووەم بۆ جاری یەکەم لە هۆڵی سینەما سالم لە شاری سلێمانی بە بەشداری سەدان کەس فیلمەکە نمایشکرا و  پێشوازییەکی گەرمی لێکرا، ژنانیش بۆ نوژنها باسیان لە ڕۆڵ و پێشەنگایەتی ژن کرد کە لە شەڕی کۆبانێدا گێڕاویانە و لە فیلمەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.

 

"لە ڕێگەی فیلمی کۆبانێوە توانیم توانای ژنان ببینم"

لانە پێشڕەو، بینەرێکی فیلمی کۆبانێ بوو، دەربارەی فیلمەکە و پێشەنگایەتی ژنان وتی: من هەستێکی زۆر خۆشم هەیە کە توانیم لە ڕێگەی فلیمیکەوە بینەری شەڕی کۆبانێ بم، توانیم ئەو ئازایەتی و تێکۆشانەی ژنان ببینم کاتێک کە ئێمە لە ماڵەوە دانیشتبووین، ئەوان شەڕیان لەپێناو ئێمەدا دەکرد، فیلمەکە وای لێکردم کە بگریم، ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام لە فیلمەکەدا ئەوەبوو، کاتێک ئەمیری داعشەکە وتی نامەوێ بە دەستی ژن بمرم، بەڵام لە کۆتایدا هەر ژن توانی ئەو ئازایەتییە بەرجەستە بکات و بیکوژێت، ژنان بەو ئیرادەی کە هەیانە دەتوانن پێشەنگایەتی و خەبات بکەن.

 

"ڕۆڵی ژن بە تەواوی بەرجەستە کراوە لە فیلمەکەدا"

نالیا ئیبراهیم، چالاکوانی سیاسی، بینەری فیلمی کۆبانێ بوو لە سینەما سالم، دوای تەواوبوونی فیلمەکە ئاماژەی بەوەکرد، "من زۆر دڵخۆشم کە فیلمێکی وا دەرهێنەرەکەی ژنە و بە تەواوی خەبات و ڕۆڵی ژنانی بەرجەستە کردووە، لە فیلمەکەدا بینیمان کە ژنان چۆن شەڕیان کردووە دژی چەکدارانی داعش، گەنجان دەتوانن لە ڕێگەی ئەم فیلمەوە مێژووی ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لەلایەن ژنان و شەڕڤانی ئازادەوە بزانن".

 

بڕیارە فیلمەکە ڕۆژانە لە چەند کاتێکی جیاوازدا لە سینەما سالمی شاری سلێمانی نمایش بکرێت.