کۆشکی پۆتالا لە چین بەرزترین کۆشکە لە جیهاندا

کۆشکی پۆتالا لە چین خاوەنی مێژویەکی دێرینەوە و تەلارسازی نەتەوەی هان وتبت نیشاندەدات و مێژوو، کلتوور و ئاینی خەڵکی ناوچەکە دەگێڕێتەوە، لە ئێستادا لە وڵاتی چین یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکان و لە لیستی شوێنەوارە کەلەپورییەکانی یونسکۆدا تۆمارکرا.

بێریڤان کەمال

 

ناوەندی هەواڵ- شوێنەوارە مێژووی و کەلەپوورییەکان لە سەرجەم ناوچەکانی جیهاندا خاوەنی مۆرکی ئەندازیاری و تەلارسازی تایبەتە کە لێکۆڵینەوە لێیان زانیاریی مێژووی، کلتوور، فەرهەنگ، ئاین و شوناسی ئەو نەتەوەیە نیشاندەدات.

 

کۆشکی پۆتالا لە چین بە زمانی سانسکزیت بە واتای کۆشکی پیرۆز دێت، لەلایەن پاشا سانگستۆن گامپۆ لەسەدەی حەوتەمدا دروستکراوە، تا ساڵی ١٩٥٩شوێنی ژیانی دالای لاما بووە، کە ڕابەری ئاینی نەتەوەی تبت بوو، تا ئەو ساڵە کە دالای لاما چووە وڵاتی هیندستان، لە ئێستادا ئەو کۆشکە بووە بە مۆزەخانە و ساڵانە گەشتیاران لە چەندین وڵاتی جیاوازەوە سەردانی دەکەن.

 

کۆشکی پۆتالا لە ناوەندی گوندی لهاسا لە سەر چیای سوور دروستکراوە کە ٣٧٠٠ مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە، بەرزییەکەی زیاتر لە ١١٠ مەترە و ڕووبەری ١٣٠ هەزار مەتر دووجایە، لە ئێستادا لە وڵاتی چین یەکێکە لە شوێنە گەشتیارییە سەرنجڕاکێشەکان و لە ١٣ نهۆم پێکهاتووە، شوێنی پەرستش، قوتابخانەی ئاینی، هۆڵی گەورە، بەشە ناوخۆیی و حەوشە لەخۆدەگرێت، ئەم کۆشکە تەنها بەرد، تەختە و گرانێت بۆ دیوارەکانی بەکارهاتووە، تەلارسازی ئەم کۆشکە لە سێ بەش پێکهاتووە:

 

بەشی یەکەم کۆشکی سوورە کە دەکەوێتە ناوەڕاستی بیناکەوە، بە تەواوەتی بۆ خوێندنی ئاینی تەرخانکراوە، ژمارەیەکی زۆر هۆڵی گەورە، شوێنی پەرستش و کتێبخانەی تێدایە.

 

بەشی دووەم هۆڵی گیوانمانی گەورەیە، دەکەوێتە لای ڕۆژئاوای بیناکە و گەورەترین هۆڵە لە کۆشکی پۆتالا و دیوارەکانی ناوەوەی چەندین وێنە و تابلۆی جوانی لەسەر نەخشێنراوە.

 

بەشی سێیەمیش کۆشکی سپییە، کە دەکەوێتە لای ڕۆژهەڵات، پێشتر بینای ئۆفیسی حکومەتی تبت بووە، ئەم بینایە بە ڕەنگی سپی دروستکراوە تا وەک سیمبولی ئاشتی و ئارامی لێی بڕوانرێت، کۆشکی سپی لە سەردەمی دالای لامای پێنجەم دروستکراوە کە لەگەڵ حوکمەتەکەدا لە ساڵی ١٦٤٩ هاتنە ناویەوە.

 

پاشان لە سەردەمی دالای لامای سیانزدەیەمدا لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا تاوەکو کاتی ئێستا ئەو کۆشکە بەرەو فراوانکردن ڕۆشتووە و چەندین ژووری بۆ ژیانکردن، نوسینگە، قوتابخانەی ئاینی، چاپخانەی تێدایە و حەوشەیەکی زەردی گەورەی تێدایە کە لە کۆشکی سوور جیای دەکاتەوە.

 

یونسکۆ لە ساڵی ١٩٩٤دا ئەم کۆشکەی بە میراتێکی بەنرخ ناساند و لە لیستی شوێنەوارە کەلەپووریەکانی جیهاندا تۆماریکردووە، ساڵانە گەشتیارێکی زۆر سەردانی دەکەن و لە ساڵی ٢٠٠٣ بەدواوە ئەم کۆشکە تەنها بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە ڕۆژێکدا کراوەیە و ژمارەی گەشتیارەکان سنووردار دەکات بۆ ١٦٠٠ گەشتیار لە ڕۆژێکدا بۆ ئەوەی قەرەباڵغ نەبێت، دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٦ دا نۆژەنکرایەوە، سەردانکردنی سەربانەکەی قەدەغەکرا بۆ ڕێگەگرتن لە زیانگەیاندن پێی.

 

ڕاستیەکان دەربارەی کۆشکی پۆتالا

ئەم کۆشکە لەسەر گرد دروستکراوە تا تێکەڵبوونی تەلارسازی هان و تبتییەکان نیشانبدات.

کۆشکی پۆتالا هەشت هۆڵی ماتەمینی هەیە، کە گۆڕەکانی دالایی لامایان لێیە و ئەم دۆمانە بە پەڕەی زێڕ داپۆشراون و بە خشڵ ڕازێنراونەتەوە.

کۆشکەکە زیاتر لە ١٠٠٠ ژووری هەیە کە دەیان هەزار کەسایەتی ئایینی تێدایە.

لە ساڵی ١٩٥٩دا کۆشکەکە لە کاتی ڕاپەڕینی تبتدا لە دژی چینیەکان کۆمەڵێک زیانی لاوەکی بەرکەوت و پەنجەرەکانیشی لەلایەن چینیەکانەوە تۆپباران کرا و هەروەها لە کاتی شۆڕشی ڕۆشنبیری لە ساڵی ١٩٦٦دا زیانی بەرکەوت و تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ هەزار بەرگی کتێب و بەڵگەنامەی مێژوویی و کاری هونەری لەناوچوون.