قوڕ، دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی ماددە بیناسازییە پیسکەرەکان
قوڕ ماددەیەکی بەردەستە، دەوڵەمەند و هەژار دەتوانن بیناکانیانی پێ بونیادبنێن، تاکە ماددەیە کە دەتوانرێت چەند جارێک بەکاربهێندرێتەوە و نابێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و پارێزگاری لە پلەی گەرمای ناو ماڵ و بیناکان دەکات.
بێریڤان کەمال
ناوەندی هەواڵ- لە ئێستادا تەلارسازەکان دەگەڕێنەوە بۆ هەڵبژاردنی ماددە بیناسازییە کۆنەکان کە لە ڕابردوو بەکارهێندراوە، بینا و باڵەخانەکان کە لە قوڕ دروستکراوە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش لە وەرزی هاوین پارێزگاری لە هەوای فێنک دەکەن و هەوای گەرم لە زستان، بەرگەی کەشوهەوای توند دەگرن بۆ ماوەیەکی درێژتر دەمێننەوە بێ تێکچوون.
لە شاری دێرینی دیواری یەمەن لە سەنعا بینا هەوربڕەکان لە قوڕ دروستکراون، پێکهاتە بەرزەکان بە تەواوی لە زەوی رامکراو دروستکراون و بە نەخشی ئەندازەیی سەرنجڕاکێش ڕازێنراونەتەوە، بینا زەمینییەکان تێکەڵ بە شاخە ڕەنگاوڕەنگەکانی نزیکی دەبنەوە.
لافاوێکی توند لە ناوچەی حەدر ئەلمەوت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی یەمەن لە ساڵی ٢٠٠٨دا زیانی بە ٥ هەزار بینای قوڕ گەیاندووە، کە زۆربەیان لەسەر دەشتێکی لافاو دروستکرابوون، کە بناغەیەکی کەم چووبووە ناو زەویەوە یان هیچ بناغەیەکی نەبوو.
تەلارسازی قوڕی سەنعا ئەوەندە ناوازەیە کە شارەکە وەک شوێنێکی میراتی جیهانی یونسکۆ ناسێنراوە
یونسکۆ لە وەسفی سەنعادا دەنووسێت: "وەک نموونەیەکی بەرچاوە لە تەلارسازی هاوچەشن کە ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندییەکانی ساڵانی سەرەتای ئیسلامە، شارەکە لە دیمەنەکەیدا کوالیتییەکی هونەری و وێنەیی نایابی هەیە چونکە بیناکان کاری دەستی ناوازە لە بەکارهێنانی کەرەستە و تەکنیکە ناوخۆییەکان نیشان دەدەن."
سەلما سەمەر داملوجی، هاوبەشی دامەزرێنەری دامەزراوەی تەلارسازی خشتی قوڕ لە یەمەن و نووسەری کتێبی تەلارسازی یەمەن و ئاوەدانکردنەوەی، دەڵێت: هەرچەندە بیناکانی شاری سەنعا تەمەنیان هەزاران ساڵە، بەڵام بە هاوچەرخی ماونەتەوە، پێکهاتە کۆنەکان تا ئەمڕۆش زۆربەیان وەک شوێنی نیشتەجێبوونی تایبەت ماونەتەوە، سەلما ئاماژەی بەوەشداوە کە ئاسانە بزانین بۆچی ئەم بینا قوڕاویانە سەرنجڕاکێشی خۆیان لەدەست نەداوە، ئەوان بە باشی عەزل-دابڕ کراون، بەردەوامن و لەڕادەبەدەر گونجاون بۆ بەکارهێنانەوەی لە تەلارسازی مۆدێرن.
تەلارسازەکان لە سەرانسەری جیهان خەریکی زیندووکردنەوەی بیناسازین بە کەرەستە خاوە دێرینەکان، کەرەستەی بیناسازی کۆن کە پێکهاتووە لە تێکەڵەیەک لە گڵی شێدار و خۆڵ کە بەپێی تەکنیکەکانی بیناسازی هەڵبژێردراو کەم تا زۆر چڕ دەکرێتەوە، لەکاتێکدا هەوڵدەدەن بینا دروستبکەن بۆ ماوەیەکی درێژ بمێنێتەوە، کە بتوانن بەرگەی ڕووداوە توندەکانی کەشوهەوا بگرن وەک لافاوی خێرا و بە خوڕ و گەرمای توند.
کێشەی کەشوهەوای بیناسازی
پیشەسازی بیناسازی ٪٣٨ دەردانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن لە جیهاندا پێکدەهێنێت، کەرتی بیناسازی ڕۆڵێکی گرنگی هەیە لە پاکبوونەوەی کەشوهەوادا ئەگەر جیهان بیەوێت ئامانجەکەی بەدی بهێنێت کە تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە سفری پاک و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهان لە خوار ئاستی ١.٥ پلەی سیلیزی بهێڵێتەوە.
زانایان هۆشداری دەدەن، لە گۆڕینی کۆنکرێت بەو ماددانەی کەمتر پیسکەرن بۆ ژینگە، چونکە کۆنکرێت کە بەشێکی سەرەکییە لە بنیادنانی بیناسازی مۆدێرن، شوێنپێیەکی کاربۆنی گەورەی هەیە، بیناسازی بە کۆنکرێت نزیکەی ٪٧ دەردانی CO2 جیهانی پێکدەهێنێت، ئەمەش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لە پیشەسازی فڕۆکەوانی کە بەرپرسیارە لە ٪٢.٥ دەردانی گازی ژەهراوی، لە سەرانسەری جیهاندا ساڵانە ٤ ملیار تۆن چیمەنتۆ بەرهەمدەهێنرێت کە پێکهاتەی سەرەکی کۆنکرێتە.
شارەزایانی بواری ژینگە و ئەندازیاری دەڵێن کە ئیتر ناتوانین لەم جەنگەڵە کۆنکرێتییانەدا بژین، دەبێت ژینگە و جۆراوجۆری زیندوو لەبەرچاو بگرین، بە وتەی تەلارسازان قوڕ دەتوانێت بەدیلێکی بەردەوامی تەواو بێت بۆ کۆنکرێت، چونکە دروستکردن بە قوڕ کاریگەری زۆر کەمی لەسەر ژینگە هەیە و خودی ماددەکە بە تەواوی دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێندرێتەوە.
زیندووکردنەوەی نەریتێکی تەلارسازی و کۆمەڵایەتی کۆن
شاری دجێنێ دەکەوێتە ناوچەی دەلتای نیجەر لە ناوەڕاستی مالی، لە ساڵی ٨٠٠ زایینی دامەزراوە، بووەتە شوێنی کۆبوونەوەی گرنگ بۆ ئەو بازرگانانەی کە لە سەحرا و سودانەوە گەشت دەکەن.
دجێنێ بە تەلارسازی زەوییە نایابەکەی ناسراوە، بە تایبەت مزگەوتە گەورەکەی کە گەورەترین بینای قوڕاوییە لە جیهاندا، بەرزییەکەی نزیکەی ٢٠ مەتر دەبێت و لەسەر سەکۆیەکی درێژی ٩١ مەتری دروستکراوە.
ساڵانە دانیشتوانی شاری دجێنێ کۆدەبنەوە بۆ نۆژەنکردنەوەی مزگەوتەکە، وەستا بیناکارەکانی بەهۆی شارەزایی و هونەرییان لە کۆمەڵگەی مالیدا ڕێزیان لێدەگیرێت، دووبارە گڵکردنەوەی مزگەوتەکە بەشێوەی ساڵانە هێمایەکی گرنگی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتییە، هەمووان بەشداری تێدا دەکەن، کچان و کوڕان قوڕەکە تێکەڵ دەکەن، ژنان ئاوەکە دەهێنن و ئاڕاستەی ئەنجامدانی چالاکییەکە دەکەن.
تەلارسازی قوڕ لە دجێنێ بەردەوام لە گۆڕاندایە، چونکە دانیشتووان ماڵەکانیان دووبارە گڵ دەکەنەوە و چاکی دەکەنەوە و دووبارە دروستی دەکەنەوە، لەبەرئەوەی کە قوڕ زۆر شل دەبێتەوە و وەڵامی گۆڕانی دیمۆگرافیای ماڵێک دەداتەوە، ئهگهر خێزانهكه گهوره ببێت به ئاسانی دهتوانرێت باڵهخانه بۆ ماڵهكه زیاد بكرێت و دەتوانرێت باڵهخانهكان بهجێبهێڵن تا شیببێتەوە و بگۆڕدرێتەوه بۆ خاك.
بیناسازی خۆڕاگر و بەردەوام
پراکتیکی بیناسازی کۆن ئیلهامبەخشە بۆ تەلارسازەکانی سەردەمی مۆدێرن، وەک دراگانا کۆخیچی سربی کە تایبەتمەندە لە بیناسازی ماددە خاوەکان، باسی لەوەکردووە کە باپیرانمان بەڕاستی زیرەک بوون و بەڕاستی پراکتیکی بوون، چونکە ئەوەی لە دەورووبەریان هەیانبووە بەکاریانهێناوە.
یەکێک لەو کەسانی چەندین ساڵە کاری نۆژەنکردنەوەی بیناکان دەکات، ئەوەی خستووەتەڕوو کە زیاتر لە ٢٠ ساڵە کار لەگەڵ قوڕ دەکات و چەندین بینای زەوییە دیارەکانی دیزاین کردووە، لەوانە قوتابخانەی دەستی مێتی لە شاری رودراپور لە بەنگلادیش، کە بەهۆیەوە لە ساڵی ٢٠٠٧ خەڵاتی ئاگا خانی بۆ تەلارسازی وەرگرتووە.
قوتابخانەیەکی مالی بە تەواوی بە کەرەستەی ناوخۆیی دروستکراوە، وەک قوڕ و بامبۆ، لەلایەن تیمێک لە بیناکارانی ناوخۆیی و پیشەسازی و خودی خوێندکارانەوە دروستکراوە، ماددەکان تێکەڵ دەکرێن بۆ ئەوەی فۆرمێکی دروستکراو دابڕێژن کە بە شێوەیەکی نموونەیی مامەڵە لەگەڵ بەردەوامی لە بیناسازیدا بکات.
"قوڕ پاڵەوانی بیناسازی بەردەوامە لە داهاتوودا"
قوڕ ماددەیەکی بڵاو و گشتگیرە، دەوڵەمەند و هەژار دەتوانن بیناکانیانی پێ بونیادبنێن و لە کاتی بەکارهێنانیدا هیچ زیانێکی نییە و دەتوانرێت بێ هیچ پارێزەرێک دەستی لێبدرێت.
قوڕ پاڵەوانی بیناسازی بەردەوامە لە داهاتوودا، تاکە ماددەیە کە دەتوانرێت چەند جارێک بەکاربهێندرێتەوە بەبێ ئەوەی هیچ وزەیەک بەکاربهێندرێت و لە ڕاستیدا تا زیاتر بەکار بهێندرێت باشتر دەبێت.
بەکارهێنانی قوڕ بۆ بیناسازی دەبێت بە شێوەیەکی بەردەوام ئەنجام بدرێت و نابێت بەردەستبوونی زەوی بۆ گەشەکردنی بەرهەم کەمبکاتەوە، پێشبینی دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی جیهان تا ساڵی ٢٠٥٠ بگاتە ٩.٧ ملیار کەس، ئەمەش فشارەکان لەسەر وشکانی زیاد دەکات و پسپۆڕان بەدوای ڕێگاچارەسەری گونجاودا دەگەڕێن.
بینای تەندروست و خۆڕاگر
تەلارسازەکان دەڵێن یەکێک لە باشترین سیفەتەکانی بینا قوڕەکان ئەوەیە کە لە وەرزی زستاندا گەرمە و لە هاویندا فێنک دەبێتەوە، دیوارەکانی قوڕ بارستەیەکی گەرمی بەرزیان هەیە، واتە هێواش هێواش گەرمی هەڵدەمژن و هەڵیدەگرن، ئەمەش ڕێگری دەکات لە زۆر گەرمبوونی ماڵەکە.
تەلارسازێکی ئەمریکی گرنگی بە پڕۆژەکانی نۆژەنکردنەوە دەدات، دەڵێت: "دیوارە قوڕەکان لە ڕۆژدا گەرمی لە تیشکی خۆر کۆدەکەنەوە و لە شەودا بڵاوی دەکەنەوە، پلەی گەرمی هەرگیز ناگۆڕێت و هەمیشە لە ئاستێکی ئاسوودەدایە"
لە راپۆرتێکی ساڵی ٢٠٢١دا، لیژنەی وردبینی ژینگەیی بەریتانیا پێشنیاری بەکارهێنانی ئەو کەرەستانەی کردووە کە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوامی دەبێت و دەمێنێتەوە وەک گڵ لەسەر بنەمای ڕیشاڵی سروشتی، دەتوانرێت بەکاربهێندرێت بۆ باشترکردنی عەزلی ماڵەکانی ئێستا.
بە بەراورد لەگەڵ ئەو بینایانەی کە لە کۆنکرێت یان کانزای شەپۆلدار دروستکراون، بیناکانی خشتی قوڕ پلەی گەرمی ناوەوەی تاڕادەیەک بە جێگیری دەهێڵنەوە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا و بەم شێوەیە ئاسوودەیی گەرمی زۆر باشتر بۆ دانیشتووان دابین دەکەن، دیوارە ئەستورەکانی خشتی قوڕ، ئاستی ژاوەژاوی دەرەوە یان تەنیشت ماڵەکە کەمدەکەنەوە.
قوڕ کونیلەدارە و ڕێگە بە شێ دەدات بچێتە ناو ماڵەوە، ئەمەش کوالێتی هەوای ناوماڵ باشتر دەکات، زەوی توانای هەڵمژینی شێی زیادەی هەوای هەیە، هەربۆیە دەوترێت ئەم خانووانە هەناسە دەدەن.