زەهرا دەیەوێت ڕێچکەی زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردی بگرێتەبەر

ژنانی کورد هەر لە کۆنەوە گرنگیان بە کەرەستەی جواکاری و چنینەکان داوە بۆ زیندوو هێشتنەوەی کولتووری کوردی، زەهراش دەیەوێت ڕێچکەی ئەو ژنانە بگرێتە بەر.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- دەستڕەنگینی و گرنگی دان بە کولتوور و هونەر هەمیشە لەگەڵ ژنانی کوردا ئاوێزان بووە، چونکە لەسەر دەستی ژنان کوتلتوور زیندوو دەهێڵدرێتەوە و نیشاندانی کۆمەڵگەکانی تر دەدرێت.

 

بوون بە خاوەنی کاری سەربەخۆ ئامانجی زەهرا بوو

زەهرا نەوزاد، ژنێکی گەنجی خەڵکی شارباژێڕە و هەر لەوێش مامۆستایە و لە ئێستادا لە شاری سلێمانی دەژی، ماوەی سێ ساڵە دەستی کردووە بە دروستکردنی کاری دەستی، لە سەرەتای دەستکردنی بە کارەکەی گوڵی یەخەی دروست دەکرد، کە یەکێکە لەو کەرەستە جوانکارییانەی ژنانی کورد هەر لە کۆنەوە بەکاریان هێناوە.

 

زەهرا کاتێک لە ساڵی ٢٠١٨ خوێندن تەواو دەکات، هیچ کارێک نییە بیکات، بۆیە بڕیار دەدات ببێتە خاوەن کاری سەربەخۆی خۆی، دواتر دەبێت بە مامۆستا، لە ئێستاشدا هەموو کەرەستەیەکی جوانکاری سەر جلی کوردی و کارێكی دەستی دروست دەکات، لە پلانیدا هەیە بۆ نەورۆزی داهاتوو چەند کارێکی چنینی تایبەت بکات.

 

"ژنان هەر لە کۆنەوە گرنگیان بە کولتووری کوردی داوە"

زەهرا نەوزاد دەڵێت: هەر لە کۆنەوە ژنانی کورد دەستڕەنگین بوون و گرنگیان بە کەلوپەلە کولتوورییەکان داوە وەک کڵاوزەڕ و کۆڵوانە، خۆشبەختانە لەم ساڵانەی دوایدا بەکاردەهێنرانەوە و لە پلانمادا هەیە لەو بوارەدا کارەکانم قوڵتر بکەمەوە، وەک چۆن لە کۆندا هەر ژنێک توانیویەتی لە بوارێکدا خۆی ببینێتەوە.

 

بەو پێیەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا دەرکەوتنی ژنان بە عەیبە دادەنرێت بەهۆی دابونەریتەوە، بەڵام باوکی زەهرا پاڵشتی دەکات تا گرنگی بە کارەکەی بدات و پێشبکەوێت، تاکە ڕێگری هاتبێتە ڕێگەی زەهرا دەستکەوتنی پێداویستییەکانی چنین بووە، زەهرا هەرچەندە مامۆستایە، بەڵام ئەو مامۆستایی وەکو ئەرک دەبینێت و هەقی خۆی دەدا بە هەردوو بوارەکەی.

 

قسە و هاندانەکانی خەڵک وا لە زەهرا دەکات بەردەوام بێت لەسەر کارەکەی

زەهرا دڵخۆشە بەوەی لە ماوەی کارکردنیدا زیاتر لە ١٠٠ جۆر فەقیانە ڕاگری دروست کردووە، جگە لەوەش کاری حێل و مێخەک و ئاشقبەندیش دەکات، کە هەر لە کۆنەوە ژنان بەکاریدەهێنن، وەک خۆی دەڵێت: جێگەی خۆشحاڵیە توانیومە ببمە ڕێنیشاندەر بۆ ژنانی چواردەورم و هاوکاریان بکەم، ئەگەر بە قسەیەکیش بێت حەزەکەم پشتگیری لە ژنان بکەم بۆ ئەوەی ببنە خاوەن کاری خۆیان.

 

 زەهرا نەوزاد باسی لەوەکرد، بۆ دروستکردنی هەر پارچەیەک کاتێکی زۆرم دەوێت، هەندێکجار ٧ ڕۆژم دەوێت و هەندێک جاریش ٢ سەعات، ئەم ئیشەم هەرچەندە داهاتیکی وای نییە، بەڵام توانیومە پێداویستییەکانی خۆمی پێ دابین بکەم و بەشێک لە داهاتەکەی تەرخان بکەم بۆ گەورەکردنی ئیشەکەم، کاتێک خەڵک کارەکانم دەبینن و دەستخۆشیم لێ دەکەن ئەوە هاندەرێکی گەورەیە بۆ من و وا دەکات بەردەوام بم لە سەر کارەکەم.