لە ماوەی ٤ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا هونەری ژنان نمایشکرا

ئەو هونەرمەندانەی بەشدارییان لە دووەمین فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم کرد، ڕایانگەیاند کە لە ماوەی ٤ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا داهێنان و ئاست و بەرهەمهێنان و هونەری ژنانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نمایشکرا.

بەرچەم جودی

 

کۆبانێ- تەڤگەری هیلالی زێڕینی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا دووهەمین فێستیڤاڵی شەهید بەرچەم بۆ کولتوور و هونەری ژنانی پێکهاتەکانی نیشتەجێی ناوچەکە لە ٦ تا ٩ی ئەیلول ڕێکخست.

 

فێستیڤاڵەکە کە لە شاری کۆبانێ لە کانتۆنی فورات بەڕێوەچوو، لە ماوەی ٤ ڕۆژدا بەرنامەی زۆر دەوڵەمەند لەلایەن پێشەنگاکانی تابلۆ و کاری دەستی و گۆرانی و شانۆگەری و هەڵپەڕکێ و هۆنراوە و دۆکیۆمێنتاری پێشکەشکرا، لە میانی فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە ٣٠٠ ژنی کورد، عەرەب، تورکمان، چەرکەس و ئەرمەنی ئامادە بوون بۆ ئەوەی بە هونەرەکەیان هێزێکی گەورە دروست بکەن.

 

"ئێمە شۆڕش و کولتووری و هونەرمان بەرەوپێش دەبەین"

هونەرمەند سومەییە محەمەد کە بە گۆرانی فەلسەفەی "ژن، ژیان، ئازادی" ناسراوە، ڕایگەیاند کە ژنان شۆڕشی هونەریی ژنانیان لە فێستیڤاڵەکەدا نیشاندا، فێستیڤاڵەکەمان ئەمساڵ چەندین خاڵی تایبەتی هەیە، لەنێویاندا بەشدارییەکی دەوڵەمەندی ژنانە، بۆ یەکەمجار دوو ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد، بەڵام لەبەرئەوەی ئەزموونێکی نوێ بوو بۆ ئێمەی ژنان کە فێستیڤاڵێکی لەم ئاستە سازبکەین، هێشتا کێشەی زۆرمان هەبوو، ئەمەش لەسەر بنەمای هۆشیاری کۆمەڵگەی کولتووری کە هەمیشە فەرهەنگ و هونەر و ئەدەب و بەرهەمەکانی ژنان پشتگوێ خستووە. لە ساڵانی سەرەتای شۆڕشدا ژنان هەنگاوی گەورەیان ناوە لە بواری هونەردا، کە بینیمان خۆیان مۆسیقا و تێکست دەنووسن، بەرهەمەکانیان پەرەپێدەدەن. بەڵام هێشتا لە زۆر بواردا کەمی ژنان هەیە، ئێستا لە فێستیڤاڵی شەهید بەرچەمدا ئاستی گەشەسەندنی ژنانی هونەرمەند لەگەڵ شەپۆلەکانی شۆڕشی ژناندا دیارە، تەنانەت دەتوانم بڵێم ژنان شۆڕشێکی دیکە لە بواری کولتووری و هونەردا دەکەن.

 

"ڕێبەر ئاپۆ ئیرادەی گەڕان بەدوای حەقیقەتی لە ئێمەدا دروستکرد"

 

سومەییە محەمەد ڕایدەگەیەنێت کە ڕۆڵێکی کارا لە شکاندنی سیستمی ئیمرالی بگێڕن و وتی: بەرنامەکانی فێستیڤاڵەکە و میوزیک و هەڵپەڕکێکان نیشانیان دا کە گۆڕەپانی هونەری بەشێکە لە ژنان، بە تایبەتی ژنانی عەرەب، چەرکەسی، تورکمان و ئەرمەنی توانییان بە نواندن و گۆرانی و هەستەکانیان دەرببڕن و لەسەر شانۆ نوێنەرایەتی کولتوورەکەیان بکەن، ئەم پێشهاتانەی کە ئێمە ئەزموونی دەکەین، کە ئێمە وەک شۆڕشێک سەیری دەکەین، لەسەر ئایدۆلۆژیای ڕێبەر ئاپۆ دامەزراوە، لە ژناندا ئیرادەی خەباتکردن بۆ حەقیقەتەکەیان پەرەپێداوە، هەر بەو هۆیەشەوە فێستیڤاڵەکەمان کە ٤ ڕۆژی خایاند و بەرنامەیەکی زۆر دەوڵەمەندی لەخۆگرتبوو، پێشکەشی ڕێبەر ئاپۆ کرا، ئێمە وەک هونەرمەند لەم چوارچێوەیەدا سنووردار نابین و لەسەر بنەمای هەنگاوی "ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەرێک بۆ کێشەی کورد" درێژە بە کارەکانمان دەدەین بۆ ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ.

 

"ناساندنی هاوبەش دەبێتە زەمینەی یەکگرتوویی هونەری ژنان"

لیلیانا کۆمەجیان، ئەندامی گروپی هەڵپەڕکێی ئارتساخی ئەرمەنی، کە لە چوار ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا کولتووری نەتەوەکەی بە کۆمەڵگە ناساند، وتی: ئەمە یەکەم ئەزموونی ئێمەیە وەک ژنانی ئەرمەنی بەشداری فێستیڤاڵێک بە جلوبەرگەکانمان، کولتوور و هەڵپەڕکێکەمان بکەین، هەرچەندە ئەزموونێکی نوێ بوو، بەڵام بۆ ئێمە زۆر باش و مانادار و سەرکەوتوو بوو، بە تایبەت لە ماوەی ٤ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا زانین و تێگەیشتنێکی قووڵتر لە کولتوورەکانی یەکتر دروستبوو، خەڵک هێشتا ئێمەیان دەناسی، بەڵام ئەمە ڕێککەوتێکی باش بوو، هەر لەبەر ئەم هۆکارە زۆر خۆشحاڵین کە وەک ژنانی ئەرمەنی ئێمەش جێپەنجەی خۆمان لەسەر فێستیڤاڵەکە بەجێهێشت و جێگەی خۆمان لە مۆزەخانەی هونەری ژنان گرتەوە.

 

هونەرمەند بێریڤان بۆتان سەرنجی بۆ مانای بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە لە شاری کۆبانێ ڕاکێشا و وتی: لە ماوەی ٤ ڕۆژی فێستیڤاڵەکەدا تیشک خرایە سەر داهێنەری ژنان لە بواری کولتووری و هونەر و نیگارکێشی و بەرهەمی دەستی ژنان،  کۆکردنەوەی کار و جوانی ئەم ژمارە زۆرەی ژنان لە شاری کۆبانێ کە بە ناوەندی شۆڕشی ژنان ناسراوە، مانایەکی گرنگی هەیە و ناوەڕۆکێکی گرنگی هەیە. ئەم شۆڕشەی ئێمە باسی دەکەین دەرفەتێک بوو بۆ ئێمەی ژنان کە لە دژی سیستەمی حوکمڕان و عەقڵیەتی دواکەوتوو بوەستینەوە، وەک چۆن چەمکی بەرەنگاربوونەوە و بەرگریکردن لەخۆیان لە ژناندا پەرەی سەند، دەشتوانن لە ڕێگەی جلوبەرگەکانیانەوە دژی زۆر هێز بجەنگن، لە هەمان کاتدا ئەو ژنانەی کە شوناس و حەقیقەتی خۆیان لە هونەردا دۆزیەوە، بوونە بەشێک لە هەمان خەبات. دەتوانین بڵێین بە پەرەپێدانی شۆڕشی ژنان لە ڕووی فەرهەنگ و هونەرەوە، دەتوانین بە هاوپشتی ژنان پەرە بە چەندین لایەنی شۆڕش بدەین.

 

"ئێمە پێشەنگ دەبین لە پاراستنی کولتوور و هونەرەکەمان"

بێریڤان بۆتان باسی لە سیاسەتی پەدەکە کرد، کە ڕێگری لە هونەرمەندان ئامال مەسلوسی تونسیی و شادی غوڵامی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کرد، کە بە باشووری کوردستاندا بچن و بەشداری فێستیڤاڵەکە بکەن، لەو بارەیەوە وتی: حکومەتی باشووری کوردستانیش هەمان ئەو عەقڵ و سیاسەتە بەکاردەهێنێت کە ئامانجی لەناوبردنی کولتوور و بوونی کوردە بەم کردەوانە، ئێمە بۆ هەردوو هونەرمەندەکە دەڵێین ئێوە لە دڵی ئێمەدان و وەک ئەوەی لەگەڵ ئێمە بەشداریتان کردبێت مامەڵەمان کرد، بۆ حکومەتی باشووری کوردستان دەڵێین کارەکانتان نەبووە ڕێگر لەبەردەم سازدانی ئەم فێستیڤاڵە و ئیرادەی ئێمەی لاواز نەکرد.