سیما ساڵح کتێبی "مێژووی هونەر لە شاری سلێمانی" بڵاوکردەوە

سیما ساڵح لە ڕێی کتێبێکەوە مێژووی هونەری کوردی زیندوو کردەوە و دەڵێت: ئەم بوارە گرنگی پێنادرێت، بەڵام پێویستە بە بەرزی بیهێڵینەوە.

سلێمانی

 

ئێوارەی دوێنێ لە لە هۆڵی خاک لە شاری سلێمانی، کتێبیک بە ناوی "مێژووی هونەر لە شاری سلێمانی، مۆسیقا و شانۆ بە تایبەت"، لە نوسینی سیما ساڵح بڵاوکرایەوە، چالاکی ناساندنی کتێبەکە بە بەشداری ژمارەیەک لە ئەدیبان و شارەزا لە بواری مێژوو و هونەری کوردی ئەنجامدرا.

 

سیما ساڵح لە باسی کتێبەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە، ماوەی ساڵێکە سەرقاڵی نوسینی کتێبەکەیە، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی ئەنجامداوە، هەروەها بەدواداچوونی لەگەڵ چەندین هونەرمەندا کردووە بۆ دەستکەوتنی زانیاری دروست.

 

کتێبەکە لە پێشەکییەک و دوو بەش پێکدێت، پێشەکییەکە باس لە شاری سلێمانی دەکات و هەریەک لە دوو بەشەکە باس لە سەرهەڵدانی شانۆ و مۆسیقا دەکات، سیما ئاماژەی بەوەشدا، ژیان وەک پلیکانەیەک وایە و هەندێک کەس بە هۆی پاڵپشتییەکانیانەوە دەتوانن بتگەیەننە لوتکەی پلیکانەکان.

 

ڕوونیکردەوە، بۆیە گرنگی بە نووسینی ئەو بابەتە داوە، چونکە لە کۆمەڵگەی کوردیدا کەمتر گرنگی بە بواری هونەری و مۆسیقا دراوە، پێیوایە هونەر شۆڕش و پەیام گەیاندنە بە کۆمەڵگە و دەرخستنی کێشەکانی کۆمەڵگەیە، لە لێدوانێکیدا تایبەتیشدا وتی: کتێبەکەم خۆی لە توێژینەوەیەکی زانستیدا دەبینێتەوە، کە مێژووی ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٩١ باس دەکات، دەستپێکی کتێبەکەم دەگەڕێتەوە بۆ توێژینەوەی زانکۆم و ئەوکاتەی درکم بەوەکرد، توێژینەوەیەکی نایابە لەگەڵ مامۆستاکانیشم بڕیارمدا بیکەم بە کتێبێک.